05/01/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
هەولێر گۆڕاوە یان دۆخی هەولێر؟
کاتێ سەردەشت عوسمان تێرۆرکرا، هەولێر نەیتوانی ناڕەزایەتییەکی راستەقینە لە بەرامبەر تێرۆرکردنەکە دا نیشانبدا، کەچی ئێستا دەبینین هەولێر دەنگێکی دیاری ناڕەزایەتییەکانە لە بەرامبەر تێرۆرکردنی کاوە گەرمیانیی دا.
پرسیارێک خۆی قیتکردۆتەوە: هەولێر گۆڕاوە یان دۆخی هەولێر؟
هەندێک دەیانەوێ وا نیشانبدەن ئەگەر کاوە گەرمیانیی لە هەرێمی زەرد دا تێرۆربکرابوایە، ئەوا هەولێر بێدەنگ دەبو. پارتییش بۆیە رێ بەو گردبونەوانە دەدا، چونکە کاوە گەرمیانیی لە هەرێمی سەوز دا تێرۆرکراوە نەک هەرێمی زەرد.
ئەمە لە راستیی دا، دروستکردنی گومانێکی خراپە و هیچ سودێک بە بەرەوپێشبردنی ناڕەزایەتییەکان و چەسپاندنی عەدالەت بەسەر بکوژانی کاوە گەرمیانیی دا ناگەیەنێ. لەوە هەر گەڕێ گرێی سلێمانچێتی و هەولێرچێتیی توندتر دەکا لەبری ئەوەی ئەو گرێیە بکاتەوە.
بە بڕوای من، ئەگەر کاوە گەرمیانی لە هەرێمی زەرد دا تێرۆربکرابوایە، ئەوا ناڕەزایەتییەکان توندتریش دەبون.
گۆڕان و نەگۆڕانی هەولێر چەندە پەیوەندیی بە خودی شارەکەوە هەیە، دو هێندە بە دۆخی هەولێر و ئەو دەستەڵاتەی لە هەولێر دا چەندین ساڵە حوکمدەکا. هیچ دەستەڵاتێک لە کوردستان دا نایەوێ ناڕەزایەتییەکی بچوک و گردبونەوەیەکی زۆر هێمنانە و سادەش لەسەر شەقامەکان ببینێ ئەگەر ناچار نەکرێ.
لە دوای ٢٠٠٣ ەوە، دوای هەر ناڕەزایەتییەک هەتا ئەگەر بە توندوتیژیی پۆلیس و هێزەکانی ئاساییشیش کۆتاییان پێهێنرابێ، بەڵام هەرگیز دۆخەکە نەگەڕاوەتە پێش خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان، بەڵکو بەبەردەوامی دۆخەکەیان بەرەوپێش بردوە.
بۆیە دۆخی هەولێر لە ئەمڕۆ دا جیاوازە لە ٢٠١٠ نەک لەبەرئەوەی پارتیی دیموکراتیی کوردستان گۆڕا بێ، بەڵکو خەباتی خەڵکی کوردستان بۆ دیموکراسییەت و عەدالەت و ئازادیی، بەرەوپێشچوە. ئەمڕۆ کە هەولێر دەتوانێ جەریئانەتر لە ٢٠١٠ خۆپیشاندان بکا، هی ئەو خەباتە مەدەنییەیە کە لە چەند ساڵی رابردو دا کوردستان بە خۆیەوە بینیوە. هەر لێکدانەوەیەکی تر، جگە لە ویستێک بۆ بێدەنگبونی هەولێر، هیچی تر هەڵناگرێ.
بیرمان نەچێ، ئەوانەی ئەمڕۆ و رۆژانی پێشو لە هەولێر دا خۆپیشاندانیان کردوە، زۆربەیان هەر ئەوانەن کە لە چەند ساڵی رابردو دا بەبەردەوامی دەنگ و رەنگی هەولێر بونە.