27/02/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
ئەنفال و ئەخلاقى کورد
لە سەرەتاى ساڵى (2011) ،پرۆژەیەکم بەناونیشانى " چۆن ئەنفال ببەینە نەتەوە یەکگرتوەکان" ئامادەکرد،پێکهاتبو لە: توێژینەوەیەکى (250) لاپەڕەیی،لەسەر ئەنفال و جینۆسایدى کورد،نزیکەى (3000) وێنەو بەڵگەنامە، بڕیارى دادگاى باڵاى تاوانەکانى عێراق کە لەساڵى (2008) ئەنفالى وەک جینۆساید ناساندووە . لەم پرۆژەیەدا لەگەڵ هەریەکە لە : کاک دیندار زێبارى،گۆران ئەدهەم قایمقامى هەڵەبجەو،ژمارەیەک پەرلەمانتار کۆبومەوە،هەر خۆشم هەموو شتەکانم لەبیناى پەرلەمان ڕادەستى "کەمال کەرکوکى" سەرۆکى ئەوساى پەرلەمان کرد،بێ ئەوەى پێم بڵێت دەستت خۆش بێت،وەک گەنجێک هەوڵێکى باشت داوە،وتى : من پێشوتر وەعدم پێداوى لەم کارە هاوکارت بم،ئێستا دەبێت هەڵوەستەیە لەسەر ئەم قەزیەیە بکەم .!.(وەک بڵێی ئەو لە باپیرى من تێکۆشەر تربوبێت) بەهەرحاڵ دوو ساڵ دواى ئەوە بیستمان، بۆچى پارتى نەى ویستووە ئەنفال بچێتە مەحفەلى دەولى،گوایە قەتڵ و عامى بارزانییەکان لەو هەشت قۆناغەى ئەنفالدا نەبووە .
(22) ساڵە: وەزارەتى مافى مرۆڤ و کاروبارى شەهیدان لەم هەرێمە هەیە،(22) سانتیم لەقەزیەى ئەنفال نەچۆتە پێش،تەنها مووچەى داوەو زەوى و سولفەش بۆکەس وکارى ئەنفالەکان .ئەمەش وەک هەنگاوەکانى تریان بۆ بەرخۆرکردنى کۆمەڵگەیە.نەک وەگەڕخستنى .ئاخر قوڕپێوانى ئەوێت لە ئینتەرنێت "گۆگڵ" بنوسی "ئەنفال" هیچ دۆکۆمینت و توێژینەوەیەکت نەداتێ،گۆگڵ وەک ئەڵێن سەرى هارو مارى ئەم کەونەى تیایە بۆچى ئەنفالى کوردى تیا نییە ؟.بۆچى هۆڵۆکۆستى جولەکەکان و کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان،سربەکان،دەنگدانەوەى جیهانى گەورەى هەیە،ئەنفال نییەتى .
بەپێی ووتەى "مۆفەق ڕوبەیعى" ڕاوێژکارى ئاسایشى سەدام حوسەین،لەو کارەساتە (200000) دووسەد هەزار کورد لەناوچوون، توخوا ئەگەر گەلێک بەقەد ئەندازەى بەکتریایەک ئەخلاق و مۆراڵى هەبێت،لەدواى کوێرکردنەوەى دێیەکان و کانیاوەکانى،لەدواى وەها زامێکى گەورەوە،تەنها بەچەند ساڵکى کەم بەرئەبنەوە گیانى یەکترو شەڕى ناوخۆ ئەکەن ؟.شەڕى ناوخۆى یەکێتى و پارتى بەقەد ئەنفال و زیاتریش گورچکبڕە.ئەمان گوێچکى دیلى یەکتریان ئەبڕى .ئاى خودایە ئەمانە چییان کرد !
ئەنفال،هەربۆخۆى پرۆژەیەکە بۆ سەربەخۆبونى کورد،بەس کورد هەموو ساڵێک بۆ درۆو خۆبادان و موزایەداتى حزبى و ئایدۆلۆژی،چەند سەعاتێک یادى ئەکەنەوەو تەواو،من لەو پرۆژەیەدا ویستم (3) کارى گەورەبکەم :
یەکەم: لەڕووى نێودەوڵەتییەوە،بەپاڵپشتى حکومەتى عێراقى (ئەوکات شیعەکان زۆردۆستى کورد بون هەمان ئازاریان هەبو،ئەمانتوانى وەبەرهێنانى سیاسیی تیابکەین) ئەم کەیسە ببەینە نەتەوەیەکگرتوەکان،بۆئەوەى ئەنفال و گازبارانى هەڵەبجە بەجینۆساید بناسرێت .
دووەم: کە بەجینۆساید ناسرا،زەمانەتێک دەبێت تاجارێکى تر ئەم گەلە تووشی وەها نەهامەتیەک نەبێتەوە،هەمیش نەتەوەیەکگرتوەکان چۆن قەرەبووى دا بەکوێت،چۆن فەڕەنسییەکان داواى لێبوردنیان لەلیبیەکان کرد،ئاوها قەرەبوو بدرێتە کورد،وە داواى لێبوردن بکرێت .
سێهەم: ئەمویست ئەوە ببێتە سەرەتایەک کە ئەنفال بە دامودەزگا بکرێت،دوو ناوەندیی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون،لەسەر ئەم پرسە لەکوردستان هەبن . هەى هاوار چۆن ئەبێت بەڵگەنامەکانى تایبەت بەئەنفال بفرۆشێن بەئەمریکییەکان ؟ چۆن دەبێت حزبە گەورەو بچوکەکان تەسفییەى حیسابى یەکترى بەم بەڵگەنامانە بکەن ؟.لەدواى پرۆسەى ئازادییەوە بەرپرسانى هەرێم (18) تۆن بەڵگەنامەیان دەست کەوتووە لەسەر ئەنفال کوا ؟ چاوەڕێ ئەکەن تەلەف بکرێن ؟ بیسوتێنن ؟.ئەنفال پرسێکى نیشتمانییە.نەک حزبیی .
لەکۆتاییدا،بەباشمزانى ئەمساڵ،پێش ئەوەى ببێتە فەوزا لەیادى ئەنفالدا،بەچەند ڕۆژێک ئەم قسانەى خۆمتان پێشکەش بکەم .