06/03/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
ئایا پێویست بو مەسعود بارزانی هەڕەشە بکا؟
نەخێر؛ چونکە شەقامی کوردیی تا ئێستا پشتیوانییەکی ئەوتۆی مەسعود بارزانیی سەرۆکی هەرێمی نەکردوە تا ئاسان بتوانێ هەڕەشە لە بەغدا بکا. هێزە براوەکانی هەڵبژاردنیش، بەتایبەت گۆڕان، هێشتا یەکلایینەبونەتەوە تا پشتیوانیی مەسعود بارزانیی سەرۆکی هەرێم بکەن لە دژی بەغدا. ئەگەر کابینەی نوێش لە زوترین کات دا رانەگەیەندرێ، دیسان زەحمەتە قەناعەتیان پێبکرێ تا پشتیوانیی بارزانیی بکەن. یەکێتی رون دیارە کە لای مالیکیی و ئێران بەرنادا و دەزانێ لە عێڕاق دا هێشتا مالیکیی بەهێزترین کەسایەتیی سیاسییە و لە هەڵبژاردنی داهاتوش رونە کە دەیباتەوە. تورکیا هێشتا ئامادە نییە نەوتی هەرێمی کوردستان بفرۆشێ چونکە نایەوێ ریسک بە بەرژەوەندییەکانی بکا لە عێڕاق دا لەلایەک، لەلاکەی تریش، ئەگەر عێڕاق دژی تورکیا لە دادگایەکی نێودەوڵەتیی سکاڵا بکا، وەک چۆن دەمێکە هەوڵی بۆ دەدا و چەند کۆمپانیایەکی گەورەی جیهانیی راوێژکاری یاسایی گرتوە، لەوانەیە بباتەوە. ئێران لە پشتی گەمەکەیە بەوپێیەی دەیەوێ سنورێک بۆ پەلهاوێژیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان دابنێ. لەوە هەر گەڕێ بە سیاسەتەکانی مەسعود بارزانیی دڵخۆش نییە. لەڕوی ئابوریشەوە، هەرێمی کوردستان دەرکەوت بەرگەی دو مانگ وەستانی بودجە ناگرێ و ئابوریی هەرێمی کوردستان بناغەکەی لەسەر بۆشە.
لە حکومەتی بەغدا دا، کۆمەڵێک وەزیر و بەرپرسی باڵای کورد هەن. ئەوانە تا ئێستا جورئەتی ئەوەیان نەکردوە بەرامبەر مالیکیی دو قسەی جدیی بکەن. ئەگەر مالیکیی پێشێلکاریی دەستوریی کردوە، کە کردویەتی، پێویست بو لەڕێی پارلەمانەوە بانگهێشتبکرێ. وەزیرە کوردەکان پێویست بو لای کەم بەیاننامەیەکی هاوبەشیان دەرکردبوایە. لای کەم پێویست بو بارزانی وەک چۆن مالیکیی بۆ گەلانی عێڕاق کێشەکانی رونکردنەوە، ئەویش کێشەکانی بۆ گەلی کورد رونکردبانەوە.
لە سیاسەت دا، هەڕەشەکان ئەگەر زۆر بون و هیچیان نەچونە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوا متمانە لەنێوان گەل و سەرکردایەتیی لاواز دەبێ.
هەرێمی کوردستان هەڕەشەکانی سەرکەوتو نابن ئەگەر ئەو چەندە مەسەلەیەی سەرەوە بە گرنگییەوە رەچاونەکرێن.
لە هەمو ئەمانە گرنگتر، بارزانی خۆی رەخنە لە مالیکیی دەگرێ لەوەی تاکلایەنانە بڕیاردەدا، ئایا خۆی رای لەگەڵ هیچ سەرکردەیەکی کوردیی و میدیا دا گۆڕیوەتەوە تا ئەو سیاسەت و جوڵەیان بۆ رونبکاتەوە کە دوای هەڕەشەکە دەیگرێتە بەر؟
کورتەی قسان؛ بارزانی بەتەنها ناتوانێ هەڕەشەبکا ئەگەر گەل و هێز و لایەنە سیاسییەکانی لەگەڵ نەبن. بۆ ئەمەش، بەر لە هەر شتێک، چاکسازیی لە ناوخۆی وڵات دا مەرجی ئەو پشتیوانییەیە.
له(f) كمال چۆمانى