ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو ڕۆژنامەی چاودێر بە درۆ دەخاتەوە
10/02/2014 نوسەر: bzavpress

ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو ڕۆژنامەی چاودێر بە درۆ دەخاتەوە


ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو لە سلێمانی، سەرلەبەری ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی چاودێر بە درۆ دەخاتەوە و پێی وایە ئەو جۆرە هەواڵە داتاشراوانە خەونە.

لە ڕونكردنەوەیەكی وتەبێژێك بە ناوی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو لە سلێمانیدا هاتووە" سوپاس بۆخوا یەكگرتوو لە باشترین قۆناغی تەبایی و یەكڕیزی و لەوپەڕی تۆكمەییدایە، هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە ، سەبارەت بەوەی لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە لەسەر ناكۆكی نێوان بەڕێزان ئەمینداری گشتی ئێستا و پێشووی یەكگرتوو، دوور لە ڕاستیەوە و داتاشراوی خەیاڵی كەسانێكە خەو دەبینن بە لێكترازانی یەكگرتوو بەڵكو دەیانەوێت دەستی چەوری خۆیان بەخەڵكیدا بسڕن".

ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:

ڕونكردنەوە...

هەفتەنامەی چاودێر سەر بە بەڕێز مەلا بەختیار لە ژمارە( 455)ی بەرواری 10/2/2014دا، ڕاپۆرتێكی چەواشەكاری بڵاوكردۆتەوە، بە پێویستمان نەدەزانی وەڵامی بدەینەوە، بەڵام بۆ ئەوەی ناحەزانی یەكگرتووی ئیسلامی و ئەزمونە ناوازەكەی، دڵخۆش نەبن بە بێ دەنگیمان، بە پێویستمان زانی بە كورتی بڵێین:

سوپاس بۆخوا یەكگرتوو لە باشترین قۆناغی تەبایی و یەكڕیزی و لەوپەڕی تۆكمەییدایە، هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە ، سەبارەت بەوەی لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە لەسەر ناكۆكی نێوان بەڕێزان ئەمینداری گشتی ئێستا و پێشووی یەكگرتوو، دوورە لە ڕاستیەوە و داتاشراوی خەیاڵی كەسانێكە خەو دەبینن بە لێكترازانی یەكگرتوو بەڵكو دەیانەوێت دەستی چەوری خۆیان بەخەڵكیدا بسڕن، مامۆستا سەڵاحەدین محمد بەهائەدین وەك سەركردەیەكی داهێنانكاری مێژووی كاری سیاسی ناوچەكە جێگەی ڕێزە و سەرمەشقە بۆ هەموو سەركردەكان كە پێویستە چاوی لێ بكەن، بەڵام بەداخەوە كەسانێك دێن لە بری سود وەرگرتن لەو ئەزمون و هەنگاوەی یەكگرتوو، تۆمەت و قسەی ناڕەوا دروست دەكەن بێ ئەوەی هیچ بنەمایەكی ڕاستی هەبێت.

سەبارەت بە ناوەڕۆكی ڕاپۆرتەكە و ئەو بەشەی پەیوەندی بە بەڕێز ( د.محمد ئەحمەد) بەرپرسی ئەنجومەنی سەركردایەتی دەڤەری سلێمانیەوە هەیە، سەرلەبەری بەدرۆ دەخەینەوە و دوپاتی دەكەینەوە كە ئەم جۆرە هەواڵانە جێگای سەرسوڕِمانە كە بەناوی خەڵكەوە لێدوان بدرێت و بەتەواوی دوورە لە ئیتیكی كاری ڕۆژنامەوانی .

هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە ئەم جۆرە هەوڵانە هەرگیز بەرهەمی نابێت، تادێت بە پشتیوانی خوا یەكگرتووی ئیسلامی ئەو كۆشكە بەرز و تۆكمەیە كە ئایندە چاوەڕێی دەكات و هەرگیز خەونی ناحەزانیش نایەتە دی .

بەمافی خۆمانی دەزانین ڕێكاری یاساییبگرینە بەر بۆ ڕێگا گرتن لە هەڵبەستنی درۆی شاخدار و ناوزڕاندنی خەڵك بەناوی كاری ڕۆژنامەوانیەوە.

وتەبێژێك بەناوی ئەنجومەنی سەركردایەتی دەڤەری سلێمانی