18/02/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
پارتى بۆ گۆران دەست لە پۆستی وەزارەتی ناوخۆ هەڵبگرن
نیوەڕۆی ئەمڕۆ ( ئازاد بەرواری ) ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و نێردراوی ( نێچیرڤان بارزانی ) سەرۆكی شاندی دانوستاندنكاری پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ، بەنهێنی سەردانی ( نەوشیروان مستەفا ) رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد و نامەیەكی سەرۆكی حكومەتی ڕادەستی نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كرد.
لەو بارەیەوە ( ئارام شێخ محمد ) ئەندامی شاندی دانوستاندنكاری بزوتنەوەی گۆڕان و ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەكە لەلێدوانێكی تایبەتدا بە نهوای راگەیاند:
ئەمڕۆ كاك ئازاد بەرواری سەردانی شاری سلێمانی كرد و لەنزیكەوە چاوی كەوت بە( نەوشیروان مستەفا ) رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان.
وتیشی: لەو سەردانەیدا نامەیەكی ( نێچیرڤان بارزانی ) سەرۆكی شاندی دانوستاندنكاری پارتی دیموكراتی كوردستان گەیاندە دەستی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، لە نامەكەدا پارتی دیموكراتی كوردستان داوای لە بزوتنەوەی گۆڕان كردوە، دەست لە پۆستی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵبگرن.
( ئارام شێخ محمد ) وتیشی: لەبەرامبەردا بزوتنەوەی گۆڕان وەرگرتنی وەزارەتی ناوخۆی بەهێڵی سوور ناوبردوەو و بە ئیستیحقاقی بزوتنەوەكەی زانیوە.
بەپێی زانیاریەكانیش لەبەرامبەر دەستبەرداربوون لەوەزارەتی ناوخۆ پارتی داوای لەبزوتنەوەی گۆڕان كردوە كە وەزارەتی دارایی وەربگرێـت، بەڵام ئەو داوایە ڕەتكراوەتەوە.
نهوا