04/02/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
بارزانی سەردانی واشنتۆنی رەتکردەوە یان رەتکرایەوە؟
لە چەند رۆژی رابردو دا قسە و باسی زۆر لەسەر ئەوە کراوە ئایا بارزانی سەردانەکەی بۆ واشنتۆن رەتکردەوە یان رەتکرایەوە. خۆشم رای جیاوازم لەو بارەیەوە هەبوە.
زۆربەمان ئاگاداری رونکردنەوە دژ بە یەکەکانی سەرۆکایەتیی هەرێم و میدیای کوردیین.
ئەوەندەی من توانیبێتم لە سەرچاوە جیاوازەکانەوە پێیبگەم ئەمەیە:
سەرۆکی هەرێم، مەسعود بارزانی، خودی خۆی سەردانەکەی بۆ ئەمریکا رەتکردەوە، بەڵام بۆ؟
لە ئێستا دا، کە کێشەکانی بەغدا و هەولێر لە لوتکە دان، بۆ کورد سەردانکردنی ئۆباما زۆر گرنگ بو. بۆیە هیچ رێیتێناچێ بارزانی سەردانێکی وا لە کاتێکی وا دا رەتبکاتەوە!
ئەوەی باسدەکرێ بارزانی دژی دەرنەهێنانی یەکێتی و پارتی لە لیستی تیرۆر سەردانەکەی رەتکردۆتەوە، تەنها قسەی میدیایین، بەڵام دەکرێ نیگەرانیی خۆی لەو بارەوە چەندان جار راگەیاندبێ چونکە ئەوە کێشەیەکی نوێ نییە.
بەڵام بەهۆی ئەوەی تا ئێستا کەسێک لە ئەمریکا جێگەی قوباد تاڵەبانیی نەگرتۆتەوە و لۆبیی کوردیی لە ئەمریکا لەوپەڕی لاوازی دایە، نەتوانرا سەردانی باڕاک ئۆباما بۆ مەسعود بارزانیی رێکبخرێ. ئەمەش وایکرد بارزانی پاشگەزبێتەوە لە سەردانەکەی. بارزانی دەیتوانی سەردانی ئەمریکا بکا، بەڵام سەردانکردنی ئەمریکا بێ بینینی ئۆباما، لەڕوی سیاسییەوە گرنگییەکەی کەمدەبوەوە و لەڕوی میدیاییشەوە، گرنگییەکی ئەوتۆی نەبو.
ململانێکانی یەکێتی و پارتی وایکردوە تا ئێستا کەسێک لە شوێنی قوباد تاڵەبانیی دانەنرێ. لۆبیی کوردییش لە ئەمریکا تا ئێستا نەیتوانیوە وەک پێویست چالاک بێ. ئەم دوانە هۆکار بون بۆ سەرنەکەوتنی سەردانەکەی بارزانی بۆ ئەمریکا.
ئەمریکا لە ئێستا دا، فشاری زیاتر بۆ سەر حکومەتی هەرێم دێنێ بۆ قبوڵکردنی مەرجەکانی بەغدا لە مەسەلەی نەوت.
پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و داڕشتنی سیاسەتێکی دورمەودای نیشتیمانیی و ئەنجامدانی چاکسازیی رادیکاڵ لە سیستەمی سیاسی و ئابوریی کوردستان دا، مەرجی سەرەکیین بۆ سەرکەوتن بەسەر قەیرانەکان دا.
له " f "كمال چۆمانى