هەڵبژاردن و بەرەی ئۆپۆزسیۆن بەرەو کوێمان دەبات ؟
26/06/2013 نوسەر: bzavpress

هەڵبژاردن و بەرەی ئۆپۆزسیۆن بەرەو کوێمان دەبات ؟


ساتەوەختی هەڵبژاردن نزیك بۆتەوە ، هەموو لایەنەکان ئامادەکاری هەڵبژاردن وکۆکردنەوەی دەنگی خەڵکین ، هەریەك بەجۆرێك و هەرلایەنێك بە شێوازێکی تایبەت بەخۆی و هەمووی بەڕەچاوگرتنی ئەزمونی ژیانی خۆی و ڕابوردوو دەکەن بە گۆچانێك بەرەو پێشکەوتنی حیزبەکەی .
داکۆکیکردن لەسەر پۆستی سەرۆکی هەرێم لەهەموو باسەکان گەرمترە و کێشمە کێشمەی نێوان لایەنەکان بۆ ئەوپۆستە هەمەجۆرە :
یەك بەتوندی ،
 یەك بە خۆشی ،
یەك بەباشی ،
یەك بە خرۆش وجۆشی ،
 هەندەك بەیەکگرتن ،
هەندەك بە پەیمان بەستن ،
 هەندەك بە عەیب دەرخستن ،
 هەندەك بە پۆشینی خوێن ڕشتن ،
هەندەك لەولاوە بەشی نەماوە ،
هەندەك پشتیوانی و متمانەی زاوە ،
هەندەك بەفیزو تەکبور بەزۆری ئەندام و لایەنگر ،
هەندێکیش چاوەڕوانی هەندێك بۆی ڕێکبکەوێت هەلێك .
ئەمانە شێوازی بانگەشەکردن وداواکردنی پۆستی سەرۆکی هەرێمە و هەروەکو کورد واتەنی هەرکەلەو لەئاوازێ ، بەڵام ئەوەی کە لای من گرنگە دەمەوێت بزانم لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن کێ هەڵبژاردە دەبێت بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم ؟
بۆیە لێرەدا بە شێوەی پرسیار هێناومەتەوە تەنها بۆ ئەوەی هەرکەسەو بە بۆچونی خۆی کەسێك دیاری بکات و لێکدانەوەیەکی بۆبکات ، بەڵام وەکو کوردواتەنی دەڵێن تاریکی شەو سەرلەئێوارە دیارە ، یاخود ڕوناکی مانگ سەرلە ئێوارە دیارە !
بەڵام ئەو تاریکیەو ئەو ڕوناکیە دەبێت چۆنبێت و چۆن لە یەکیبدەینەوە ، وەکو ڕونە لای هەموو کەس کە بەرەی ئۆپزسێۆن لە سێ حیزبی سەرەکی پێك هاتوە :
١-گۆڕان .
٢-یەکگرتوی ئیسلامی .
٣-کۆمەلی ئیسلامی .
بزوتنەوەی گۆڕان بێگومان بزوتنەوەیەکی لائیکیەو عەلمانیەتێکی پوختە کە لە چەپ ڕەوەکانن لە بنەڕەدا و بەڵام بەهۆی ڕابوردنی ڕۆژگارەوەو ئەزمونی ووڵاتانی دەوروبەری ووڵاتەکەمانەوە ئێستا ئەو لایەنە سۆسیالیستیانە وا بەو شێوەیە بەخەستی نەماون کە سەرەڕێی بیردۆزەی سۆسیال دیموکراتیان هەڵبژاردوەو خۆیان بەوشێوەیە دەناسێنن ، بەهەرحاڵ ئەوە شتێکە هەموو کەسێك دەزانێت و پێویست بە درێژەپێدانی ناکات .
ئەو دوو لایەنە ئیسلامیەکەیتر بێگومان بانگەشەی موسڵمانێتی ئوسوڵی دەکەن و ئەگەرچی ئەوانیش بەهەمان شێوەی گۆڕان ولایەنە عەلمانیەکان گۆڕانکاریان بەسەرداهاتووە و خۆیان بە جلوبەرگێکیترەوە نیشان دەدن ، بەڵام ئیسلامین و موسڵمانن و بیرو بیردۆزەو کاریزمای حیزبایەتیەکەیان شێوازی بانخوازی گرتۆتە خۆی .
ئەوەی کە لێرەدا دەمەوێت لێکدانەوەیەکی بۆبکەم وبیخەمە بەردیدی خوێنەر ئەوەیە کە چەند ڕووداوێك لەم دواییەدا ڕوویداوەو ئێستا ڕەوتەکە بۆکوێمان دەبات ؟
یەكێك لەو ڕووداوە گرنگانەی کە لەلای هەموو موسڵامانێك جێگای سەرنج ودڵخۆشی بوو ، لیستی ئیسلامی هاوبەش بوو کە پڕوپاگەندەیەکیان بۆکرد لەناو خەڵکەکەداو پاشتریش بێ هیچ بیانویەك و ڕەچاوکردنی ویستی میللەتەکەی کە شوێنکەوتووی ئەودوو حیزبەن لەباریانبرد و نەیانهێشت موسڵمانان کەمێك دڵیان بەو ڕابونە ئیسلامیە خۆش ببێت و کەمێك هەوای برایەتی ئیمان بەڕاستی هەڵبمژن ، هەربیانویەکیشیان هێنایەوە و چی هۆکارێکیانکردە بیانوو ئەوە بەلای منەوە گرنگنیە، چونکە شەرعی نەبوو بیانوەکانیان و لەبەرامبەر شوێنکەوتوانی خۆیاندا راستیان نەکرد و بێگومانیش لەوەی کە لەگەڵ خوای گورەو ئەو ئاینەی کە خۆیان بە هەڵگری دەزانن ڕاست ناکەن و بێ هۆکاری شەرعی خۆیانی لێدەدزنەوە .
لەو شتانە گرنگتر و گەورەتر ئەوەیە کە بزانین دەرئەنجامەکەی پەلکێشی چی بارودۆخێکمان دەکەن، هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم بۆ ئۆپۆزسێۆن تەنها دوو ڕێگە چارە هەیە کە هەردەبێت یەکێکیان بگرن، یەکێك لە کەسە سەرکەوتوەکانی ئەوو دوو بەرەیە ( عەلمانی و ئیسلامی ) هەڵببژێرن .
ئیسلامیەکان بانگەشەو بانگەوازیان و هەوڵ وتێکۆشانیان بۆچی دەبێت و کێ دەکەن بە گەورەو سەرۆکمان لە داهاتویەکی نزیکدا ، ئەگەر هەموو ئەو هەوڵ وتێکۆشانەی کە داویانەو دەیدەن و بانگەوازو دەنگ کۆکردنەوەیان بۆ ئەوە بێت کە یەکێك لە خۆیان- واتا-  دوو حیزبە ئیسلامیەکە بکەن بە سەرۆکی هەرێم بێگومان ئەمە کارێکی پیرۆزەو ئێمەش دەستخۆشیان لێدەکەین و ئێمەش وەکو موسڵمانێك هاوکاریان دەکەین و دڵخۆش دەبین و دەست خۆشیان لێدەکەین .
 بەڵام ئەگەر پاڵێوراوی ئۆپۆزسیۆن کەسایەتی سەرکەوتوی عەلمانیەکان هەلببژێرن و بیخەنە پێشەوە بۆ سەرکورسی سەرۆکایەتی هەرێـم ئەوا نزیکترین کەسێك کە شایستەی ئەو پۆستەبێت لە دیدوبۆچونی گەلەکەماندا نەوشیروان مستەفایە کە دامەزرێنەری بزوتنەوەی گۆڕانە ، ئەمەش کارێکی زۆر نزیکە کە دەربکەوێت کێ هەڵدەبژێرن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم ، ئەگەری ئەوەدادەنێین .. ئەگەر نەوشیروان مستەفا هەڵببژێرن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی بێگومان دەبێت بانگەشەی بۆبکەن و هانی خەڵکی بدەن بۆئەوەی کە نەوشیروان مستەفا دەنگی زۆرتر بهێنێت و ئەو پۆستە بەدەست بهێنێت ، ئەمەش بە دوو هۆکار دەبێت وابکەن :
یەکەم : هەرسێ لایەنەکە یەك بەرەیان پێکهێناوەو هاوپەیمان و پاڵپشتی یەکترن بۆ هەرکاریک کە لە قازانجی بەرەکەیاندابێت ، ئەگەر هەوڵ وپالپشتی نەکەن ئەوا بەرەکەیان دۆڕاو دەردەچێت لە کۆتایدا و ئەوەش دژی ئەو هەموو هەوڵ وتێکۆشانەیە کە ماوەی چوارساڵە بەیەکەوە دەیدەن و دەیکێشن .
دووەم : وەکو ووتمان ئەوان یەك بەرەن و دەبێت سەرخەروپاڵپشتی یەکتربن ، ئەوەش دەبێت لەسەر بنەمای بەڵێننامەیەك دروست بوبێت و بەڵێنیان بەیەکتردابێت کە پشتیوانی لە یەکتربکەن و سەرخەری یەکیتربن و لەگەڵ ئەوەشدا کاتێك نەوشیروان مستەفا خۆی هەڵدەبژێرێت کە دڵنیابێت لەوەی کە هەموو ئەندام ولایەنگرانی ئەو دوو حیزبە ئیسلامیەش دەنگی پێدەدەن، ئەگەر ئەوانەکەن نەوشیراوان مستەفا ئەو دەنگە بەدەست ناهێنێت کە بتوانێت ڕکابەری سەرۆکی ئێستای هەرێم مسعود بەرزانی بکات وسەرکەوتووبێت .
بەڵام لێرەدا ئەگەری ئەوەدەکەین ئەگەر وابێت : کەواتە ئەودوو حیزبە ئیسلامیە ئەو بیانوو قسانەی کە کردیان خۆیان دەخەنە درۆوەو پێچەوانەی قسەکانیانە کە بۆ لیستی ئیسلامی هێنایانەوەو لەوەش مەترسیدارتر بۆسەر خۆیان بۆ قیامەتیان کە دەبێت سەرخەری کەسێکی عەلمانیبن کە ئەوەش دژی پرەنسیپی بیروباوەڕی ئاینی ئیسلامە و قیامەتی خۆیان دەفرۆشن بە دونیای خەڵکانێکیتر کە نە لەدونیاداو نە لەقیامەتدا هیچ سودێکیان بۆیان نابێت و سەیر لەوەدایە چۆن ئەو دوو حیزبە ئیسلامیە بەلیستی ئیسلامی ڕازی نەبوون و هەوڵو تێکۆشانیان دەخەنەگڕ بۆ سەرخستنی عەلمانی و سەرکردەیەکی عەلمانی ! لەولاشەوە زۆرێك لە لایەنگرانی ئەو دوو حیزبە خۆیان بە سەلەفی و شوێنکەوتوی ڕیبازی سەلەفی دەزانن و کاتیک کە لایەنگرانی بزوتنەوەی ئیسلامی لۆمەی ئەودوو لایەنەیان دەکرد لە سایت وڕۆژنامەکاندا ، لایەنگرانی ئەو دوو حیزبە هەموو ووڵامێکیان ئەوەبوو کە دەیانووت بزوتنەوەی ئیسلامی نەك دوو کورسی ناهێنێت بەڵکو تەپڵەکێکیش بەدەست ناهێنێت ناهێنێت ، بەڵام لێرەدا ویژدان دەکەین بە دادوەر توخوا ئەگەر بزوتنەوەی ئیسلامی تەپڵەکێکیش نەهێنێت باشترنیە لەوەی کە دەنگ بدەن بە عەلمانی و سەرخەری عەلمانیبن و دژی لیستی ئیسلامیبن ؟ ئەو ووڵامەش بۆخۆتان جێدەهێڵم بەووردی بیربکەنەوە و لەناخی خۆتانەوە ووڵامی پرسیارەکە بدەنەوەو بەکەس مەڵێن نەوەکو لۆمەتان بکرێت ئەوەشی لەقیامەتدا بەوهۆیەوە توشیدێن ئەوە هەڵگرن بۆ قیامەت .