بەرەو یادی 17ی شوبات
14/02/2014 نوسەر: bzavpress

بەرەو یادی 17ی شوبات

دوێنێ لەسەرای سلێمانی 
لەپاڵ دیوارێکی قوڕدا 
گەنجێکم دی دەستەونزای 
سەرکردەیەك بوو لەدۆخی بەردا
ئەمڕۆ دایکانی شارەکەم 
هەروەکو مۆم ئەتوێنەوە 
ئەمڕۆ هەموو زامەکانم 
بەئاسانی ئەکولێنەوە
هەموو ساڵێ لەم ڕۆژەدا 
جەرگ ئەسوتێ دڵێك ئەمرێ
بەرهەمی درەختی شارەکەم 
سەدان سورکێوی تر دەگرێ
هەموو ساڵێ لەم یادەدا
یانزە روحی پاك و بێ گەرد
بەیەکەوە هاوار ئەکەن
نەفرەت ئەکەن لە گولە و بەرد
هەموو ساڵێ لەم ڕۆژەدا 
یانزە ئەستێرەی پرشنگدار
ئەرۆن بەرەو گەرمیانەکەم 
لەگەڵ دایکی کاکە گەرمیان 
دەکەن شین و واویلاو زار
ئیتر بەسە سەرکردەکان 
لە کۆشکەکانتان دابەزن
سەری شکۆ دانەوێنن
تۆزێ بیری ئەم خاکە کەن
تابزانن چی ئەڕوێنن
بەڵێ بەڵێ کاربەدەستان 
خونچەی سیس هەرگیز ناپشکوێ
هەروەکو پێشینان دەڵێن 
جامیش کەپڕ بوو لێ ی دەڕژێ
سەد مەخابن ئەمرۆ هەواری شارەکەم
تکەی شەرمی لێ ئەچۆڕێ
لەئێستاوە ئەبێ مێژوو ئەبێ یاسا ئەبێ قانوون
دەنگ و رەنگی خۆی بگؤڕێ

نەرویج 14.02.2014