هزرو گه‌ڕان به‌دوای ونبووه‌كانماندا
24/12/2013 نوسەر: bzavpress

هزرو گه‌ڕان به‌دوای ونبووه‌كانماندا


بینای هزری مرۆیی لەسەر گردبوونەوەو كەڵەكەبوونی شارەزایی و ئەزموون و مەعریفەو بیرورا هەمەجۆرەكان و بیروهزری ئەوانی دی دادەمەزرێت و كۆبوونەوەی ئەوانە لای مرۆڤ پێگەیەكی گەشەكردووتری پێ‌ دەدات و دواتریش دەیكاتە خاوەنی میتۆدێكی تایبەت بەخۆی لەمامەڵەو بیركردنەوەی تیۆری و پاشان هەنگاوی كردەییدا.. 

مرۆڤ لەناو ئەم دنیا جەنجاڵەدا، یان لەناو ئەم دەریا بەرفراوانەدا بەردەوام مەلە دەكات و هەرجارەو دەیەوێت ئاراستەیەك بگرێت بۆ گەیشتن بە كەناری ئەمان، وەستان و دۆگمابوون مرۆڤ بەرەو خنكان و تیاچوون دەبات، هزرو بیركردنەوەی مرۆڤ كەشتی گەیشتنە بەو رۆخە ئەمانە، ئاست و قەوارەی بیركردنەوەی مرۆڤیش جیاوازەو بەشێكیان لەناو دەریاكەدا بەلەمێكی تەقلیدی بەڕێ‌ خستووەو بگرە هەندێ‌ سواری پشتی تەختەدارێك بووە، هەندێكیش كەشتی گەورەو مرۆڤە بەهرەمەندەكانیش لەناو ئەم دەریا جەنجاڵەدا سواری پشتی پاپۆڕە ناوازەو سەرسوڕهێنەرەكان بوون.. زۆرینەیەكیش هەیە خۆیان بەو ئامرازانەی ئەوانیتردا هەڵواسیوەو خۆیان خاوەنی هیچ نین كە سەیرترینیان ئەوانەیە خۆیان بەتەختەداری سەرئاوكەوتووی ژێر كەسە داماوەكانەوە گیرساندووەتەوەو عەقڵ و هزریان ئیستیعابی كەشتی و پاپۆڕە گەورەكان ناكات، ئەوەشی خنكاوە یان بووەتە جەستەیەكی بێ‌ گیانی سەرئاوكەوتوو، ئەوانەن خاوەنی هیچ نین و دەستیشیان بەهیچی كەسیترەوە نەگرتووە.

گەڕانی ئێمە لەناو دەریای دنیا جەنجاڵەكەماندا گەڕانە بەدوای ونبووەكانماندا كە ئەوانەیە پێویستمان پێیەتی، واتە پێویستییەكانی جەستەمان، عەقڵمان، رۆحمان، ویژدان و هەستە ئینسانییەكانمان.. پشتگوێخستی هەریەكە لەو پێویستیانەش هێزی مەلەكردن و خۆڕاگریمان لەناو دەریا گەورەكەدا لاواز دەكات، با ئامرازەكەی بەردەستی پاپۆڕە ناوازەكەش بێت.
مرۆڤ پارچەیەكە لەپێویستی و پارچە پارچە نابێت، هزرو بیركردنەوەی ئەم مرۆڤەش زەمینە بۆ دەستەبەربوونی پێویستییەكان خۆش دەكات و ونبووەكانی ئێمەش هزرو عەقڵە مرۆییەكەمان پێناسەیان پێ‌ دەدات و ماهیەتیان دیاری دەكات.. كەواتە هزری مرۆڤ خودی مرۆڤەو لێی جیا نابێتەوە.