عەربەت: کەمی خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ پەنابەرانى سوريا
25/12/2013 نوسەر: bzavpress

عەربەت: کەمی خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ پەنابەرانى سوريا


ئەو پەنابەرە سوریاییانەی لە کەمپی عەربەتی خۆرهەڵاتی شاری سلێمانی نیشتەجێ کراون، پێویستیان بە پسپۆڕی تەندروستی ھەیە.

کەمپی عەربەت ١٥ کیلۆمەتر لە سلێمانییەوە دوورەو نزیکەی دوو ھەزار پەنابەری تێدا نیشتەجێ کراون.

پێداویستییەکانی وەک خۆراک و پۆشاک، پێخەف و کەلوپەل لەلایەن خێرخوازانی ناوچەکە بۆیان دابین دەکرێ. ئەو پەنابەرانەی کاریان دۆزیوەتەوەو حاڵیان باشە خانووی کرێ لە شاری سلێمانی دەگرن و کەمپ جێدێڵن.

بەپێی ئامارێک ژمارەی ئەو پەنابەرانەی لەناو شاری سلێمانیدا نیشتەجێ بوون زیاتر لە بیست ھەزارکەسن. ئەوانەیشی کە ناتوانن خانوو بەکرێ بگرن لە شەڕێکی دەستە و یەخەدان لەگەڵ زستانە ساردو سڕەکەی ناو کەمی عەربەت.

محەمەد یوسف، یەکێکە لە پەنابەرانی کەمپی عەربەت گوتی: گەورەترین کێشەمان نەبوونی تیمی تەندروستییە، بەتایبەتی بۆ نەخۆشییەکانی ئافرەتان و فریاگوزاریی زۆر پێویستمان بە تیمێکی جێگیرە لێرە، ئەگەر وەزارەتی تەندروستیی ھەرێم رێ بە دکتۆرە سوریاییەکان بدات لێرە دەستبەکاربن زۆر باش دەبێ. چونکە ئەوکاتە بە ئاسانی دەتوانین دەردو نەخۆشییەکانیان بۆ باس بکەین. بێگومان ھەر وەک گوتم ئەوە بۆ ئافرەتان زۆر پێویستە."

یوسف هەروەها گوتی:بەھۆی بوونی ئازارێکی زۆر لە قاچم بەردەوام دەرمان بەکاردێنم، لە ڕاستیدا ھەر من نیم، زۆربەمان دەرمان بەکاردێنین، ناشزانین ئەو دەرمانانە سوودی چییان ھەیە بۆیە لە بەکارھێنانی زۆر دەترسین و بە ترسەوە دەیانخۆین.