کەسوکاری کاوە دەعوەیان لە دادگای کەلار تۆمارکرد منیش لە دادگای ئاسمان
31/12/2013 نوسەر: bzavpress

کەسوکاری کاوە دەعوەیان لە دادگای کەلار تۆمارکرد منیش لە دادگای ئاسمان


لەبیرمە منداڵ بووم دەیان بردم بۆلای باوکم لە شاخ، دایکیشم لەبری ڕازی تتیلەو ببیلەو بۆ ئەوەی هەستی فەراغی باوکم لا دروست نەبێت بەردەوام باس و خواستی قارەمانێتی پێشمەرگەکان و خۆشی وەتەن و جێگەی باوباپیرانی بۆ دەکردم، کە بەهۆی بەعسەوە لێی مەحروم بوو بووین. ویستی خوای گەورە وەها بوو سەدام حسێن لەناو ببات، ئەوە بوو هۆکاری بۆ دروست بوو تا ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانی سەدامیان بۆ ڕوخاندین و پێشمەرگەش کردیان بە دەستەگوڵی خۆیان!
بە جێگەی خۆمان ئاشنابووین و ووردە ووردە ئەو بەرپرسانەی کە جێگەی ڕازەکانی شەومان بوو پێیان ئاشنا دەبوم!
ئەو جێگەی کە ساڵانێکی تولانی بە ئاواتیەوە بووین خوا هەڵناگرێت جێگە دەستی خزمەتگوزاری بەعسی تا ئێستەش پێوە دیارە، جادەی قیری بردبووە سەر شاخەکان و ئەو جێگانەی کە جاران باوك و باپیرمان وەك خۆیان دەڵێن کەریشی پێدا نەدەچوو سەدام کردبووی بە جادەی قیر، هەر بە ڕووخانی سەدام هەر ماڵەو خانویەکی موسەلەحی ڕێك و پێکمان لە دوای سەدام بۆ بەجێما، لە دوای ڕوخانی سەدامەوە تا ئێستە ئەوەی ئەم حکوومەتە کردوویەتی بۆ ئەو ناوچانە یەك لە سەدی ئەوە نی یە کە سەدام کردبووی، وا ئێستەش کێشەی کردنی ناوچەکە بە کارگەی چیەمەنتۆ لەلایەن چەند بەرپرسێکەوە جێگەی باس و خواست و دڵەڕاوکیەو ناڕەزایەتیە، جگە لە چاندنی ناکۆکی و دووبەرەکی هەر بە هەمان بۆنەوە.
بەرپرسەکانیش ناویان ناهێنم هەموویانمان بۆ دەرکەوت و من گلەیی لە دایکم دەکەم کە بە درۆ گەورەی کردم!
سەقافەت و کوردایەتی و پێکەوە ژیان و کوردستانی گەورە هەمووی بە کرداری بینیمان هەر لە شەڕی ناوخۆوە تا دابەشکردنی پۆست و پلەو پارە، فرۆشتن و گۆڕینەوەی گشت ئاواتەکان بە خواستی بەرپرسەکان.
چ کارێکی ئەم دەستەڵاتە بە هی سەدام و عەرەب و شۆڤیەنیەکان بەراورد بکەیت بە زیادەوە دەستت دەکەوێت، دەبێت ئێمەش هەر شکور بین و الحمدللە بکەین کە هەرباشە مادام کوردن!
زاڵمیەتی ئەم دەستەڵاتە لە ئاستێکدا کە کاوەش بەرگەی ناگرێت، لەبیرمە کە منداڵ بووم هەر کە خۆر ئاوا دەبوو دایکم بانگی دەکردمەوەو دەیگوت کوڕم وەرەوە ناوەختە، هەموو ناوەختێکی ئەم دەستەڵاتە وەختە بۆ کوشتن و کاوەیەکی داماو ئەو ناوەختەی لێ دەکەن بە وەخت بۆ تیرۆرکردنی، چەندان نموونەی ناهەقی و ستەمکاری و تیرۆرو ماڵوێرانی لە هەرێمێکدا کە هێشتا نەك نێو دەوڵەتیەن ئیعترافی پێ نەکراوە بەڵکو هەر لە ناوخۆی هەرێم خۆشیدا زۆنی سەوزو زەرد ئیعتراف بە یەکتر ناکەن.
زۆربوون ئەوانەی لە دەستی بەعس ڕزگاریان بوو دواتر بوون بە قوربانی خواستی بەرپرسەکان.
هیچ کایەیەك نی یە لەم هەرێمەدا بەبیری مرۆڤەکاندا بێت و دەستی ڕەشی حیزبایەتی ڕەشی نەکردبێت.
کوشتن و تیرۆرکردن لەسەروی هەموویانەوەو بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی گشتی لە خواری هەموویەوە.
نووسێنکی کورتی بەم شێوە بە رئوسول ئەقلامیش فریای ستەم و نادادگەریەکان ناکات، ئێمەش دەبێت تەنها دڵمان هەر بە کورد زوبانیەکە خۆشکەین ئەویش نەك لەبەر گرنگی زوبانی کوردیەکە بەڵکو لەبەر ئەوەی هیچ زوبانێکی تر نازانین! ئەوە نی یە جل گۆڕینەکە ئاسانە ئێستە بووە بە عەیبە جلی کوردی و تا ئێستەش بە ڕەسمی نەکراوە لە دامودەزگاکاندا.
بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵکی باسی هەر چوار پارچەی کوردستان دەکەن و لە واقعیشدا هەر ئەم پارچەی کە ئێمە لەسەری دەژین زیاتر لە چوارپارچە!، هیچ ناوچەیەك نی یە دانی خێر بە ناوچەیەکی تردا بنێت و سۆرانی و بادینی و هەورامی و گەرمیانیش با لەولاوە بوەستێت، سۆرانی بادینی بە کورد نازانێت و دەڵێت زوبانی سۆرانی زوبانی نوسین و فەرهەنگی کوردیە، بادینیش دەڵێت ئێمە زۆرینەین!، سلێمانی هەوڵیری بە گێڵ دەزانێت و هەولێریش دەستەواژەی تر بەرانبەر سلێمانی، هەر کە توڕەش دەبن بەرانبەر هەڵەبجە ڕقی ناخی خۆیان ناتوانن بشارنەوە کە بەعس ناهەقی پێنەکردوون کیمیاوی بەسەردا کردوون ئەوە نی یە هەموویان تیرۆریستن!، دەرمانخانەیەکی مەلا عەلی کەڵەڵ لەبەر ئەوەی مۆرکی دینی پێوەیە دایدەخەن و جێگەی تر هەیە چاوی دەیان مرۆڤی دەرهێناوە پشتگیری دەکەن!، لەسەدا نەوەدو پێنجی ئەم هەرێمە مسوڵمانەو دەستور پشتگیری بنەما سەرەکیەکانی دەکات لە هوتێلەکاندا ئافرەتی منداڵ لەشفرۆشی تێدا دەکات نەك هەر حکومەت هیچ ڕێکخراوێکی ژنانیش فزەیان لێوە نایەت، کۆمەڵێك فەقێی مزگەوتیشیان گرت بە حسان سەیری فلیمی سێکسیان کردووە! باسی ستەمی بەعس دەکەن کە چەند ئافرەتێکی بە میسر داوەو بەدواداچوونی بۆ دەکەن کەچی کەسی وا هەیە دەڵێ دووسەد ئافرەتم دامەزراندووەو لەگەڵ هەر دووسەدەکەشی ڕامبواردووە جێگەی گرنگی نی یە، بەرپرسی وا هەیە ئافرەتێکی لەبەر فەردەیەك ئارد ناچاری لەشفرۆشی کردووە.
هیچ بنەمایەکی نیشتمانی نی یە کارێکی وای لەسەرکرابێت هەمووی هاوڕابێت لەسەری و وەلائی حیزبایەتی و پاشایەتی خۆی بۆ وەلا بخات لە پێناویدا.
دەیان هەزار گەنجی ئەم وڵاتە ڕێگەی هات ونەهاتی قاچاخیان گرتەبەر بەرەو ئەوروپاو فەڕاشی ئەوێیان پێخۆشترە لەژیانی وەتەنی خۆیان! هەزاران کورد لە زیندانەکانی ئەوروپا دەبەنەسەرو هێشتا ئەوێشیان پێخۆشترە لە کوردستان، کەسی وا هەیە خۆم چاپێکەوتنم لە زینداندا لەگەڵ کردووەو ووتوویەتی پێمخۆشە شەلەل لێمبدات نەك بمگەڕێننەوە بۆ کوردستان.
لە وڵاتاندا کەسێك کە توشی کێشەیەك دەبێت پەنا بۆ دادگا دەبات لەم وڵاتەدا دادگا خۆی بۆ پەنا دەگەڕێ!
تەنها یەك پێداویستی سەرەکی نی یە لەم هەرێمەدا کە چارەسەری بنەڕەتی بۆ کرابێت.
کارەبا بە هی حکومەت و مۆلیدەشەوە هێشتا ٢٤ کاتژمێرەکە پڕ ناکاتەوە.
لە وڵاتان غازەکەش بە بۆری لە ماڵاندایە ئێمە بە بوتڵیش هەر کێشەمان هەیە.
لە وڵاتە زۆر دواکەوتووەکان نەبێت نەوت بۆ گەرمکەرەوە بەکارناهێنرێت ئێمە سەد جار شوکرین لەکاتی خۆیدا نەوتەکەمان بدەنێ ئەویش نەك بە بەلاش بەڵکو هەندێك هەرزانتر لە بازاڕ.
لە هیچ کوێی دونیا باوی تانکی ئاو نەماوە ئێمە لەگەڵ ئەوەشدا نەك هەر کێشەی بێ ئاوی کێشەی پیسی ئاویشمان هەیە.
جادەکان بە جادەی مەرگ ناودەبرێن.
دەشڵێن کوردستان بەهەشتە لەو کاتەوە لە نوێژەکانیش سارد بووینەتەوە بەهەشت چ وێرانەیەکە ئێمە نوێژی بۆ بکەین!
هەربۆیە هەموو ئەوانەو سەدانی تر سەروەری نین بەڵکو ماڵوێرانین و ئیتر کاتی ئەوەیە کاری جدی لەسەر بکرێت نەك هەر بە ئاخ و داخەوە ئەم هۆنراوەیە بڵێینەوە
کورد ئەبەد ناگاتە مەقسەد نۆکەری بێگانەیە
دودڵ و پیسن لەناو یەك بۆیە وا بێ لانەیە
میللەتێکن بۆ نەمانی یەکتری هەر هەوڵ ئەدەن
داخەکەم وردو درشتی شێت و شەیدای عانەیە