لە ناحیەى چوارقورنە کۆبوونەوەیەکى بەرفراوان ساز دەکرێت
18/01/2014 نوسەر: bzavpress

لە ناحیەى چوارقورنە کۆبوونەوەیەکى بەرفراوان ساز دەکرێت


بڕیار وایە سبەى یەک شەممە19/1/2014 کاتژمێر 1ى دوا نیوەرۆ, لیژنەى سەرپەرشتیارى ناحیەى چوارقورنە لەسەر داواى کۆمەڵێک چالاکوانى ئیدارەى ناحیەکەو بە ئامادە بوونى هەریەکە لە حسێن ئەحمەد بەڕێوەبەرى ناحیەو ئەحمەد على سەرۆکى شارەوانى و تەواوى بەرپرسى فەرمانگەکانى ناحیەکە, کۆبوونەوەیەکى جەماوەرى لە هۆڵى خانەى رۆشنبیرى چوارقورنە ساز بکرێت 

بەپێى زانیاریەکانى" بزاڤ پرێس" لەو کۆبوونەوەیەدا سەرجەم چین و توێژەکانى سنورى ئیدارەى ناحیەى چوارقورنە بەشدارى تێدا دەکەن و کارو پرۆژە تەواو بووەکان و ئەوانەشى لە ئیستادا لە کاتى جێبەجێ کردندان و تەواو نەبوون دەخرێنتەروو, دواتریش لەلایەن ئامادەبوانەوە هەڵسەنگاندن بۆ پرۆژەکان دەکرێت و بەنجە دەخرێتە سەر کەم و کورتیەکانى پرۆژەکان .

هەر لەو کۆبوونەوە جەماوەریەدا ئاستى فەرمانگە حکومیەکان لە راپەراندنى ئەرکەکانیان باسى لێوە دەکرێت.
بەپێى ئەو زانیاریانەى دەست بزاڤ کەوتووە دواى تەواو بوونى کۆبوونەوەکە لەلایەن لیژنەی سەرپەرشتیاری ناحیەوە ئەنجامى کۆبوونەوەکە دەخرێتە روو دواتریش بەپێى چالاکى و ناچالاکى فەرمانگەکان سزاو پاداشت دەکرێن .
بەشێک لە چالاکوانانى ناحیەى چوارقورنە پێیان وایە ئەم کۆبوونەوەیە لە ئیستادا کاتەکەى بەسەر چووە دەبوو پێش ساڵیک لەمەوبەرو لەکاتى دەستپێکردنى پرۆژەکانى جوانکارى ناو شارو دووسایدى ناوشار ,کۆلێن سیتى و شەقامى 30 مەترى دەرەوەى شار ئەنجام درابا 
بەشێکیش لە هاولاتیان پێیان وایە ئەم پرۆژانە خزمەتگوزارى سەرەتاین و هیچ پرۆژەیەک بۆ گەنجان نەکراوە.
ئەم کۆبوونەوەیە لەکاتێکدایە لەگەڵ بەڕێوەچوونى خۆپیشاندانەکانى قەزاى سەیدسادق لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکانى ئەنتەرنێتەوە داواى گردبوونەوەى نارەزاییان دەکرد و نیگەرانى خۆیان کەمى لەکارو خزمەتگوزارى ناحیەکەیان دەردەبرى.