19/02/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
دەسەڵاتی علوج مەلای علوج بەرهەم دەهێنێت
ئەو عەمامەو کڵاوانەی لەسەر هەندێك لە مەلاکانە کڵاوو عەمامەی ئیسلام نی یە بەڵکو کڵاو لەسەرنان و خەڵەتاندیانە دژ بە ئیسلام
لە مێژە ئەم دەسەڵاتەو مەلا بووە بە جێگەی مشتومڕی گشت کۆڕو کۆبوونەوەکان، لەسەر دەستەڵات گەورەترین خۆپیشاندان کرا کە قەبارەی وا بۆ ڕووخانی سەدامیش نەهاتە سەر شەقام، جگە لە مانەوەی لەسەر شەقام بۆ زیاتر لە دوو مانگ، هەرچەند دەسەڵات بە بڕوای خۆی خۆپیشاندان کۆتای پێهاتووە! بەڵام ڕق و قین و تەوژمی ناڕەزایەتی هەر بەردەوامەو بەبڕوای من لە کاتژمێری سفردایەو چاوەڕوان نەکراوانە لە تەقینەوەدایە.
لێرەدا دەتوانین لەو هۆکارانە بپرسین کە وایان کردووە هاوڵاتیان تووڕەبن بەرانبەر دەسەڵات... لە کاتێکدا دەسەڵاتەکە ئەمجارەیان بەعس و عەرەب و تورك و فارس نین بەڵکو کوردن! سەرۆکەکەشی جلی کوردی لەبەردایە!
ئێمە گەر وەڵامی یەك بە یەکی هۆکارەکانمان بوێت ئەوسا بە بابەت چارەسەرناکرێت پێویستی بە کتێبی قەبارە زلە زلتر لە زگی زۆر لە دەسەڵاتداران بۆ هێماکردنە سەر نەخۆشیەکان.
ئێمە لێرەدا تەنها وەڵامێکی سادەی یەکێك لەو هۆکارانە دەدەینەوە ئەویش دروستکردنی مەلای علوجە لەلایەن دەسەڵاتەوە!
ئەم پرسە پێش هەموو شت ڕەهەندێکی فکری هەیە...لە سەرەتاوە گشت ئەو حیزبانەی کە ناوی خۆیان ناوە عەلمانی و دژی مەلاو کەسایەتیە دینیەکان بوون...گەر بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای دروستبوونی عەلمانیەت و ئەو شۆڕشەکەی کە کردی دژی دین و پیاوانی کەنسە ئەتوانین تا ڕادەیەکی یەکجار زۆریش پشتگیری ئەو عەلمانیەتە بین! بۆ ؟ چونکە پیاوانی کەنیسەو بەناوی دین و مەسیحیەتەوە هیچ بەهایەکی مرۆیی، ئەخلاقی، ویژدانی، بژێوی، گشت ئەوەی کە مرۆڤەکان پێویستیان پێی دەبێت لە ژێر پێی خۆیان نەنێن و سەرکوتکەرانە دژی بەرهەڵستکارەکانیشی بوەستنەوە، لەبەر ستەمی زۆرو نادادگەریەکانی پیاوانی کەنیسە عەلمانیەت توانی پێی خۆی بەچاکی لە ڕۆژئاوادا دابکوتێت و زۆر لە سەروەری و بەها مرۆیەکان بۆ مرۆڤایەتی بگەڕێنێتەوە.
ئیتر بەو شێوە زۆرێك لە کەسایەتیە ڕۆژهەڵاتیەکانیش کە لە بنەڕەتدا خۆشیان کینەیان بەرانبەر دین هەبوو وە نەیان دەتوانی پەیڕەوی بیرۆکە دینیەکان بکەن ئەم هەلەیان بۆ خۆیان قۆستەوەو لاسای ئاسا دەستیان کرد بە شۆڕش! چونکە دەیان ووت دین هەر دینەو هەمووی کۆنەپەرستی و خورافیاتە، دەبێت سیاسەت لە دین جیا بکرێتەوە، دەبێت دین لە دەوڵەت جیا بکرێتەوە، دین بەینی خۆت و خوایە! دین واو دین ئاوا... وەك بە داخەوە ئێستەش هەندێك جار دەیبیستین.
ساڵانێکی تولانی بەو شێوەی کارکراو ئەنجامی نەبوو، بەڵکو نەك هەر ئەوە ئەو کەسانەی کە لە ڕێزی ئەو شۆڕشەشدا بوون زۆری دیندار بوو، وەك زۆرجار بە گاڵتە ئامێزو بۆ نوکتەش دەگێردرێتە کە شوعیەکان کە پیش عەلمانیەکانیش بوون نوێژکەرن، یان فڵان کەسی فلان حیزبی عەلمانی کە لە ئاستێکی باڵادایە سەری بڕوات نوێژی ناڕوات، وە لە سەروی هەموویانەوە حەج و عەمرەش دەکەن... ئەم جۆرە کارانە پێش هەموو شت هەرەسی فکری حیزبەکان بوو! چۆن دەبێت شوعی نوێژ بکات؟ عەلمانی و حەج کوجا مەرحەبا! هەموو ئەمانە بۆ چەند هۆکارێك دەگەڕێتەوە کە ئەو بیرۆکە دژ بە دینیەی عەلمانیەکان هەڵیانگرت و شۆڕشیان پێی دەکرد هەڵە دەرچوو، ئەوەتا تا ڕادەیەکی زۆر شۆڕشەکەش سەرکەوت، بەڵام خەڵکی لە قوڵای دڵیەوە دینی دەوێت، کاکە ئەم دینە ئەو دینەی مەسیحیەت نی یەو ناکرێت بەراورد بکرێت، دین هەر دینە لە ڕووی ناوەوە بەڵام ناوەرۆکەیان جیاوازە، پیاوانی ئاینی ئیسلامی ناشوبهێت بە پیاوانی کەنیسەوە چونکە مەلاکان زوڵمیان نەکردووە، کورە فەقیرانە نەك هەر ئەوە بەڵکو لە جێگەی بەزەی خەڵکیدا بوون و زەکات و سەرفترەیان پێداون... ئیتر بە کرداری عەلمانیەکان بۆیان دەرکەوت بیرۆکەکان هەڵە دەرچوون و گەر بێت و ڕێگەچارەیەك نەگرنە بەر نفوسیان کەم دەکات، نەك هەر ئەوە نامۆش دەبن لەناو کۆمەڵگەکەیاندا، هۆکاری سەرکەوتنی شۆڕشەکانیش بەشێکی زۆری بۆ بیرۆکە ئاینیەکە دەگەڕێتەوە کابر بڕوای وا بووە کە لەو پێناوەدا بکوژرێت شەهیدە، ئەوە نی یە پێشیان دەوترێت شەهید! ئەوە نی یە موچەی شەهیدانەشیان هەیە! ئەوە نی یە وەزارەتی شەهیدانیش هەیە! ئەی ووشەی شەهید مەگەر قورئانی نی یەو تایبەت بەئیسلام نی یە؟.
هەربۆیە ئەدای کاریان بەشێوەیەکی نیفاقی لادا بەلای دیندا، گرنگیان بە کەسایەتیە دینیەکان دەدا بە ڕواڵەت! گرنگ نی یە زانستی ئیسلامی و مەوزوعیانە ئاگای لە دین بێت! گرنگ جامانەیە! گرنگ نیشاندانی مۆرکێکی دینیە! ئەویش نەك بە تەواوی، بەڵکو عەمامە بەبێ ڕیش! تۆ سەیر ئەو لنگاو قوچ کردنەوەی شێوەی مسوڵمانێتی، عەمامەکە کە ئەسڵ نی یە بووە بە ئەسڵ و ئەسڵەن گەرجارێك بەبێ عەمامەوە ببینرێت ئەوە تاوان و سوکیە، لە کاتێکدا ڕیشەکە ئەسڵە بووە بە جێگەی مەترسی و گەر ڕیشت درێژ بێت ئەوە ئیتر ئاشکرایە چیت پێ دەڵێن.
بە کورتی و پوختی لە جێگەی هەموو شتێکی ئەسڵدا شتێکی ئیستیرادو تەزویریان خستە جێگەکەی! میللەتەکەش چونکە ئاستی هۆشیاری کەمە زۆربەی ئەم شتانە ئاو دەخوات و تا ئێستە دەوری هەبووە، هەربۆیە ناشیانەوێت ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگە بەرز ببێتەوە، چونکە تا کۆمەڵگە خوێندەوار بێت و ئاستی زانستی بەرز بێت ئەوان نزم دەبنەوە، ئەم دەستە چەورەی خۆشیان دەدەنە پاڵ ئیسلام و ئیسلام بە دواکەوتوو ناو دەبەن، لە کاتێکدا یەکەم ئایەتی قورئان بە بخوێنە دەستی پێکردووە.
هەوڵی دروستکردنی زۆر مەلایان دا وەك دەواجن کۆمەڵێك مەلایان تروکاندو کڵاویان نایە سەریان! ئەو عەمامەو کڵاوانەی لەسەر هەندێك لە مەلاکانە کڵاوو عەمامەی ئیسلام نی یە بەڵکو کڵاو لەسەرنان و خەڵەتاندیانە دژ بە ئیسلام، ئەم چینە مەلایە خۆیان بوون بە بار بەسەر ئیسلام و بەناوی ئیسلامەوە، ئەم کۆمەڵە جگە لە علوج ناوێکی تری شیاوتر بەخۆیانم شك نەبرد.
ئەم دین فرۆشیەش لە پای چ؟ بۆ کۆمەڵێك بەرژەوەندی دونیایی، زۆرجار هەندێك لەو مەلایانە کە دەبینم، عەمامەکەیانم وەك خاکەنازو قوڵنەو چەکوش و ئامێری پاککردنەوەو وەسائیلی ئیشکردن دێتە پێش چاو، زۆرێك لەو مەلانە گەر غیرەتی نەك دینداری بەڵکو غیرەتی ئیشکردنیشیان بجوڵێت عەمامەکەی فڕە دەدات و کاسپیەکی تر دەکەن، وای لێهاتووە لە کۆمەڵگەیەکی دیندارو مسوڵماندا ئەسڵەن ووشەی مەلا جۆرێك لە عەیبە بێت! دەبێت بڵێی مامۆستا گەرنا ناو مەلا بە تەنها جۆرێکە لەسوکی!
زۆرم پێ سەیرە لە وڵاتێکدا وەزارەتی ئەوقافی لێیە! یەکیەتی زانایانی لێیە، حیزبی ئیسلامی لێیە! میللەتەکەش بۆ خۆی دیندارە! ئەمەش حاڵی مەلاو مسوڵمانان بێت.
بە مێژوو وە بەکرداری عەلمانیەکانمان بۆ دەرکەوت کە مەلا دروست دەکەن بۆ گەشتن بە مەرامی خۆیان و سوککردنی خودی مەلا خۆی و مۆرکە دینیەکان، بە بڕوای من پێش هەموو شت سوککردنی خۆشیانی تێدایە تۆ کە باوەڕت بە دین نی یە بۆ پەنای بۆ دەبەیت، دین لە دەوڵەت و سیاسەت جیا دەکاتەوە مەلاکان لە ووتاری هەینیدا بۆ دەبێت دوعا بۆ چاکبوونەوەی مام جەلال بکەن! لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا دەبێت بانگەشەی هەڵبژاردن بکەنو سواڵی دەنگیان بۆ بکەن! تۆ گەر باوەڕت بە دین نی یە بە هێزی هزرو توانای خۆت خۆت بەرز بکەرەوە، نەك بە عەمامەیەکی تەزورو دەنگی تەزور خۆت بەرز بکەیتەوە.
ئەی باشە لەمانە گەڕێن چۆن مەوقیفی وەزارەتێك بەو گەورەو گرانیە ئەوەندە زەعیف بێت و ڕۆڵی دین وەك خۆی نیشانی خەڵکی نەدەن، بۆ لە ووڵاتانی ڕۆژهەڵات کە وەزارەتی ئەوقافیش نی یەو لەناو جەرگەی عەلمانیەتیشدا دینی ئیسلام قورسایەکی زیاترو پاکتری هەیە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵات و ئیسلامی، لەوەش با بگەڕێین ئەم وەزارەتە سەر بە دەسەڵاتە، ئەی یەکیەتی زانایان ئێوە کارتان چییە؟ کوا ئاستی بەرزی ئێوە، کەسایەتی وا بەناو باڵای تێدایە ئەوەندە ڕۆشنبیری نی یە ئاگای لە پەیڕەو پرۆگرامی نەك ئیسلام ڕێکخراوەکەشی نی یە، گرنگ ئەندام بیت و هەویەیەکت هەبێت! بە بڕوای من زۆرێك لەو هەویانە هەویەی سەرشۆڕی و ڕیسواییە! کوا تەنسیق و کاری پتەوی ڕێکخراوەیتان، بەهەرحاڵ ئەمانیش دەستی بەهێزی هەمان دەسەڵاتی پێ گەشتووە علوجیش لەناو ئەمانەدا بوونی هەیە.
ئەی ئەی هاوار حیزبە ئیسلامیەکان ئێوە بۆ وا دەکەن، کاری ئیسلام و مەلا نەبوایە ئێوە بەو مێژووە کورتە سیاسیە ئێستە ئەوەندە سوقلتان دەبوو؟، زۆربەی ئەو دەنگانەی کە دەیهێنن خەڵکی لە ڕێگەی خوادا پێی داون، ئێوەیان بە نوێنەری ئیسلام و وەسیلەیەکی بەهێز زانیووە بۆ گەشتن بە بەهەشت... کوا ڕۆڵی مەلاو عەمامە پاکەکان، بۆ لەبری ئەو هەموو مەلا عەمامە لەسەرە کەسێك ووتاری ئاینی دەدا نەك عەمامەی بەسەرەوە نی یە توکیشی بەسەرەوە نی یە! عەلمانیەکان بێ ئینسافانە کەوتوونەتە ناو مەلاکان ئێوە بۆ بەرزیان ناکەنەوە؟ بۆ مەلا ئەحمەدی شافعی کەس نایناسێت؟ ئەو عالمە گەورەوە بەڕێزە، بۆ زومی کامێراکەت نەخەیتە سەر مەلا موسا، ئەو مەلا عەمامە پاکە، بۆ تەفیسرەکەی مەلا حەسەن شەمێرانی ناگوێزیتەوە، ئەو مەلا بە تەقواو خوا ناسە، بۆ مەلا عوزێر لەبەر خاتری دەنگ ناردت بۆ پەرلەمان و سەقەتت کرد، بۆ مەلا طاهیرت لەبەر دەنگ دوورخستەوە؟ بۆ بۆ؟ عەلمانیەکان خۆیان چیان لە تەقلید کردن و سوککردنی مەلادا دەست کەوتووە تا ئێوە دەستان بکەوێت، وەڵامتان بۆ قیامەت چی یە؟ مەلا بۆ بەکارهێنانی دەنگ بەکار دێنیت و دواتر پشتیشی تێ دەکەیت! یان مەلا کاری نا مەلای پێ دەدەیت!. یان مەلایەك حیزبی نی یە وەیان لەناو حیزبێکی جیاوازی ئیسلامی یە بۆ پشتگیری ناکەن؟ ئەی هەمووتان حیزبی خوا نین؟
گرنگ و پێویستە کاری جدی لە خستنە سەر ڕێچکەی ڕاستی بکرێت و گشت حیزب و وەزارەت و ڕێکخراوەکانیش بەخۆیاندا بچنەوە بەم شێوەیە.
١-عەلمانیەکان گۆڕانکاری پەیڕەو پرۆگرامی خۆیاندا بکەن و چیتر ناوی عەلمانی بەکار نەهێنن، چی تیایە هێزێکی نیشتیمانی بن بەو بیروباوەڕەی کە ئیسلامەو هەیەتی، ئیتر مەرجیش نی یە ناوێکی ئیسلامیش بەکار بهێنن، ئەوسا کردەوەکانیان ڕێك بکەنەوەو خۆیان لە جێگەی گومانی خەڵکی بەدوور بخەن.
٢-ئیسلامیەکان گرنگی زیاتر بە مەلاکانیان بدەن و ڕۆڵی دینداری و مەلایەتی ئەسڵی بۆ خەڵکی ڕوون بکەنەوەو شەرمیان لێی نەبێت.
٣-ڕێکخراوەکان خۆیان لە دەستێوەردانی حیزبی و حکوومی بپارێزن و علوجەکان بگەڕێنرێتەوە بۆ حوجرە، یان فەقیەیەکی زیتەڵ بن یان مەلایەکی عەمامە پاك و پڕ زانست، ئەم کۆیلە مەلایەتی و علوجایەتیە لەم نێوەندەدا کار ناخوات.
٤-وەزارەتی ئەوقاف با کاریگەری دینەکەی بەسەرەوە بێت نەك حیزب و حکوومەت، موچە نەکرێت بە هێز بەرانبەر بە مەلاو ناچارکردنیان بە ژێر بار بوون، پێوەرتان با دین بێت نەك ئینتیمای سیاسی و مادی.
لە کۆتایدا ئومێد دەکەم ڕۆڵی دینی ڕاستەقینەو مەلایەتی وەك خۆیان بۆناو کۆمەڵگە بگەڕێتەوە، نە زانست وە نە دینیش بەکڵاوو عەمامە نەناسرێتەوە.