24/06/2013
•
نوسەر: bzavpress
•
ئیمان , هێز و توانایە !
با بەچەند پرسیارێک دەست پێبکەین :
• ئایا (ئیمان) گۆڕانکاری دروست کردووە بەسەر ژیان و گوزەرانت ؟
ئەگەر گۆڕانکاری دروست کردووە ، ئایا توانیوتە کە خەڵکی دەوروبەرت لەم گۆڕان و سووڕانە باش و ئیجابیە بێ بەش نەکەیت ؟
• بەرهەمی ئیمان و ئیسلامەکەت چی بووە ؟
• ( قورئان) کاریگەری لەسەرت هەبووە یان قسە وکرداری خەلکی دیکە ؟
• ئەو هێز و توانایەی کە دەستت کەوتووە وبە هۆیەوە قسە دەکەیت و دەنووسیت و هەڵسوکەوت دەکەیت سەرچاوەکەی (ئیسلام)ە یان شتێکی تری دونیایی؟
سەرەتا دەبێت بزانین کە ئیمان بە مانای هێزێکی بێ پایان دێت ! واتا گەورەترین هێز لە نێو دروستکراوان هێزی ئیمان و بڕوایە ! لە قورئانی پیرۆزدا باس لەم هێزە گەورەیە دەکات کە کاتێک شەیطان گوتی ((قَالَ فَبِعِزَّتِكَ لَأُغْوِيَنَّهُمْ أَجْمَعِينَ (( واتا (شهیتان وتی: سوێند بهدهسهڵاتی بێ سنوورت شهرت بێت ههر ههموویان گومڕاو سهرگهردان بکهم ) دواتر گوتی ((إِلَّا عِبَادَكَ مِنْهُمُ الْمُخْلَصِينَ ( ( واتا (جگه له بهنده و عهبده دڵسۆزهکانت که ههڵبژارهدهی خۆتن (دهسهڵاتی ئهوانم نیه).) چونکە هیزی ئیمان و بڕوای ئەوان ئەوەندە زۆر و توانادارە کە شەیطانی ) نەبینراو) بە هەموو هێز و توانایەکیەوە ناتوانێت لە خشتەیان بەرێت .
ئەو هێزەی کە دڵی شێوە سەنگ و بێ پیت و فەڕ ئەگۆڕێت بە دڵێکی نەرم و نۆڵ و بەرهەمدار و پڕ لە گوڵ و گوڵزار ئەو هێزە ئەوەنە گەورە و بە توانایە کە لە ناو دڵەوە کار لە جەستە و ئەندامەکان دەکات و تەنانەت دەگوازڕیتەوە بۆ ناو دڵێکی تر و کەسێکی تر !تەنانەت یەک نیگا و چاوتێبڕین بەسە بۆ گواستنەوە و پەخشکردنی هێزی ئیمان و بەرجەستە بوونی لە ناو دڵ و جەستەیەکی دیکە !
بەڵام بۆ بەرجەستە بوونی ئەم هێزە و بینینی بەرهەمەکانی پێویست دەکات کە ئیمان بەهێز بکرێت چونکە ئاستی ئیمان و باوڕ لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە و هەر لە یەک کەسیشدا لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی تر کەم و زیاد دەکات .
زیاد کردنی ئەم هێزە جگە لە هۆکارە ماددی و کردارییەکانی وەک خوێندنەوەی قورئان و ناسینی خوای گەورە و لێوردبوونەوە لە ناو و سیفاتی خوای گەورە و خوێندنەوە و دیراسە و وردبوونەوە لە بوون و بوونەوەران و زیکر و یادی خوای گەورە و ئامادە بوون لە مەجلیس و کۆڕی ئیمانی و دانیشتن لە وانە و وتاری زانایان و ئەهلی ئیسلام و کار پێکردنی فەرمایشتەکانی خوا وپێغەمبەر بە تەواوەتی و جێ بە جێ کردنی سوننەت و ...ئەوە پێویستی بە هۆکارە مەعنەوی و نەستیەکان هەیە ، چونکە بۆ بینینی بەرهەمەکانی هێزی ئیمان دەبێت بە تەواوەتی پشت بە خوای گەورە ببەستین و خۆمان بڕوامان بە هێزو توانای ئیمانی خۆمان هەبێت و تاقیشی بکەینەوە ! چونکە تا تاقی نەکەینەوە نازانین خاوەن چ هیز و توانایەکین کە ڕەش ئەکا بە سپی ڕەق ئەکا بە نەرم سارد چڕ دەبێتەوە و دەبێت بە گەرمی و وزە لە جیهانی پڕ لە سەهۆڵ و ساردوسڕ خەڵک پۆل پۆل دێنە پێشێ و سوود دەبینن لە گەرمی و توانای ئیمانی ئێمە وتام و چێژێکی وایان پێ دەبەخشین کە پێشتر پێی نامۆ بوون و هەرگیز تام و چیژیلەم شێوەیان نەبینی بێت !
ئیتر لێکدابڕان لەگەڵ ئەم وزە و گەرمییە مەحاڵە و دەبین بە سەرچاوەی گۆڕانکاری وساردی و سەهۆڵەکان ڕاودەنرێن و ئەتوێنەوە !بەڵێ ئەم هیزە ئەگەر بە (کار) بخرێت ئەوە توانایەکی چاوەڕواننەکراومان دەبێت و گۆڕانکاری وا دروست دەکەین کە بە هیچ شێوەیەک رۆژێک لە رۆژان بیرمان لێ نەدەکردەوە، کاتێک ئەم هێزە (ئیمان) دەخەینە کار و بەرجەستەی ئەکەین هەست بە توانا و ڕێک و پێکی و جیاوازی ئەکەین ، ئەمەش ئارامی و خۆشحاڵیمان پێ دەبەخشێت )) الَّذِينَ آمَنُوا وَتَطْمَئِنُّ قُلُوبُهُم بِذِكْرِ اللَّـهِ أَلَا بِذِكْرِ اللَّـهِ تَطْمَئِنُّ )) (ئهوانهی باوهڕیان هیناوهو دڵ و دهروونیان ئارام دهبێت به قورئان و پهیامهکهی خوای پهروهردگار،ئاگاداربن دڵهکان: ههر به قورئان ویادی خواو پاپهندبوون به ئاینهکهیهوه) خۆشنوود دهبن و دهحهوێنهوه ) ئایا لەوە دڵنیاتر و ئارام بەخشتر هەیە کە ترسمان لە دوارۆژ نەبێت و ئایندەیەکی پڕ لە خۆشی و کامەڕانی چاوەڕێمان بکات ؟ !
دەی بۆ چی ئەم کامەرانی و خۆشگوزەرانی و هێز و توانایە بەرجەستە ناکەیت تا خەڵکی دیکەش سوودی لێ ببینن ؟ یان توانای بەرجەستەکردنت نییە کە ئەمەش پێچەوانەیە لەگەڵ ئەم هێزەی کە باسمان کرد یان کێشەکە لە چەندیەتی (ئیمان) دایە و پێویستی بە کامڵکردنە .
بۆچی توانا و هێزی (ئیمان)مان لێ شاراوەیە و بەرهەمەکانی نابینین ؟ ! چونکە نەمانزانیوە کە (ئیمان) واتا دڵنیایی و یەقین کە یەقینیش هەوڵ و کۆشش و خوێندنەوە و تێفکرینی دەوێت نەوەك تەقلید و عیبادەتێکی عادەتی ! هەروەها دەبێت بزانین کە (ئیمان) کاتێک لە دڵ جێگیر دەبێت ئەوە بە زوبان و گوفتار و کردار دەسەلمێنرێت ، یاخود ئیمانی دڵ بەرجەستە دەبێت لە گوفتار و کردار