23/02/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
ئەوەی تا ئێستا بێدەنگیی هەڵبژاردوە لە ململانێکانی هەولێر و بەغدا
ئەوەی تا ئێستا بێدەنگیی هەڵبژاردوە لە ململانێکانی هەولێر و بەغدا و گەماڕۆ ئابورییەکانی بەغدا بەسەر هەولێر دا، شەقامی کوردییە. هۆکار بۆ ئەمە زۆرن، زۆریشیان باسکراون، بەڵام لەپاڵ هۆکاری هەرە سەرەکیی، شکستی یەکێتی و پارتییە لە دەستەبەرکردنی مافی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دەربڕین بۆ وڵاتییانی هەرێم. هێشتاش خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دەربڕین نەبۆتە کەلتور لە کوردستان دا.
ئەگەر دەستەڵاتدارێتیی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر خۆپیشاندەران چەکی بەکارنەهێنابوایە، ئێستا خەڵکی کوردستان بە هەڵوێستێکی مەدەنییانە وەڵامی مالیکیی دەدایەوە. دوای دو دەیە لە حوکمڕانیی خۆماڵیی، وڵاتییانی کوردستان هێند بێزارن لە حکومەتی یەکێتی و پارتی، تەنانەت بە لایانەوە گرنگ نییە کە هاوشێوەیەکی سەدام حوسێن لە بەغدا هەڕەشە لە هەرێم بکا.
ئەگەر یەکێتی و پارتی لە خۆپیشاندان نەترسابونایە، دەبوایە تا ئێستا دەیان خۆپیشاندانی ملیۆنیی بۆ گێڕانەوەی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان ئەنجامدرابونایە. بەڵام بەهۆی ترسیان لە خۆپیشاندانی خەڵک بۆ داواکردنی مافەکانیان، رێیان نەدا خۆپیشاندان بۆ مافە نەتەوەییەکانیش بکرێ.
تا ئێستا حکومەتی هەرێم نەیتوانیوە بەرەنگاریی هەڕەشەکانی بەغدا بێتەوە. بەغداش جۆرێک دڵنیایی هەیە کە نە خەڵکی کوردستان و نە هێزەکانیش هێندە پشتیوانیی حکومەتی هەرێم نین تا بتوانن سنورێک بۆ هەڕەشەکانی مالیکیی دابنێن هەربۆیە هەڕەشەکان گەیشتونەتە ئەو رادەیە. لەوە هەر گەڕێ دۆخی بەغدا لەوپەڕی لاوازی دایە، ئەی ئەگەر بەغدا کێشەی ناوخۆیی و طائیفیی نەبونایە!
بۆ بەرەنگاربونەوەی مالیکیی، نە نەتەوە یەکگرتوەکان، نە کۆنسوڵخانەکان، نە جامیعەی عەڕەبی و نە مەرجەعە شیعییەکان کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نابێ ئەوەندەی خەڵکی کوردستان و یەکگرتویی هێزە سیاسییەکان کاریگەرییان دەبێ، کە هیچمان نییە.
کابینەی نوێ، دەبێ ستراتیژی سیاسەتکردنی خۆی بگۆڕێ چونکە ئەوەی تا ئێستا هەبوە شکستی نەبینراو بونە.
له"f" كمال چۆمانى