گۆڕان: بێ وەزارەتی ناوخۆ بەشداری ناکەین
03/03/2014 نوسەر: bzavpress

گۆڕان: بێ وەزارەتی ناوخۆ بەشداری ناکەین


هەڵسوڕاوێکی بزووتنەوەی گۆڕان ئاشکرایکرد بزووتنەوەکەیان ئۆقرەی لێبڕاوە بۆ چاوەڕوانیی پێکهێنانی کابینەی هەشتەم و ئەگەر وەزارەتی ناوخۆیان پێنەدرێ بەشداری حکومەت ناکەن.

بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێ: ھاوشێوەی ئەگەری بەشداریکردنی لە کابینەی ھەشتەم، ئەو ئەگەرەیش لە ئارادایە ببێتەوە بە ئۆپۆزسیۆن. کاربەدەستانی ئەو بزووتنەوەیە خۆیان یەکلایی کردۆتەوە "ئەگەر وەزارەتی ناوخۆی پێنەدرێ، ئەوا بەشداریی لە کابینەی ھەشتەمدا ناکەن."

 عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمان و ھەڵسوڕاوی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی بزووتنەوەکەیان لە دواخستنی پێکھێنانی کابینەی ھەشتەم، تەواو قەڵس بووە و پێناچی زۆر لەو ماوەیەی ئۆقرەی گرتووە بتوانێ درێژە بە چاوەڕوانییەکانی بدا.

عەلی زیاتر گوتی:" گۆڕان وای دانەناوە بەھەر نرخێک بووە بەشداری لە کابینەی ھەشتەمدا بکا، بەڵکو بەلایەوە گرنگە ئیستیحقاقی وەکو ھێزی دووەم رەچاو بکرێ. لەبەر بەرژەوەندیی گشتیی، بۆ زووتر پێکھێنانی کابینەی ھەشتەم و لابردنی کۆسپ و ئاستەنگەکان رازی بوو دەستبەرداری پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت بێ کە ئیستیحقاقی خۆی بوو."