06/02/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
لە یەکێتییەوە بۆ تاڵەبانی و لە گۆڕانەوە بۆ نەوشیروان مستەفا
لە کۆمەڵگای باوک سالاریدا،باوک ڕۆڵی نیمچە خوداوەند دەبینێت،لە دابینکردنی هەموو پێداویستیەکان بۆ منداڵ و پاراستنیان لەهەر جۆرە ساردی و گەرمییەک و دەستدرێژیەکی ناوەکی ودەرەکی،چەندە دایک ڕۆڵێکی دڵسۆزانەترو میهرەبانانە تری هەیە لە باوک، دیسان ئەوە باوکە کە لە لوتکەی هەڕەمەکەی خێزاندا راوەستاوەو بڕیاردەری ئەوەڵ وئاخر هەر خۆیەتی،منداڵیش ئەو بونەوەرەیە کە بە بوونی باوک هەست بە ئارامی دەکات و هەر ئەمەیە منداڵێک کە باوکی لەدەست دەدات دەبێتە جێگای سۆزو بەزەیی زیاتری خەڵک و بە"هەتیوو"واتە بێ باوک ناوی دەبەن.
لێرەدا منداڵ لە سایەو سێبەری باوکداگەورە دەبێت وباوک سەرداریەتی وخۆیشی نیمچە کۆیلەیەک کە ناتوانێ بە ئاسانی ڕاکانی باوکی ڕەدبکاتەوە،وەختێک گەورە دەبێت ودەچێتە ناو کۆمەڵگا،سێبەری باوک بەسەریدا کاڵ دەبێتەوە،چونکە لە منداڵییەوە بەوەڕاهاتوە کە کەسێک دەبێت لەسەریەوە بڕیار بدات و ڕێگای بۆ دابنێت کە"باوک"ە ناتوانێ سەربەست وئازاو ئازاد بێت و دەبێت کائینێکی تر بۆ خۆی دابتاشێت وپەنای پێبەرێ،جا ئەو کائینە دەکرێت،دینە جۆربەجۆرەکان بێت، ئایدۆلۆژیا زەمینیەکان بێت،سەرکردەی دەوڵەت وحیزبەکان بێت،لێرەوە دیسان خۆی لە دەست دەدات و ئایدیایەک یان کەسێکی تر لەسەرو مێشک و تێگەیشتنی ئەوەوە بڕیار دەدات وئەمیش کوێرانە دوای دەکەوێت،کە من ئەوانەی لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستا توانیبێتیان خۆیان بەتەواوی ئازاد بکەن لەهەموو ئەوانەی سەرەوەی بیرکردنەوەی خۆی،ئەوەی کە بتوانی خۆت خۆت بیت،بۆتە خەیاڵ.
جەلال تاڵەبانی ویەکێتی!
سەرەتاکانی پێکهێنانی یەکێتی دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵە،کەیەکەم جار"مارکسی لینینی" بوەو پاشان"ڕەنجدەران" و بۆیەکەم جار پێش شەهید ئارام و نەوشیروان مستەفایش مام جەلال سکرتێری بووە،دوای ئەوە لە کۆمەڵێ باڵی ڕەنگاوڕەنگ یەکێتی نیشتیمانیان دروست کردوەو لەوکاتەوە تالەبانی سکرتێری ئەم ڕێکخراوە بووە،هەرئەم سکرتێر بوونە هەتا هەتاییە بۆ خۆی پوچەڵکرنەوەی هەمو ئەو جۆرە بەناو بیرکردنەوەیەیە کە یەکێتی وکادرەکانی کۆمەڵە ئیدعایان کردوە،لە مارکسییەوە بۆ لینینیەت و بۆ ڕەنجدەران وبۆ مائۆیست وهەتا سۆشیال دیموکرات، ئەم تەسەورەی تاڵەبانی کە هەمان ڕۆڵی "باوک" دەبینێت،ئەم ڕێکخراوەی کردۆتە خێزانێک کە پێکهاتبن لە کۆمەڵێ منداڵ و ئەگەر چی منداڵەکانیش هەموویان ڕقیان لەیەکتر بێت،دیسان ئەوە تالەبانی" باوک" بووە ئەوانی لەبەرامبەر یەکدا داناوەو ڕاگرتوەو نەیهێشتوە هیچ کەسێک پەیدا بێت کە دوای خۆی ببێت بە" باوک " و تموحەکانی ئەوەندە زۆر بووە، وەک چیرۆکەکەی"حەساری" شیرزاد حەسەن، توانیویەتی هەموو کوڕەکانی بخەسێنێت وتەواوی ژنەکان،سەروەت وسامان، دەسەلاتەکان، لە حەرامسەراکەی خۆیدا بکاتە موڵکی خۆی،ڕۆڵەکانیشی ناتوانن بیرلە کوشتنی ئەم"باوکە" نەک بکەنەوە، وەختێک دەشمرێت ناتوانن باوەڕبکەن کە مردوەو بە بێ بوونی ئەو پەرەوازەو پارچە پارچە دەبن و تەنانەت لە غیابی تالەبانیشدا ناوێرن کەسێک بخەنە جێگاکەی ودەیانەوێت جێگاکەی هەروا بە چۆڵی بمێنێتەوە، خۆشیەکەی لەوەدایە ئەم کۆیلە بونەیان لا بۆتە وەهمێک کە بە شانازییەوە دەیڵێنەوە کە هیچ کەسێک تەماحی لە پۆستەکەی تالەبانیدا نییە،وەک ئەوەی کە تاوان بێت کەسێک لەناوی ئەم خێزانەدا"یەکێتی" پەیدا بێت و بڵێت "تالەبانی سەردەمی کۆتایی هاتوەو پێویستە کەسێک بچێتە جێگاکەی و ببێتە سکرتێری یەکێتی،هەتا نەدەبوو ڕێگا بدرێت تالەبانی یان هەرکەسێک نزیکەی چل ساڵ بە سکرتێری بمێنێتەوە،خۆ ئەگەر ئێستائەم کەسە پەیدا بێت ئەوا لەلایەن زۆربەی کۆیلەکانەوە بە نەفرەت دەکرێت،ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ زۆڵێتی باوک"تالەبانی"کە نەیهێشتوە هیچ کەسێک دروست بێت کە دوای خۆی بچێتە جێگاکەی وبۆی گرنگ نەبوە دوای خۆی ئەم" خێزانە" یەکێتی" چی بەسەردێت و چۆن پارچە پارچەو وێران دەبێت،ئەم تێگەیشتنە مێژوییە بووە کە یەکێتی لەبەردەم پارچە پارچە بوون و بچوکبوەنەوەدا ڕاگرتوەو مەحکومە بە نەمان و تەنها پەیوەندی بە کاتەوە هەیە.
بزوتنەوەی گۆران ونەوشیروان مستەفا
بزوتنەوەی گۆڕان دیارە پێکهاتەکەی لە پێکهاتەی یەکێتی وەک کۆمەڵێ باڵی جودا جودا کەلەژێر ناوێکدا کۆببنەوە جیاوازە،بەڵام ماتریالە ئینسانیەکەی،لە بارەی ئەقڵانییەوە لەبارەی فەرهەنگی و دنیا بینییەوە یەک ماتریالەو کوڕی هەمان کەلتوری باوک سالارییەو ئەوەی کە ناوی " بزوتنەوەی گۆڕانە" هەڵگری دنیا بینی گۆڕان نییەو لە باشترین حاڵدا،لە هەموو مەیدانەکاندا،چ سیاسی،کۆمەڵایەتی، ئەدەبی و هونەری،تێڕوانین بۆ مەسەلەی ژن،منداڵان،ئازادی ورای جیاواز،ئابوری، کەلتوری،دینی،ئەقڵیەتی خێڵەکەی،عەشیرەتی،ناوچە چێتی، لەسەر هەمان ڕێچکەو هەمان تەسەوری یەکێتی وپارتییە بە کەمێ دەسکارییەوە،وەک ئەوەی بەشێک لەمانە نەگلاون لە گەندەڵییەوەو بەشدار نەبوون لە ناشیرینکردنی کۆمەڵگا،وەلێ زۆینەی ئەوانەی لەناو یەکێتییەوە هاتوون نەک هەر بەشێکی فراوان بوون لەگەندەڵی، تاوانی مێژویشیان ئەنجام داوە.
ئەوەی کە دەمەوێ بڵێم ئەوەیە کە چۆن ماتریالە ئینسانیەکەی ناو یەکێتی تاڵەبانیان پێ خوداوەندەو پێیان وایە بە بێ تاڵەبانی"هەتیوو" دەکەون و نرخیان نامێنی،ئەوانەی گۆڕانیش زۆرینەی بە ڕەهایی وان،پێیان وایە نەوشیروان مستەفا ئەو کائینەیە، کەلەسەرو هەموو شتێکەوەیەو بە بێ ئەو زاتە قسەکردن لە گۆران وگۆرانکاری خەیاڵە،لێرەوە بزوتنەوەی گۆران بە هەمان هەلومەرجی یەکێتیدا تێدەپەڕێت و لە هەناوی خۆیدا هەمان ئەقڵیەتی هەڵگرتوەو بارگاوییە بەهەمان فایرۆز، ئایندەیش دوای نەمانی نەوشیروان مستەفا،تووشی هەمان پاشاگەردانی ئێستای یەکێتی دەبێت و بەرەو پارچە پارچە بوون دەڕوات،چەندە پێیان وابێت ئەوان سەرکردایەتیەکی بە کۆمەڵیان هەیەو" ئەگەر چەندین سەرکردەیان بمرن یان واز بێنن گۆڕان وەک خۆی دەمێنیت" لە باشترین حاڵدا خۆ خەڵەتاندنە.
بزوتنەوە جیا جیاکان لە دنیا مۆدێڕندا بە پێی پرۆسەیەکی مێژوویی خۆی ڕێبەر دروست دەکات،ڕێبەرێک کە خاوەنی ئۆتۆریتەیەکی بەرچاوەو دەتوانێت بەرامبەرەکانی بخاتە ژێر هەیمەنەو دەسەلاتی سیاسی و فکری خۆی،هەر ئەوەی کە پێی دەڵێن" کاریزما" کەسانی خاوەن سەلیقەو بەهرە،پەیبردن بە هێزە شاراوەکانی ناخی بەرامبەر،پێشبینی بۆ ڕوداوەکان و دروستکردنی بەدیلی بەرچاو پاراستنی خودو ڕیکخراوەکەو نیشتیمان وگەلەکەی،قەناعەت پێکردنی بەرامبەر، خاوەنی متمانە،زمانێکی باڵا لە فکرو مەعریفە،تەئسیر دانان لەسەر کەسانی خاوەن فکرو داهێنەران لە مەیدانە جۆربەجۆرەکانداو زۆر لێکدانەوەی تر، لیرەدا وەک چۆن یەکێتی بە درێژایی مێژوو نەیتوانیوە کەسایەتیەکی وا بخولقێنیت، بزوتنەوەی گۆڕانیش ناتوانێت،بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ واقعی کۆمەڵگای کوردی کەلەسەرەوە ئیشارەم پێداوەو بەستوومە بە سیستەمی باوک سالاری و پەروەردەو وا بارهاتن و گەورەبوون و خۆکشان بۆ ژێر سیبەری سەرکردەو دین وئایدۆلۆژیا.
ئەوەی کە ماوە بڵێم،بزوتنەوەی گۆڕان دوای نەوشیروان مستەفا بەم قۆناغانەی یەکێتی دوای تالەبانیدا دەڕوات و باجەکەی دەدات.
پارتی و بنەماڵەی بارزانی!
بە پێچەوانەی یەکێتی وگۆڕانەوە،پارتی ئەو قۆناغانە بە خۆیەوە نابینێت،ئەو پارتە خاوەنەکەی بنەماڵەی بارزانییەوە بێ ئەو بنەمالەیە شتێک نیە ناوی پارتی بێت،ئەو پارتێکە لەسەر ئەساسی سیستەمێکی بنەمالەیی قەراری گرتوەو ڕاوەستاوە، مەلا مستەفا بەرلە مردنی مەسعود بارزانی بۆ ئامادە کردوەو،لە ئێستایشەوە مەسعود بارزانی مەسروری بۆ دوای خۆی ئامادە کردوەو تەواوی کادران وئەندامانی پارتیش لەسەر ئەم ئەساسە کاردەکەن و قبوڵیان کردوە.