نەوشیروان مستەفا دوو شەو لە هەولێر لەكوێ نوستووە؟
27/12/2013 نوسەر: bzavpress

نەوشیروان مستەفا دوو شەو لە هەولێر لەكوێ نوستووە؟

 

بزووتنەوەی گۆڕان ماوەی دوو رۆژ لە شاری هەولێر سەرقاڵبوون بە بەستنی یەكەم كۆنگرەی حیزبەكەیان، بۆ ئەمەش ژمارەیەكی زۆر لە ئەندام و هەڵسووڕاوانیان لە سلێمانی و دهۆك و قەزاو ناحییەكانەوە روویان لە پایتەختی هەرێمی كوردستان كرد‌و ژمارەیەك هۆتێلیان بۆ گیرا، بەڵام رێكخەری گشتیی بزووتنەوەكە لە هیچ هۆتێلێكی شارەكە نەنوستووە. نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، رۆژێك پێش بەستنی یەكەم كۆنگرەی حیزبەكەی، واتە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 25-12-2013 گەیشتە هەولێر و یەكەم شوێنیش كە سەردانی كرد، هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا بوو، ئەو هۆڵەی كە دوو رۆژی كۆنگرەكەیانی تێدا بەڕێوەچوو. بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی رووداو نەوشیروان مستەفا و عومەری سەید عەلی، هەڵسووڕاوی دیاری بزووتنەوەكە، پشووەكانی نیوەڕۆو ئێوارەی نێو كۆنگرەیان لەو هۆڵە بەسەربردووە‌و تەنانەت شەویش لەوێ نوستوون‌و شوێنی تایبەتیان بۆ ئامادەكراوە. بزووتنەوەی گۆڕان لە 25-7-2009 بە سەرۆكایەتی نەوشیروان مستەفا وەك لیستێك بۆ هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان خۆی راگەیاند و 25 كورسی بەدەستهێنا. لە 31-5-2010، مۆڵەتی فەرمی لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە‌و لەوكاتەشەوە نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتیی بزووتنەوەكەیە. 26-12-2013 یەكەمین كۆنگرەی ئەو حیزبە بەبێ ئەنجامدانی هیچ هەڵبژاردنێك و بەبێ داوەتكردنی هیچ لایەنێكی سیاسیی كوردستانی، عێراق و جیهانی دەستیپێكرد‌و ئەمڕۆ 27-12-2013 كۆتایی بە كارەكانی هات.