بزوتنەوەی گۆڕان: وەزارەتی ناوخۆ لەلایەنی ئێمەوە هێڵی سورە
17/02/2014 نوسەر: bzavpress

بزوتنەوەی گۆڕان: وەزارەتی ناوخۆ لەلایەنی ئێمەوە هێڵی سورە


گفتوگۆی لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم تائێستا بەردەوامە و  لایەنەکان نەگەیشتونەتە رێککەوتنی کۆتایی، بزوتنەوەی گۆڕانیش رایدەگەیەنێت ئەگەر وەزارەتی ناوخۆمان پێنەدرێت بەشداری حکومەت ناکەین.

د.ئاکۆ حەمەکەریم، ئەندامی لیژنەی دانوستانکاری بزوتنەوەی گۆڕان بە (سبەی) راگەیاند: تائێستا گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی حکومەت بەردەوامە، ئێمەش وەک بزوتنەوەی گۆڕان لە دانوستانەکاندا داوای ئیستحقاقی خۆمان کردوە، وەک دوەم هێزی براوەی هەڵبژاردنەکان.

سەبارەت بەو لێداوانانەی لەسەر وەرگرتنی وەزارەتی ناوخۆ لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە دەردرێت، د.ئاکۆ وتی؛ وەزارەتی ناوخۆ بە بەشێک لە ئیستحقاقی خۆمان دەزانین، پێشتریش بەلایەنی بەرامبەرمان راگەیاندوە وەرگرتنی وەزارەتی ناوخۆ لەلایەنی ئێمەوە هێڵی سورە و ئەگەر ئەو وەزارەتمان پێنەدرێت، ئەوا بەشداری حکومەت ناکەین.

سەبارەت بە دوا بڕیاری بزوتنەوەی گۆڕانیش لەسەر بەشداریکردن لە حکومەتدا، ئەو ئەندامەی لیژنەی دانوستانکاری بزوتنەوەی گۆڕان وتی؛ ئۆپۆزسیۆنبون بۆ ئێمە ئەگەرێکی کراوەیە، چونکە هێزی بزوتنەوەی گۆڕان دەنگدەران و جەماوەرەکەیەتی، جەماوەری گۆڕان بەشداریکردنمان بە لاوازی و کەمتر لە ئیستحقاقی خۆمان قبوڵ ناکات، بۆیە بە هەمو نرخێک بەشداری حکومەت ناکەین.