02/02/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
لە دەربەندیخان ١٤ خوێندکار دەکەونە بەر شاڵاوی فەصڵکردن
پاش ئەوەی کە شەوی ٤ – ١٢ – ٢٠١٣ کۆمەڵێک خوێندکار لە بەشە ناوخۆیی(سەعید کاکی) لەبەر نەبوونی خزمەتگوزاریی لەبەشە ناخوخۆییەکەیاندا ڕژانە سەر جادە و شەقامی سی مەتریان داخست و ئاگریان تیدا کردەوە ،دواتر لە ڕێگەی هێزە ئەمنییەکان و بەشێک لە ما مۆستایانەوە کۆتایی بە ناڕەزایەتییەکە هێنرا،دوابەدوای ڕووداوەکە پەیمانگای تەکنیکی دەربەندیخان لیژنەیەکی لیکۆڵینەوەی بە ئەندامێتی پێنج مامۆستا پێک هێنا و بڕیاری فەصڵ کردنی بۆ ماوە جیاواز سەپاند بەسەر ١٤ خوێندکاردا.
سەبارەت بەو پرسە پەیامنێری " بزاڤ پرێس" سەردانی(د.صباح) سەرۆکی لیژنەکەی کرد و بەڕێزیان لە وەڵامی پرسیارەکانی "بزاڤ پرێس"ى رایگەیاند: (دیارە ئەو ڕووداوە سەرەتای دەوام بوو بەشێک لەو خوێندکارانە لە کاتژمێر سێ و چواری ئەو ڕۆژەدا گەشتبوونە جێ و هەر ئەو شەو بە بیانووی نەبوونی خزمەتگوزاریی هاتونەتە سەرشەقام و ئاگریان کردووەتەوە و ڕێگەی هاتوچۆیان داخستووە)،هەر لە درێژەی قسەکانیدا سەرۆکی لیژنەکە بە " بزاڤ پرێس"ی ڕاگەیاند: (کە ئەوان هیچ داواکارییەکیان بەرز نەکردووەتەوە و یەکێک لە بیانووەکانیان نەبوونی ئاو بووە ،لە کاتێکدا تەکنییەکی ٥٠ – ٦٠ بەرمیلی هەبووە و تەنها ئەوەی ویستووە کە هەڵبدرێتە سەر تەنکییەکانی سەربان).
لە بەرامبەردا یەکێک لە خوێندکارە فەسڵکراوەکان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکتریت بە "بزاڤ پرێس"ی راگەیاند: ( ئێمە بۆ داواکاری و مافەکانی خۆمان هاتووینەتە سەر شەقام،بەڵام ئەوان بەم جۆرە وەڵامی داواکارییەکانی ئێمەیان دایەوە)،هەر ئەو خوێندکارە رایگەیاند:(تەنها ١٤ خویندکار سزادراون کە لای هەموو کەس ڕوونە خۆپیشاندانێکی لەو جۆرە بە ١٤ کەس ناکرێت)،لەبەرامبەردا د.صباح رایگەیاند: (لیژنەکەمان کۆمەلێ گرتەی ڤیدیۆیی دەست کەوتووە کە دەری دەخات کێ زۆرترین بەشداری هەیە لە ڕووداوەکەدا و ئاگر دەکاتەوە و ڕێ لە سەیارە دەگرێت).
لە وەلامی ئەو پرسیارەی کە ئایا ئەم قوتابیانە بە چ یاسایەک سزادراون، د.صباح ووتی:(بە چەند یاسایەک ئەو قوتابیانە فەصڵکراون،بەشێکیان بەپێی یاساکانی بەشە ناوخۆیی و بەشێکیشیان بە پێی ئەو ڕێنمایانەی کە لە وەزارەتی خوێندنی باڵاوە بۆمان هاتووە)،هەروەها ڕایگەیاند:(کە ئەم بڕیارانە بەرز کراونەتەوە بۆ لای ڕاگر و سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلۆتەکنیکی سلێمانی و لەوێ سزاکان پەسەند کراون).
لەبەرامبەردا خویندکارێکی دیکە کە ئەویش بەمەرجی ناونەهێنانی هاتە دوان بۆ بزاڤ،ووتی:(کە ئێمە دانمان بە هەڵەی خۆماندا ناوە و داوامان لە عەمید کردووە کە چۆن مندالێکی خۆی لەیەکەم هەڵدا سزا نادات و دەری ناکات و دەیبەخشیت،هەمان حسابیش بۆ ئێمە بکات بەلام دیارە ئەو نەیتوانی ئەو حسابە بۆ ئێمە بکات).
لە کۆتایی قسەکانیدا د.صباح ووتی:(کە ئەو قوتابیانە ماوەی فەصڵ کردنیان جیاوازە،خوێندکارێک فەسڵی سالێکە و ٥ خوێندکاریش فەسلی ١٥ ڕۆژ و دواتر دەردەکرێن لە بەشە ناوخۆیی،ئەوانی دیکەش تەنها دەرکراون لە بەشە ناوخۆییەکان).
چاودێرێکیش بە "بزاڤ پرێس"ی ڕایگەیاند:(کە هەر لە سەرەتای ساڵەوە لە دەربەندیخان کێشەی بەشە ناوخۆیی هەبوو وە و دەیان قوتابی بێ جێگا بوون،گوومان دەبرێت لەبەر ئەم هۆکارە ئەو خوێندکارانە لە بەشە ناوخۆیی دەرکرابن).
هەر ئەو خوێندکارەی کە ناوەکەی لە لای بزاڤ پارێزراوە سوپاسی سایتی بزاڤ پرێسی کرد کە یەکەمین دەزگای ڕاگەیاندنە هاتووە بەدەم کێشەکەیانەوە و داوای لە دەزگاکانی دیکەی راگەیاندن کرد کە بێ دەنگ نەبن و ڕووماڵی ڕووداوەکە بکەن،داواشی لە وەزیری خویندنی باڵا کرد کە بێتە سەر خەت و جاوێک بە دۆسییەکەیاندا بخشێنێتەوە.