22/02/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
تیپی شانۆی پێنجوێن و یادە زێڕینەکانی
ئەم بابەتەم جارێکی تر دابەزاندوە دوای کەمێك دەسکاری تەنها لە شێوەی
نوسینەکە وا ئەمجارەش دایدەبەزێنمەوە،بەو هیوایەی ئەگەر کەموکورتیەك ،
زیادوکەمێك یان کەسێکم بیر چوبێت دەتوانن بە کۆمینتەکانتان تێبینی خۆتان
بنوسن ،چونکە من هیچ سەرچاوەیەکم لا نیە تەنها وەکو بیرەوەریەك ، ئەوەندەی
کە لە بیرم بوە نوسیومە ، لەبەر گرنگی مێژویی بواری ڕۆشنبیری ئەو شارە ،تا ئەو کەسانەشی چالاکیان هەبوەو دامەزرێنەری بون ، نەبنە سەربازی ون وناویا بە زیندوی و بەرزی بمێنێتەوە.
ساڵی ١٩٧٢بو من ئەو کاتە تەنها ١٢ساڵ دەبوم ، بەڵام زۆر حەزم لە هەمو
هونەرەکان دەکرد،زۆر حەزم لە خوێندنەوەی چیرۆك و شیعر دەکرد، ئەو
شانۆگەریانەشم هەموی زیاد لە یەك جار بینیوە کە ئەو تیپە پێشکەشیان
دەکردن.هەندێك لە دامەزرێنەرەکانیشم لە نزیکەوە دەناسی.
لەو ساڵەدا
ئەم تیپە دامەزرا بە هیمەتی چەند لاوێکی خوێنگەرمی ئەو کاتە ، کە تینوی
هونەرو ڕۆشنبیری بون ، کە ئەم بەڕێزانە بون .کە بە داخەوە چەند کەسێکیان
ئێستا لە ژیاندا نەماوە.
١/کاك لطیف حمە صاڵح کە هونەرمەندی شێوەکارو
خۆش نوس بو ، ناچار زۆربەی کارە هونەریەکانی گرتە ئەستۆ ،هەر لە نوسینی
ڕیکڵامە گەورەکانەوە بە نەخشو نیگاریەوە تا ڕێك خستنی شانۆو مکیاج و
تابلۆکان و هەمو کارە هونەریە وردەکانی تریش، جگە لەوەی وەك ئەکتەریش دەوری
سەرەکی دەبینی ، چالاکترین کەسی ناو ئەم تیپە بو.
٢/شەهید عبدالکریم
محمد سعید یادی بەخێر ئەو کەسێکی زۆر قسەخۆش بو هەمیشە دەوری کۆمیدی دەبینی
،کە بە ڕاستی دەورە کۆمیدیەکانی زۆر جوان دەبینی.بەشداری دەکرد لە نوسین و
هەڵبژاردنی دەقەکان،هەندێك جار وەك دەرهێنەریش.
گیان شاد عمر محمد فرج
یادی بەخێر ئەویش زۆر چالاك بو ،ئەوکاتە سەرۆکی نەقابەکانی کرێکارانی
پێنجوێنیش بو ، جگە لەوەی کارە ئیداریەکانی ڕادەپەڕاند وەك ئەکتەریش دەوری
دەبینی، بەژداربو لە نوسینی دەقەکاندا.
٣/کاك احمد ناسراو بە ئەحا شەماڵ ، خاوەنی دەنگێکی زوڵاڵ بو زۆر کۆمیدی بو توانی سەرنجی بینەران بە لای خۆیدا ڕابکێشێ،
کاك عوسمان احمد برای کاك حمە امین پێنجوێنی ، کەسێکی خۆشەویست بو لای خەڵك وەك ئەکتەرێك سەرکەوتو بو لە دەورەکانیدا.
کاك احمد حمە ئەمین وەك ئەکتەر بەشدار بو ،زۆر بە جدی و ڕێک و پێکی ئەو دەورەی کە پێی دەسپێرا ئەنجامی دەدا.
یەکێ تریش لەو دامزرێنەرانە بەرێز حسین حاجی مەلاحمە امین ناسراو بە دڵتەڕ
،ئەم شاعیر بو وەك ئەکتەر هیچ دەورێکی نەدەبینی زیاتر کاری ئیداری دەکرد
،زۆر دڵسۆزبو بەژداری دەکرد لە هەڵبژاردنی بابەتەکان، بیرمە ئەو بلیتی چونە
ژورەوەی وەردەگرت ،یەکەم شانۆگەریش پێشەکیەکەی بە شیعرێکی ئەم کرایەوە،تا
ئێستاش دوسێ دێڕم لە بیر ماوە کە بەم جۆرەیە
ملوانکەی هەڵبەستم پێشکەشە
بەوەی هونەری لە باوەشە
هونەر مەشخەڵە تیشکە
بە تایبەت لەم سەدەی بیستە
ئەوەی دژی بێت فاشستە
ئەم تیپە هەر لەگەڵ دروست بونیدا ، چەند کەسێکی تر پەیوەند بون پێیانەوە ، وەك ئەکتەرو کاری ئیداری.
١/کاك ڕسوڵی خەلیفە کە ئەو کاتە سەرۆکی یەکێتی لاوان بو.
٢/کاك جمال حمە سعید برای کاك سنجەر ، کە زۆر بوێرانە دەوری لەیلی بینی لە شانۆگەری احمد بگی کۆماس دا.
کاك قادری ئینزبات کاتی خۆی لە گەڵ هونەرمەند ڕفیق چالاك کاری هونەری
کردبو. ئەکتەرێکی سەرکەوتو بو هەرچەندە خەڵکی پێنجوێن نەبو بەڵام بە هۆکاری
سیاسی لە پێنجوێن نیشتە جێ بوبو، جگە لەوەی پێشمەرگەبو لیژنەی ناوچەی ئەو
کاتە کردبیانە ئینزبات لە پێنجوێن،
هەندێ کەسی ترێش وەك میوان بەشداریان دەکرد لەم شانۆ گەریانەدا .
ئەم تیپە چەند شانۆگەریەکیان پێشکەش کرد کە جوان لە بیرمە ئەمانە بون ،
(من دکتۆرم ئەو فەڕاشە) شانۆگەریەکی کۆمیدی و کۆمەڵایەتی بو.کە خۆیان
نوسیبویان.
دواتر.(احمد بگی کۆماسی) ئەمەیان خۆشەویستی بو،کاتی خۆش ڕفیق چالاك نمایشی کردبو.
(عەلە ورگەی شوتی دز) کە کاك قادری ئینزبات نمایشی دەکرد. کۆمیدی بو تەنها بۆ پێکەنین.
ئەم شانۆگەریانە لە هۆڵی قوتابخانەی کچانی سەرەتایی پێشکەش دەکرا ، هەر
شانۆ گەریەك چەند ڕۆژێکی دەخایاند ، هەر ڕۆژەی دوجار نمایش دەکرا. سەرلە
بەیانیان و ئێواران.
جمهورێکی باشیان هەبو ،بلیتی چونە ژورەوە ٥٠پەنجا
فلس بو ، داهاتی ئەم بلیتانەش بەشی تێچونی شانۆگەریەکانی دەکردو شتێکیشی لێ
دەمایەوە.
گرنگ نیە ناوەرۆکی شانۆگەریەکان چۆن بوە یان لە باری
تەکنیکیەوە لە چ ئاستێکدا بوە ، گرنگی لەوەدا بو کە بۆ یەکەم جار لاوانی
ئەم شارە توانیان دروستی بکەن و سەرکەوتوش بون .
پێشتر تەنها لە بۆنەکاندا جارو بارشانۆگەری پێشکەش دەکرا ، بەڵام ئاوا لە چوارچێوەی تیپێکی ڕێکخراوەیدا نەبو.
خەڵکیش خوازیاری هونەرو ڕۆشنبیری بو بۆیە بەو گەرمیە پێشوازیان لەم تیپە کرد .
هەمو جارێك بە کاتێکی زۆر پێش دەستپێکردنی ، هۆڵەکە پڕ دەبو لە بینەر و لە
چاوەڕوانیدا بون .بەڵام پەردەی شانۆ تا کاتی خۆی هەڵنەدەدرایەوە. ناچار
لەو دیو پەردەوە گۆرانی خۆشیان بۆ لێ دەدان تا میوانەکان بێزار نەبن .جگە
لە شانۆ گەریەکان پێشەکی چەند گاڵتەو گەپێکی پێکەنین ئامێزیان پێش کەش
دەکرد.
هەمو جارێکیش دوای تەواو بونی شانۆگەریەکە ، ئەکتەرکان دەست لە
سەر سنگ بۆ جمهورەکەیان دەچەمانەوە ، ئەوانیش بە چەپڵەڕێزانی خۆشەویستی لە
ئامێزیان دەگرتن.
داخی گرانم ئەم تیپە یەك ساڵی لە تەمەنی تێ
نەپەڕاندبو جوانە مەرگ کرا، کە نازانم هۆ کارەکەی چی بو. هەزار خۆزگە بەو
کاتە زێڕینانەو یادیان هەر گەشاوە بێت.