14/02/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
چەمکى دیموکتاتۆر
لە هیچ چەمک و دەستەواژەو تەنانەت لە هیچ لوغەتێکدا بوونى وشەى ( دیموکتاتۆر ) نییە, بەڵام ئەوەى ئێستە لە گۆڕەپانەکەدا گوێبیستى دەبین و بە چاوى سەر دەیبینین رێک ئەو چەمکەیە
لە بونى خۆیدا لە لێکدانى دوو نیوە وشەى دژ پێکهاتووە, یەکەمیان لەچەند پیتێکى چەمکى ( دیموکراسى ) وەرگیراوە ئەوانیش پیتەکانى ( دیموک )ە , بەشى دووەمى وشەکەش لە چەمکى ( دیکتاتۆر ) وەرگیراوە ئەوانیش پیتەکانى ( تاتۆر )ە,
ئەم چەمکە بۆ؟
ئەگەر بروانینە واقیعى ئێستەى جیهان دەبینین ئەو دیموکراسیەى ئەوروپاو ئەمریکا و ولاتانى عەلمانى بەشێوەیەکى گشتى بانگەشەى بۆ دەکەن لە %هیچى ئەوە نییە خەڵک چاوەروانى دەکرد, چونکە ئەو ناوە جگە لە کوشت و بڕى و تاڵانى و وێرانکردنى شارستانیەتەکان شتێکى ترى بەرهەم نەهێنا,
کاتێک جۆرج بۆش دەسەڵاتى گرتە دەست وتى من بە هێزى سەربازى وڵاتانى ژێردەستەى دیکتاتۆرەکان رزگار دەکەم , بەچاوى خۆشمان بینیمان چ کاولکاریەکى لە ئەفغانستان و عێراق نایەوە کەنزیکەى پانزە ساڵە جگە لە کوشتن و دەربەدەرى شتێکى تر لە واقیعەکەدا نابینرێت, تەنانەت زۆرن ئەوانەى خۆزگە بە دیکتاتۆرەکان دەخوازن لەو بەناو دیموکراسیەى ئێستە .
کاتێکیش ئۆباما دێتە تەخت رژێمەکان بە چەپڵەو فیکە راودەنێت وەک قەزافى و بن على و موبارەک بەڵام کاتێک دەزانێت ئەو دیموکراسیەى دواى رژێمەکان دەچەسپێت دیموکراسى ئیسلامیەو ئەوەنییە خۆى بانگەشەى بۆ دەکات ئیتر لێرەوە لەمپەر دەخاتە رێى شەمەندەفەرەکەو مورسیەکى لۆکە لە دیموکراسى ئیسلامیدا دەوەستێنێت و سیسیەکى دیموکتاتۆر دەخزێنرێتە شوێنەکەى و بەشارێکى شیعى مرفوضیش دەوەستێنێت لە رووخان, چونکە باش دەزانێت شیعەیەک کوێرایەڵى زیاترە وەک لە سونەیەک
ئەمەش دیارە ئەم وشەیە بۆ ئەوکاتانە بەکارى دێنێت کە خۆى رەوشەکە بە دیموکراسى دەزانێت چونکە بەدڵى خۆیەتى بەڵام لە بوندا هەر دیکتاتۆرەکەى جارانە بگرە خراپتریشە .
ئەگەر بەکورتى ئەم وشەى دیموکتاتۆرە لە کوردستانى باشور بخەینە بەر سۆنار ئەوەى لە ئەنجامدا دەست دەکەوێت ئەوەیە بەناوو لەلاى بەرپرسەکان بەڵێ دیموکراسى هەیەو دەربڕینى بیرو ڕا و سەرنج ئاساییە بەڵام لە مەیدانى عەمەلیەکەدا سەد پلە پێچەوانەیە و تەنانەت قەڵەم بەدەستەکان کوژراون یان ئەگەر لە زیندانیش نەبن ماڵیان بۆ کراوە بە زیندان, مافیاکانیش زۆر بە ئازایانەو سەربەرزانە تەنانەت ناتوانرێت قسەشیان پێ بوترێ چونکە دادگا بڕیارى ئەوەى داوە کە ئەوانە لە پیاوە ماقوڵ و نەجیب زادەکانى ئەم ئومەتەن.
بەکورتى واتاى ئەو دیموکتاتۆریە ئەوەیە بۆ حوکم دارانى وڵات بەڵێ دیموکراسى لە پلەى باڵادایە, بۆ ڕەش و ڕوتى ژێردەستەش دیکتاتۆر حوکم دەکات بێگومان هەردوو هێزى دەسەڵات و بێ دەسەڵات لە یەک وڵات و نیشتماندان, پربە دەم بانگ دەکات دیموکراسیمان فولە بەڵام ئەوە هەر قسەیەو بەڵکو واقیعەکە دیموکتاتۆرە.