پردێكی رێگای سەرەكی نێوان كەركوك – بەغدا ته‌قێنرایه‌وه‌
25/01/2014 نوسەر: bzavpress

پردێكی رێگای سەرەكی نێوان كەركوك – بەغدا ته‌قێنرایه‌وه‌

تیرۆریستان پردێكی رێگای سەرەكی نێوان كەركوك – بەغدایان تەقاندەوەو بەهۆی كەوتنە خوارەوەی ئۆتۆمبێلێكیش لەو پردە پێنج كەس برینداربوون و قەرەباڵغی لەسەر ئەو رێگایە سەرەكییە دروستبووە.
سەعات 3ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ 25-1 تیرۆریستان لەڕێی بۆمبی چێنراو TNTوە پردی سەرحەدیان لەگوندی مەفتولی ناحیەی ئامرلی سەر بەقەزای خورماتوو تەقاندوەتەوە كە رێگای سەرەكی نێوان كەركوك – بەغدای پێدا دەڕوات.

بەهۆی تەقاندنەوەی پردەكەوە لەئێستادا قەرەباڵغیەكی زۆر لەسەر ئەو رێگایە دروستبوەو شۆفێران بۆ پەڕینەوەیان ناچارن پردێكی تری نزیك بەپردە تەقێنراوەكە بەكاربهێنن كە هێشتا دروستكردنی تەواو نەبووە، رونیشكردەوە دوای روداوەكە ئۆتۆمبێلێك كە پێنج سەرنشینی تێدا بووە لەبازگەیەكی سوپای داوەو نەوەستاوەو كەوتوەتە ناو ئەو پردە تەقێنراوەو بەهۆیەوە سەرجەمی سەرنشینەكانی ناوی برینداربوون.

ناوچەی روداوەكە دەكەوێتە ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی ئۆپراسیۆنی دیجلەوە.