بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان بە رەسمی چووە پاڵ ئەو کەس و لایەنانەی نەیاری رۆیشتنی گەنجانی کوردستانن بۆ سوریا.
30/12/2013 نوسەر: bzavpress

بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان بە رەسمی چووە پاڵ ئەو کەس و لایەنانەی نەیاری رۆیشتنی گەنجانی کوردستانن بۆ سوریا.


گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی لەکوردستان دەڵێ، بۆچوونی رەسمی بزووتنەوەکەیان ئەوەیە، لە رووی شەرعەوە هیچ کەسێ لە کوردستان تەکلیفی ئەوەی لەسەر نییە بۆ شەڕ و جیهاد بچێتە سوریا.

عبدالله وەرتێ لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە کە دەدرێنە پاڵ حزبەکەی گوایە بەشێک لە ئەندامانیان، ھانی گەنجان دەدەن تا بۆ شەڕ و جیهاد بچنە سوریا و

 وتی:" ئێمە نە گەنجان دەنێرینە سوریا بۆ شەڕکردن و نە ھانی گەنجانیش دەدەین ئەو کارە بکەن, ئەمە بۆچوونی سەرکردایەتیی حزبەکەمانە.

گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان جەختیکردەوە: "لەڕووی شەرعی و کۆمەڵایەتییشەوە، گەنجانی ھەرێم تەکلیفیان لەسەر نییە تا بچنە سوریا بۆ شەڕکردن، باشترە تواناکانیان لەپێناو خەڵکی کوردستان بەکار ببەن نەک بچنە ئەملا و ئەولا و گیانی خۆیان بکەنە قوربانی. ئێمە گەنجانی کوردستان ھان دەدەین نەچنە سوریا بۆ شەڕکردن، چونکە واجب نییە لە سەریان.
حەفتەی رابردوو هێزەكانى ئاسایش  لە هەڵەبجەی شەهید، ئەندامێکی سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان، بە تۆمەتی هاندانی گەنجان تا بچنە سوریا دەستگیر کرد. رۆژی یەکشەممە ئاسایش رایگەیاند ئەو کەسەیان ئازاد کردووە و تۆمەتەکانی لەسەر ساغ نەبۆتەوە.
بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان، ساڵی ١٩٨٧ وەکو یەکەمین ھێزی ئیسلامیی چەکدار و جیھادی، دامەزراوە. ئێستا بزووتنەوەی ئیسلامی وەک حزبێکی سیاسی چەندین ساڵە بەشداریی ھەڵبژاردن دەکا و ھیچ چالاکییەکی چەکداریی نەماوە.