په‌یامی‌ نوێی‌ ئۆجالان ئەگەر شەڕ جەھەنەمبێ ئەوا ئاشتی بەھەشتە
12/01/2014 نوسەر: bzavpress

په‌یامی‌ نوێی‌ ئۆجالان ئەگەر شەڕ جەھەنەمبێ ئەوا ئاشتی بەھەشتە


شاندی ھاوبەشی بەدەپە و ھەدەپە کە پێکھاتبوون لە جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی بەدەپە پەروین بوڵدان و ئیدریس بالوکەن و پەرلەمانتار ھەدەپە سڕی سورەیا ئوندەر، دوای گەڕانەوەی لە ئیمراڵی ئاشکرایانکرد پەیامێکی تازەی ئۆجالانیان پێیە.

لە لێدوانێکی چاپەمەنیی دا، بەدەپە رایگەیاند: ئۆجالان لە پەیامەکەیدا ھیوای ئەوەی خواستووە ساڵی نوێ ببێتە ساڵی ئاشتی و تەبایی، دیموکراسی و ئازادیی زیاتر.

ئۆجالان لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا باسی کوشتنی سێ ژنی چالاکوانی سیاسی کوردی لە پاریس کردووە و گوتوویەتی: "تاقە وەڵاممان بۆ ئەو کۆمەڵکۆژییە کە لە دژی قۆناغی چارەسەری ئەنجامدراوە ئەوەیە سەرباری ئاستەنگەکان، ھەوڵەکانمان بۆ ئاشتی و چارەسەری دیموکراتی درێژە پێ دەدین. ئەگەر شەڕ جەھەنەمبێ، ئەوا ئاشتی بەھەشتە، ئێمە قاچێکی خۆمان لە جەھەنەم دەرهاوێشتووە و بۆ دەرهاویشتنی قاچەکەی دیکەمان ناچارین چاوەڕوان بکەین."

ئۆجالان لە درێژەدە دەڵێ: ھەوڵ بۆ ئەوە دەدەن لە چوار چێوەی فۆرماتی گونجاو لەگەڵ قۆناغی چارەسەریدا، ھەوڵەکانیان درێژە پێدەدەن. "ئێمە بە پێی ھەلومەرجی رۆژ، ئیرادەی چارەسەریمان نیشانداوە، بەڵام پێویستە بزانرێ ھەتا ھەتایە ئەو بارودۆخە بەوجۆرە نامێنێ، بۆیە پێویستە بە پەلە لەو بارودۆخە جەھەنەمییە وڵات و ناوچەکەی خۆمان رزگار بکەین. رووداوەکانی ئەم دواییە ئەوەیان سەلماند ئەگەر پرۆسەی دیموکراسی و چارەسەر بە پەلە نەگاتە ئەنجام، ئەوا چ لە سەر ئاستی ناوخۆیی و چ لە سەر ئاستی دەرەکی، ناحەزانی دیموکراسی پلانگێڕی جیا جیا جێبەجێ دەکەن. چەند کەس و لایەنێک دەیانەوێ بە ئاگری کودەتا دووبارە تورکیا بسوتێنن، بەڵام پێویستە بزانن کە ئێمە بە ھیچ شێوەیەک بەنزین لە سەر ئەو ئاگرە ناڕژین."