بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرەوە لە ئوتێلێکی شاری مەدینە ژمارەیەك عومرەکار گیانی لەدەستداو برینداربوو
09/02/2014 نوسەر: bzavpress

بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرەوە لە ئوتێلێکی شاری مەدینە ژمارەیەك عومرەکار گیانی لەدەستداو برینداربوو



لەئوتێلێكی شاری مەدینەی منەوەرەی سعودیە بەهۆی كەوتنەوەی ئاگرەوە 15 عومرەكار گیانیان لەدەستداو 130ی ترشی برینداربوون، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمیش تەئكید لەسەر 
شەوی رابردوو لەئوتێلێكی شاری مەدینەی منەوەرەی وڵاتی سعودیە، ئاگرێك كەوتەوە، بەوتەی بەرپرسانی ئەو وڵاتەش لەو ئوتێلەدا 700 عومرەكاری تێدابووەو 15یان گیانیان لەدەستداوەو 130ی تریش برینداربوون، سەرجەمی ئەوانەش لەو ئۆتێلەدا بوون خەڵكی وڵاتانی تر بوون.

هاوكات ئاژانسی شەرقولئەوسەت لەزاری عفیفی عەبدولوەهاب باڵیۆزی میسر لەوڵاتی سعودیە بڵاویكردەوە كە زۆربەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، خەڵكی میسرن.

لای خۆشیەوە سەلاح یوسف سەرۆكی لیژنەی رەوەندی میسری لەسعودیە رایگەیاند: بەهۆی ئەو روداوی ئاگركەوتنەوەوە پێنج عومرەكاری میسر گیانیان لەدەستداوەو 45ی تریشی برینداربوون،  ئەوەشی خستوەتەڕوو كە بەشی زۆری ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، لەئەنجامی دوكەڵی ئاگرەكە خنكاون.

هەر لەبارەی ئەو روداوەو سەلامەتی عومرەكارانی هەرێمی كوردستان كە لەئێستادا لە وڵاتی سعودیەن، مەریوان نەقشبەندی وتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم رایگەیاند: كەسوكاری عومرەكارانی هەرێمی كوردستان دڵنیا دەكەین كە ئەو روداوی سوتانی ئوتێلەی شاری مەدینە لەعەرەبستانی سعودیە هیچ زیانێكی بۆ عومرەكارانی كوردستان نەبوە.

وتیشی: هەموو عومرەكارانی هەرێم لەسعودیە سەلامەتن و بەشێوەیەكی ئاسایی سەرقاڵی عیبادەتی خۆیانن.