راگه‌یه‌نراوی هاوبەشی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم و نوێنه‌رانی كورد له‌به‌غدا
23/02/2014 نوسەر: bzavpress

راگه‌یه‌نراوی هاوبەشی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم و نوێنه‌رانی كورد له‌به‌غدا




ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەی هاوبەشی نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لەئەنجومەنی نوێنەران و حكومەتی فیدرالی عیراق و فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی هەرێم و حكومەتی هەرێمی كوردستان

ئەمڕۆ 23 شوباتی 2014 لەتەلاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەئامادەبوونی نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لەئەنجومەنی نوێنەران و حكومەتی فیدرالی عیراق و فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی هەرێم و حكومەتی هەرێمی كوردستان، كوبوونەوەیەكی فراوان ئەنجامدرا بۆ گفتوگۆكردن و هەڵوێست وەرگرتن لە بەرامبەر  سیاسەتی گەمارۆی ئابوری كە لەلایەن حكومەتی فیدرالی عیراقەوە خراوەتەسەر هاووڵاتیان و حكومەتی هەرێمی كوردستان .

دوای گفتوگۆكردن و راگۆڕینەوەو تاوتوێكردنی ئەگەر وپێشهاتەكان, لەكۆبونەوەكەدا بەكۆی دەنگ ئەم خاڵانەی خوارەوە پەسەند كران :
1-      هەرێمی كوردستان بەپێی دەستور بەشێكە لەعیراق  و مافی سوود وەرگرتن و بەكارهێنانی سەرجەم ئەو ماف ودەسەڵاتانەی هەیە كە لە دەستوردا هاتوون. لەناویاندا مافی وەرگرتنی  بەشە بودجەی خۆی لە داهاتی عێراق، بۆیە ناكرێت لەژێر هەربیانوویەكدا بێت بودجە ومووچەی هاوڵاتیان  وەكو كارتی فشار لەدژی هەرێمی كوردستان و هاوڵاتیانی بەكار بهێندرێت.
2-     بەردەوامبوونی دانوستان و كۆبونەوەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و عیراق لەسەر بنەمای بەرجەستەكردنی مافە دەستووریەكانی هەرێم، سەرەڕای هەبوونی بژاردەی تر لەبەردەم حكومەتی هەرێم بۆ دابینكردنی بەشەداهاتەكەی بەشێوەیەك كەمووچە و پێداویستیەكانی تری هاووڵاتیان مسۆگەر بكات.
3-   داوا لە سەرۆك وەزیرانی عیراق دەكەن كە دەستبەرداری ئەم سیاسەتە ناقانونی  و نادەستوریە ببێت و بەشە بوودجە ومووچەی هەرێم وەكو مافێكی دەستووری بۆ هەرێم بنێرێت، و لەرێگەی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ حكومەتی هەرێم كێشە هەڵواسراوەكان چارەسەر بكات.
4-      داوا لە مەرجەعیەتە ئاینیە بەرێزەكان و نەتەوەیەكگرتووەكان و دەوڵەتانی پەیوەندیدار بە عێراق وكۆنگرەی وڵاتانی ئیسلامی و كۆمكاری دەوڵەتانی عەرەب كرا كەبەرپرسیارێتی بگرنە ئەستۆ و دەسەڵاتی خۆیان بەكاربهێنن بۆ فشار خستنە سەر حكومەتی فیدرالی عیراق بۆ كۆتاییهێنان بەسیاسەتی گەمارۆدانی ئابووری حكومەت و هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان، چونكە ئەم سیاسەتە تەواو پێچەوانەی دەستور و قانون و تەواوی رێكەوتنامە نێودەوڵەتیەكان و بنەما سەرەتایەكانی مافی مرۆڤە.