دەركەوتنی قوتابخانەكانی فەلەك لە بەغداددا، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕەشید و بە تایبەتی مەئمون، كە زانایان كاری باشیان بە ئەنجام گەیاند لەم زانستەدا و لێكۆڵینەوەی باشیان كرد لە ناوچەكانی ( بەغداد ، دیمەشق ، ... )، بۆئەمەش چەند گەردونبینیەكیان (مرصد) دروست كرد كە یەكیان لە دیمەشق وئەوی دیكەشیان لە ناوچەی شماسیە لە سەروی ڕۆژهەڵاتی بەغداد بۆ سەیركردن و لێكدانەوەی جوڵە فەلەكیەكان بوو .
صلیخ ، كە جێگایەكی گەورەبو لە بەغداد ، خەلیفە مەئمون و گەورە زانایانی بواری فەلەكی تێدا كۆدەبونەوە و بیردۆز و كارە زانستیەكانی تایبەت بەم زانستەیان دەخستە ڕوو . لەبەغدادیشدا گەردونبیەكی لێبوو كە بە گەردونبینی مەئونی ناسرابوو ، چەند فەلەكناسێك كاریان لەسەر دەكرد، وەك : ( سند كوڕی عەلی منجم مەئمونی ) كە شوێن و جێگە و جوڵەی كەوكەبەكانی دیاری دەكرد. عەباس كوڕی سەعید جەوهەریش لێكۆڵینەوەی لەسەر شوێنی هەندێ لە هەسارە جوڵاوەكان كرد. یەحیا كوڕی ئەبی مەنصور منجمیش ، كتێبێكی نوسی بەناوی ( الزیج ممتحن ) ، كە تیایدا باس لە هەسارەكان و دیاریكردنی جوڵەیان ( خێرای ، هێواشی ، وەستان ، گەڕانەوە ،.. ) دەكات لەگەڵ كتێبێكی تر بەناوی (السد الساعة في الارتقاع بمدینە السلام). هەرچی ئەحمەد كوڕی محمد كوڕی كەسيرفرغانییشە جگە لەهەوڵە گرنگەكانی لەبواری گەردوندا كتێبێكیشی نوسی بەناوی ( المدخل الی علم هیئە الافلاك وحركات النجوم ). دوایی كوڕەكانی موسا كوڕی شاكر* دەستیان كرد بەكار لەسەر گەردونبینیەكەی سەر دەرگای تاق لەسەر ڕۆخی ڕوباری دیجلە و توانیان كۆمەڵێ زانیاری لەسەر گەردون بە دەست بهێنن.
یەكێكی دی لەوانەی لە زانستی ئەستێرە و هەسارەكاندا كاری دەكرد لەم سەردەمەدا ( جەعفەر كوڕی عومەر بەڵخی )بوو كە دەناسرێ بە(ئەبومعشر فلكی)، لەسەرەتای ژیانیدا لەگەڵ هاوەڵانی فەرمودەدا بو ، پاشان دەستی كرد بە زانستی هەسارەكان لە تەمەنی ( 47 ) ساڵیدا و چەند دانراوی بە نرخی دانا لە وانە ( اثبات العلوم ) و ( هیئة الفلك ) ، ئەوەی زیاتر توانی پەرە بدات بەزانستەكەی تەمەنە درێژەكەی بو كە دەڵێن زیاتر لە (100) ساڵ ژیاوە.
ول دیورانتیش لەم بارەیەوە دەڵێ : ( مەئمون كۆمەڵێ لە فەلەكناسەكانی دانا بۆ سەیر كردنی بورجە ئاسمانیەكان و لەمەوە چەند ئەنجامێكیان بە دەست هێنا، لەوانە: ( تاقیكردنەوەی دۆزراوەكانی بەتلیموسی فەلەكی، دراسەكردن لەسەر خۆرە پەڵە و بەدەست هێنانی خڕێتی زەوی ، كە ئەمەشیان سەرەتا بە پێوانەی پلەی زەوی كرد بە سەیركردن و دیاری كردنی شوێنگەی خۆر لە تەدمور و سنجار لە یەك كاتدا )، لەبەر ئەوەی تەدمور و سنجار زەویەكەی لە ئاستی ڕوی دەریاوە یەكسانە. ئیبن خلكان، تەواوی باسەكەی هێناوە و شێوازی كاركردنی كوڕانی موسا لە بیابانەكانی ( سنجار ) و ( كوفە ) كە تەنها مەبەستیان تاقیكردنەوە بوو لەسەر ئەو زانیاریانەی لە كتێبە گەردونیە كۆنەكاندا هاتبوو، لەمەشەوە ئەو ڕاستیەیان بۆدەركەوت كە هەموو پلەكانی فەلەك بەرامبەر بەڕوی زەوی (1 / 3 ، 66 ) میلە ، ژمارەی پلەكانی فەلەكیش (360) پلەیە ، لەبەر ئەوەی فەلەك دابەش ئەبێت بەسەر (12) بورجدا و هەمو بورجێكیش (30) پلەیە ، بەمەش دەكاتە (360 ) پلە، ئەمانیش هاتن ئەم پلەیەیان (360) لێكدا لەگەڵ (1 / 3 ، 66 ) بەمەش (24) میل ئەنجامی بوو كە دەیكردە (18) هەزار فرسەخ.
لە دوای گەیشتن بەم ئەنجامە و سەلماندنی بیرۆكەی پێشینان، سێ براكە كتێبێكیان نوسی لەسەر پێوانەی ڕوبەری بازنە ( فی قیاس مساحات مسگحە او مستدیرە )، كە پاشتر وەرگێڕرا بۆ لاتینی لەلایەن ( جیرارد الكریمونی ) . كتێبەكە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا ناسراوە بە كتێبی ( سێ براكە *) liber trium fratrum de geometrica ناسراوە.
هەروەها كتێبێكی ناوداریان دانا بەناوی ( الزیج المصحح ) كە ئەم كتێبە بیردۆز و چەند ڕاستیەكی گرنگی تێدایە ، لە بارەی ئەنجامە ژمێریایەكانەوە ، ئەوەبو ژمارەكانی لادانیان دۆزیەوە ( 533 ، 33 خولەك ، 59 چركە ) .
مەئمون بۆ خۆیشی بەڕادەیەكی زۆر كەوتبوە ژێر كاریگەری ئەم زانستەوە ، دكتۆر حسن ئیبراهیم حسن نمونەیەكمان بۆ باس دەكات كە لە ئیبن ( قیفطی)ەوە بۆمان دەگێڕێتەوە ، كە مەئمون پشتی پێبەستوە لە هەڵبژاردنی ئەو ڕۆژەدا بۆ بەیعەتدان بە عەلی ڕەچا (عەلی عەسكەری) كە یەكێكە لە ئیمامەكانی مەزهەبی شیعە .
پەراوێز و سەرچاوەكان
1. حسن ابراهیم حسن : تأریخ الاسلام ، ج2 / ص 288 .
2. ول دیورانت : قصە الحضارة ، ت : محمد بدران ، ج2 من مجلد الرابع / ص182 .
3. ابن خلكان : وفیات الاعیان ، ج5 / ص 161_ 163 .
4. زیغرید هونكە : شمس العرب تسطیع علی الغرب ، ص120 .
5. د. جابر عزیز الشكری : تأریخ العلم الكیمیاء ، ص83 .
سێ براكە: ئەحمەدی كڕی موسا ( مردوە لە 265 ك/ 879م ) ، بەناوبانگ بو لە زانستی میكانیكدا . محمد كوڕی موسا شارەزا بو لە زانستی فەلەك و بیركاریدا ، مردوە لە ( 259 ك 873م ) . لەگەڵ حەسەنی كوڕی موسا ، كە بەناوباگ بو لە ئەندازیاریدا . بڕوانە / عباللە سندە : ال شاكر ، ص 5 , 8 .
6. محمد رجب السامرائی : علم الفلك عند العرب ، ص 84_85 .
7. د. جابر عزیز الشكری : تأریخ العلم الكیمیاء، ص83 .
8. د. علی عبداللە الدفاع : اثر علماء العرب والمسلمین فی تطویر علم الفلك ، ص16