ئیئتیلافی سوریا پشتگیری ئۆپۆزسیۆن دەکەن بۆ بەرەنگار بوونەوەی  داعش
05/01/2014 نوسەر: bzavpress

ئیئتیلافی سوریا پشتگیری ئۆپۆزسیۆن دەکەن بۆ بەرەنگار بوونەوەی داعش

 

ئیئتیلافی نیشتیمانی سوریا بۆ هێزی راپه‌رِین و ئۆپۆزسیۆنی سوریا، پشتگیری خۆیان دووپاتكرده‌وه‌ بۆ ئه‌و جه‌نگه‌ی كه‌ ئۆپۆزسیۆنی ئه‌و وڵاته‌ دژ به‌ چه‌كداره‌كانی (داعش) ده‌ستیان پێكردووه‌،  هه‌روه‌ها برِیاره‌ ئه‌مرِۆ یه‌ك شه‌ممه‌ ئیئتیلافه‌كه‌ كۆببێته‌وه‌ بۆ گفتوگۆكردن ده‌رباره‌ی به‌شداریكردنیان له‌ كۆنگره‌ی جنێف 2، كه‌ برِیاره‌ 22ی ئه‌م مانگه‌ ببه‌سترێت.


دوێنێ شه‌ممه‌ ئیئتیلافه‌كه‌ له‌ بڵاوكراوه‌یه‌كدا رایگه‌یاند:پێویسته‌ جه‌نگاوه‌ره‌كانی ئۆپۆزسیۆن به‌رده‌وامبن له‌ به‌رگریكردن له‌ راپه‌رِینه‌كه‌ی وڵاتی سوریا دژ به‌ میلیشیاكانی به‌شار ئه‌سه‌د و رێكخراوی تیرۆریستی قاعیده‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت خیانه‌ت له‌ راپه‌رِین بكه‌ن.


ئه‌م پشتگیری كردنه‌ی ئیئتیلافی نیشتیمانی سوریا بۆ ئۆپۆزسیۆنی وڵاته‌كه‌یان له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی ئۆپۆزسیۆن له‌ شاره‌كانی حه‌له‌ب و ئیدله‌ب له‌ جه‌نگێكی گه‌وره‌دان له‌گه‌ڵ گروپی تیرۆریستی ده‌وڵه‌تی به‌ناو ئیسلامی له‌ عیراق و شام (داعش).


له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌شیاندا كه‌ له‌ شاری ئیسته‌مبوڵی توركیا ئه‌نجامیان دا، ئیئتیلافه‌كه‌ داوای له‌ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی كرد كه‌ پشتگیری هێزه‌ چه‌كداره‌كانی ئۆپۆزسیۆن له‌ وڵاتی سوریا بكات بۆ له‌ ناوبردن و وه‌ ده‌رنانی میلیشیاكانی (داعش) له‌و وڵاته‌.


شایه‌نی باسه‌ له‌ ئه‌نجامی شه‌رِو پێكدادانه‌كانی ئۆپۆزسیۆن و داعش له‌ شاره‌كانی حه‌له‌ب و ئیدله‌ب له‌ سوریا، له‌ ماوه‌ی 24 سه‌عاتی رابردوودا به‌ ده‌یان چه‌كداری داعش كوژراون، تا ئێستاش شه‌رِو پێكدادانه‌كان له‌و ناوچانه‌دا به‌رده‌وامن.