بەشی دووەم
بنچینەکانی دەستەو تاقمە ئیسلامیەکان :
ھەرچەندە ھەندێ لە زانایانی پێشوو کێشەیان ھەیە لەسەر بنچینەکانی دەستە و تاقمە ئیسلامیەکان ، بەڵام ئێمە لێرەدا وتەی ھەندێ لەو زانایانە نقڵ دەکەین ، چونکە کێشەیان لەم بارەیەوە شتێکی ڕیشەیی وئەساسی نیە ، لەبەر ئەوە وتەی ھەرکام لەو زانایانە لەو بارەیەوە وەرگیراوەو جێی کێشە نیە بۆ ئێمە ، وەک :
١) حەفێی کوڕی حیمد دەڵێ : وتم بە عەبدوڵڵای کوڕی موبارەک ئەم ئومەتە دەبێـە چەند بەشەوە ؟ لە وەڵامدا فەرمووی : بنچینە و ڕیشەی دەستە وتاقمە ئیسلامیەکان لە بنەڕەتدا چوار بەشە : ڕ: (الشیعة) ب: ( الحروریة ) ج: ( القدریة ) د: ( المرجئة ).
یەکەمیان: دەبێتە (٢٢) بیست و دوو بەشەوە ، دووەم: دەبێتە ( ٢١) بیست و یەک بەشەوە ، سێ یەم: دەبێـە (١٦) شازدە بەشەوە ، چوارەم: ئەویش دەبێـە (١٣) سیازدە بەشەوە ، بە کورتی کۆی ھەمووی دەکاتە ( ٧٢) تاقمەکە کە لە فەرموودەکەدا ھاتووە .
٢) ئەبوو حاتەم دەڵێ : لە ھەندێ زانای ئومەتم بیستوە کە یەکەم دەستەو تاقمێک لەم ئومەتە جیابونەتەوە ئەمانەبوون: ( الزنادقة ، القدریة ، المرجئة ، الحروریة ، الشیعة) ئەمانە ڕیشەو بنچینەی تاقمە ئیسلامیەکانن ، پاشان ھەر یەکەو بوونەتە چەند بەشێکەوە، بەڵام لە بنەڕەتدا ھەر یەک دەگرنەوەو دەچنەوە سەریەک ڕێگە، تەنانەت ھەندێکیان ھەندێکی تریان کافر دەکەن..
بە ھەرحاڵ (الزنادقة): دەبێتە (١١) بەشەوە کە ( المعطلة ) و ( المنانیة ) یش لە خۆ دەگرێ، ( القدریة ): دەبێتە ( ١٦) بەشەوە ، ( المرجئة ): دەبێـە (١٤) بەشەوە ، ( الحروریة ): دەبێـە (١٨) بەشەوە ، (الشیعة): دەبێـە (١٣) بەشەوە، کۆی ھەمووی دەکاتە (٧٢) تاقم، کە لە فەرمودەکەدا باس کراوە ، بڕوانە ( الابانە ) ١/٣٨٠ –٣٨٦ .
٣) یوسفی کوڕی ئەسباط دەڵی: ئەھلی بیدەع چوار بەشن : (الشیعة) (الخوارج ) ( القدریة ) ( المرجئة)، پاشان ھەریەکەو دەبێتە (١٨) بەشەوەو کۆی ھەموویان دەکاتە (٧٢) بەشەکەوە، بەڵام ئەو بەشەی کە ماوەتەوە لە (٧٣) بەشەکە ( الجماعة ) یە، ئەو کۆمەڵەیە کە پێغەمبەری خوا "صلى الله عليه وسلم" خۆی باسی لێوە کردوون و دەفەرموێ : ئەو کۆمەڵە ڕزگار بوون، واتە: ڕزگاربوون لە ئاگری دۆزەخ بەمەرجێ: لەسەر یاساو رێسای پێغەمبەرو ھاوەڵان بن . بڕوانە ( الابانة ) ١/٢٧٧ .
وە شێخ الاسلام ابن تیمیە "رەحمەتی خوای لێ بێ " دەفەرموێ: ھەروەھایە کەعەبدوڵڵای کوڕی موبارەک و یوسفی کوڕی ئەسباط و غەیری ئەوان فەرمویانە :
کە بنچینەی ئەھلی بیدەع چوار دانەیە : (الشیعة) ( الخوارج) (القدریة) (المرجئة) ، بەڵام ئەم زانایانەو زۆرێک لە زانایانی تر پێیان وایە کە (الجھمیة) لە (٧٢) بەشەکە نیە، بەڵکو ( الجھمیة ) کافر کراون ، لەبەر ئەوە کەناوو سیفاتی خوای گەورەیان بە تێکڕایی ( تعطیل ) کردوەو ھەروەھا (الباطنیة)و (الفلاسفة)کانیش لە (٧٢) بەشەکە دەرکراون ، بەڵام ئەبوعەبدوڵڵای کوڕی حامید لە ھاوەڵانی ئیمامی ئەحمەدەوە دوو وتە نقڵ دەکات و دەڵێت : ئەو (جەھەمی)یەی کە کافر کراون ئەوانەن کە زۆر ڕۆچوون و توندڕەون ( غلاة الجھمیة)، تەنانەت تەنھا ناوو سیفاتێکیان بۆ پەروەردگار نەھێشتوەتەوە . وە دوبارە شێخ الاسلام دەفەرموێـت : وە خراپتر لە جەھەمیە توندڕەوەکان (فلاسفة و القرامطة )کانن ، کە بەڕاستی کوفری ئەمانە لە کوفری یەھود و نەصارا گەورە ترە . الفتوی / ١٧/٤٤٧ –٤٤٨ . وە ھەروەھا شێخ لە کۆتاییدا دەفەرموێت : بەلای زۆرێک لە زانایانی ( سلف )ەوە وەک: عەبدوڵڵای کوڕی موبارەک و یوسفی کوڕی ئەسباط و زۆرێک لەھاوەڵانی ئیمامی ئەحمەدو غەیری ئەوان پێیان وایە کە جەھەمییە زیادە ڕەوەکان لە (٧٢) بەشەکە نین ، بەڵکو بنچینەو ڕیشەی دەستەو تاقمە ئیسلامیەکان بەلای ئەم زانایانەو تەواوی پێشەوایانی ئەھلی حەدیس و سونەتەوە ئەم چوار تاقمەن: (الخوارج ) (الشیعة) ( المرجئة ) ( القدریة ) وە خوایش زاناترە، بڕوانە : الفتاوی ١٢/٤٨٦ –٤٨٧ منھاج السنة ٢/٢٤٨ –٢٥- مقالات الاسلامیین ١/١١٤ الحق الدامغ/ للخلیلی ٢٣-٩٦-٩٩-١٨٧
تەواوی ئەودەستەو تاقمە ئیسلامیانە لەئیسلام دەرنەچوون و تەکفیر ناکرێن :
ئەو (٧٢) بەشەی کە لە فەرموودەکەدا ھاتووە ئەھلی ئاگرن ، بەڵام ھەر ھەموویان کافر نین و لە ئیسلام دەرنەچوون ، وەک لە پێشدا باسکرا ، قال شیخ الاسلام " رحمە اللە ": ( فمن کفر من الثنتین و السبعین فرقة کلھم ، فقد خالف الکتاب و السنە و إجماع الصحابة و التابعین لھم باحسان ، مع أن حدیپ الثنتین والسبعین فرقة لیس فی الصحیحین ، و قد ضعفە ابن حزم وغیرە ، لکن حسنە غیرە، وصححە کما صححە الحاکم وغیرە وقد رواە أھل السنن .
واتە : ھەرکەسێ بە تێکڕا تەکفیری ئەم (٧٢) بەشەیە بکات ، بەڕاستی پێچەوانەی کیتاب و سوننەت و ئیجماعی ھاوەڵان و تابیعینی کردووە ... الخ ) .الفتاوی ٧/١٧ منھاج السنة / ٥ .
پاش ئەوەی کە بەگرنگمان زانی چەندخاڵێک وەک پێشەکی دەربارەی ئەو دەستەو تاقمە ئیسلامیانە باس بکەین، ئێستایش دێینە سەرمێژووی پەیدابوونی ئەو دەستەو تاقمانەو پاشان تایبەتمەندیان .
١) لە سەدەی یەکەمی کۆچیدا تا کۆتایی سەدەی یەکەم ھەر ئەم چوار بەشەیە پەیدا بوون ( الشیعة ، الخوارج ، بە بەشەکانیەوە ، القدریة ، المرجئة ).
٢) لە سەدەی دووەمی کۆچیشدا ئەمانەش پەیدابوون و زیادیان کرد: (المعتزلة ، الجھمیة ، المشبھة ) .
٣) لە سەدەی سێھەمی کۆچیشدا ئەم دەستەو تاقمانەی کە باس کران گەشەیان کردو ھەریەکەی چەند بەشێکی لێ بویەوە ، وەک ئەبوو حەسەنی ئەشعەری باسیان دەکات و دەفەرموێ : بنچینەی دەستەو تاقمە ئیسلامیەکان ژمارەیان زیادی کردو بوون بە(١٠) دە بەشەوەو ئەمانەش بۆخۆیان بەشیان لێ بویەوەو گەشەیان کرد . بڕوانە (مقالات الاسلامیین /١/٦٥).
٤) لەسەدەی چوارەمی کۆچیداو تادوای سەدەی چوارەمیش: تاقمە کەلامییەکان وە دەرکەوتن، وەک ( الاشاعرة , الماتریدیة )، وە ھەروەھا دەستەو تاقمی (تصوف)یش وە دەرکەوتن و ھەر لە (تصوف)یش: ( الالحادیة , الحلولیة , الإتحادیة )، وە ھەروەھا تاقمی ( الباطنیة ) وە دەرکەوتن و دەستیان کرد بەبڵاوکردنەوەی بیرو بۆچوونە بۆگەنەکانیان.
دەستەو تاقمە ئیسلامییەکان و نیشانەو تایبەتمەندییەکانیان:
* الخوارج / بەتەکفیر کردنی ئیمامی عەلی "ر.ض" و تەکفیرکردنی ھەندێ ھاوەڵان و ھەروەھا تەکفیر کردنی ئەوانەی توشی گوناھی گەورە دەبن ناسراون و، پێشیان وایە کەھەموو گوناھە گەورەیەک کوفرە، کەئەمەش پێچەوانەی یاساو بنەمای ئەھلی سوننەت و جەماعەتە.
* المعتزلة/ پێیان وایە: ئەو کەسانەی کەخاوەنی گوناھی گەورەن لەنێوان بەھەشت و دۆزەخدا دەمێننەوە, مەبەسیان ئەوەیە کە نەدەچنە دۆزەخەوە وە نەدەچنە بەھەشتەوە "المنزلة بین المنزلتین" وە داخستنی سیفات بۆخوای گەورەو پاشان پێشخستنی عەقڵ بەسەر کیتاب و سوننەتدا یەکێکی دیکەیە لەتایبەتمەندییەکانی ئەم کۆمەڵە گومڕایە.
* الجھمیة/ ناسراون بەداخستنی ھەموو ناوو سیفەتێک بۆپەروەردگارو پێشیان وایە کەئینسان ھەرچی کردەوەی ھەیە بەخراپەو چاکەوە لەدەستی خۆیدا نییەو زۆر لێ کراوە لەلایەن خواوە.
* المرجئة/ پێیان وایە: کەئیمان تەنھا وتەیەو گەر کرداریشی لەگەڵدا نەبێت قەیناکات, وەھەروەھا دەڵێن: ئیمان نەزیاد دەکاو نەکەم دەکات.
بەکورتیی و بەکوردی:
الخوارج/ بەتوندو تیژیی و زێدە ڕەویی و کوشتنی موسوڵمانان ناسراون.
الجھمیة والمعتزلة/ بەموناقەشە کردن و ئینکاری کردنی ناووسیفاتی پەروەردگار ناسراون.
المرجئە/ بە لاوازو زەعیف ناسراون لە ( الولاء والبراء) دا.
والحمدللە رب العالمین