بەهۆی ماچكردنێكی منداڵێك 10 ساڵ زیندانی دەكرێت
21/02/2014 نوسەر: bzavpress

بەهۆی ماچكردنێكی منداڵێك 10 ساڵ زیندانی دەكرێت


دادگایەكی بەحرەینی بڕیاری سزادانی هاوڵاتیەكی پاكستانی دەركرد بە 10 ساڵ زیندانیكردن و دواتریش دەركردنی یەكجاری لەم وڵاتەدا، بەهۆی ئەوەی بەزۆر ماچی كچێكی تەمەن 5 ساڵی بەحرەینی كردووە.

ئەو پیاوە پاكستانییە تەمەنی 39 ساڵبووە و لەگەڵ خێزانی ئەو كچە گرێبەستی هەبووە و هەموو رۆژێك بردوویەتیيە باخچەی ساوایان.

بەگوێرەی هەواڵەكانی رۆژنامە ناوخۆییەكانی بەحرەینش، دایكی منداڵەكە دوای ئەوەی كچەكەی بە گریان هاتووەتەوە ماڵەوە و روومەتی سووربووەتەوە، هۆكارەكەی لێپرسیوە ئەویش گوتوویەتی " شۆفێرە پاكستانییەكە گەزەی لێداوم" هەروەها منداڵەكە بە دایكی گوتووە "ئەو شۆفێرە هەمیشە هەوڵیداوە گەزەم لێبدات، بەڵام نەمهێشتووە".

لە ئەنجامیشدا دایكەكە سكاڵای لە دژی شۆفێرەكەیان تۆماركرد. دادگای باڵای تاوانەكان سەبارەت بە بڕیارەكەی رایگەیاند "دوای ئەوەی تۆمەتبارەكە دانی بە تاوانەكەیداناوە و راپۆرتی پزیشكی و وێنەی فۆتۆگرافی منداڵەكە نیشاندراون، هەروەها باوەڕەشیان بە بەهانەی شۆفێرەكە نەكردووە، لەكاتێكدا گوتوویەتی "ئەو تەنها وەك باوكێك كە ماچی منداڵەكەی بكات ماچی ئەو كچەی كردووە".

ئەمەش لەكاتێكدا ئەو پەڵە سوورەی لە روومەتی منداڵەكە درووستبووە لە ئەنجامی ماچكردنێكی ئاساییەوە دروست نابێت، بۆیە ئەم شۆفێرە تاوانبارە و بڕیاری 10 ساڵ زیندانی و دورخستنەوەی بۆ هەتاهەتایە لە وڵاتی بەحرەین دراوە.