ڕەخنەیەك بۆ سیاسیە ئیسلامیەکان
22/12/2013 نوسەر: bzavpress

ڕەخنەیەك بۆ سیاسیە ئیسلامیەکان


ڕەخنەیەك بۆ سیاسیە ئیسلامیەکان

 [ شێتێك لە کەلار باوەشی کردبوو بەعامودێکی کارەباداو دەیوت خوایە بەقوربانتبم کەس لەدونیادا بەڕاستی نەماوە تەنها تۆو پاشان ئەم عامودە نەبێت ڕاستن ]
لەمسەردەمی عەولەمەیەدا هەرکەسەو بۆخۆی بەبارێکدا ددەیگێڕێت، زانایانی پێشوو لەگەڵ ئەوهەموو نەبونی ئەسباب و بێ کارەباو بێ کۆمپیوتەر و بێ ئەوەی هیچ کەرەستەیەکی تەواوکەری ژیان لەبەردەستیاندابوبێت هەموو زانستە شەرعیەکانیان کۆکردبۆوەو هیچیان لێ وون نەدەبوو، نەیشیان دەهێشت بەهیچ هێزو دەسەڵاتێك ئەو زانستە شەرعیەی کە هەیانبوە لەدەستیان بچێت و بەهەڵە بەکاریان پێبهێنن .
دەڵێن : ئیمامی احمد ڕۆژێك لەبازاڕدا منداڵێکی بینی بەتوندی ڕایدەکرد، ئیمام ووتی : ڕۆڵە ئاگاداربە نەکەویت ، منداڵەکە هاتەجواب ووتی : یائیمام تۆئاگاداربە نەکەویت ، ئەگەر تۆبکەویت ئومەتێك بەدواتدا دەکەوێت ، بەڵام من ئەگەر بکەوم تەنها خۆمم !  وەکو ئاشکرایە لەلای هەموان کە ئیمامی احمدی کوڕی حنبل هەموو دەسەلاتی سەردەمی خۆی و هەموو زاناکانی ئەو ووڵاتەو خەڵکەکەش زۆرینەیان دژی ووتەکەی ئەو قسەیان دەکرد و لەسەروی هەموشیەوە دەسەلات زۆری لیدەکرد کە بڵێت قورئان دروستکاوی خوایە ( مخلوق ) کەچی تەنها کەسێك بوو کە لەڕاستی لاینەداو هەقی بڵاوکردەوە بەسەرهەموو نەیارەکانیدا و دەیوت قورئان ووتەی خوای گەورەیە ( کلام اللە ) گەرچی دەسەڵات ئەشکەنجەو ئازاری زۆریانداو زیندانیانکردو لەناوبیردا زیندانیان دەکرد، بەڵام ئیمام احمد هەرلەسەر ووتەکەی خۆی بەردەوامبوو نەیتوانی کە ووتەیەك بڵێت کە ڕاستی نەبێت لەشەرع و دیندا .
دەگێڕنەوە لە ئیمامی عەلی کە لەیەكێك لە ووتە جوانەکانی دەڵێت : قسە تاوەکو نەیکەیت تۆ خاوەنی ئەوقسەیەی دەتوانیت بیڵێت و دەریببڕیت و دەتوانیت بیگێڕیتەوەو نەیڵێت، بەڵام کاتیك کە قسەکەت ووت ئەوکات قسەکە دەبێت بەخاوەنی تۆ ناتوانیت بیگەڕێنیتەوە .
ئێستا لەگەڵ ئەوەی کە ئەگەر کەسێك وەکو من زانستی شەرعیش نەزانێت ئاسانکاری زۆرن کە خۆمان فێربکەین و هەرشتێكت مەبەستبێت لە ئەنتەرنێتدا بینوسیت سەدەها بابەتی بەسودت بۆدێنێت و دەتوانیت خۆت فێربکەیت، بەڵام بەداخەوە کە لەم سەردەمی زانست و تەکنەلۆژیایەدا و دونیای عەولەمە، گەورەو زاناو مەلاو قسەکەرەکانمان جۆرە قسانێك دەکەن کە هیچ پێوەرێك نیە بیپێوێت و بزانین لە کوێوە هێناویانە و چۆن فێری بونە! تەنها پێناسەیەك بۆ ئەوە ئەوەندەیە کە بڵێین قسەی گیرفانی خۆیانە و هیچ بنەمایەکی نیە .
ئەوەندەی خەڵکی گیرۆدەی دەستی بەناو زاناو مەلای نامەلاو حیزبە ئیسلامیەکانن، ئەوەندە گیرۆدەی دەستی نەزان نین، کە هەرمەلایەك یان بەناو زانایەك یان ئەوسەرکردە سیاسیانەی کە ئیمڕۆهەن بەناوە سەرکردەی موسڵمانانن و حیزبی ئیسلامیان هەیە، یەکێکیان دەڵێت[ من دەروێشی...... ئەوڕێبازەم ] یەکێان دەڵێت:[ کێ دەڵێت ئێمە حیزبێکی ئیسلامین ] یەکتریان دەڵێت: [ دەنگ بدەن بەگۆڕان ] یەکیتریان دەڵێت : [ لەخەونما میوەم لەگەڵ پێغەمبەردا صلی اللە علیەوسلم خواردوە ] یەکیتر دەڵێت : [ لەوسەرکردەیە باشترمان نیەو لە هەموو کەسێك شیاوترە بۆ سەرکردەیی ] یەکیتر دەڵێت :[ جیهاد لەسوریا بۆسوریەکان جیهادەو بۆ گەنجی ئێمە جیهادنیە ] کۆتا قسە کە کۆتایی نایات و هەرڕۆژەو موعجزەیەك لە یەکێکیان دەردەکەوێت و ئێمەی ئیسلامیش کەوتوینەتە گێژاوێکەوە کە دەرچونمان مەحاڵە، بەڵام لەم هەموو قسە جوانانەدا کۆی گشتی ئەوە دەگەیەنێت کە حیزبە عەلمانیەکان لە ئیسلامیەکان باشترن [ ولا أری خیلافا في ذلك فیما بین الساسة الاسلامیین والکل یعبرها حسب تعبیرە لذلك ] .
ئەگەر کەسێك ڕەخنەشیان لێبگرێت ئەوا لای هەندێكیان بەجارێك دەبیت بەدوژمنی باوەکوشتەیان و جگە لەوەش کە لەوانەیە هەندێکیتریان عەیبداریشت بکەن و هەندێ نان وپیازخۆریشیان هەیە لەوانەیە کە بوهتانیشت بۆدروست بکەن، کە لەهیچ شوێنێکی شەرعدا جێگای نابێتەوە .
بەڕێزان : ڕاستیەك هەیە دەبێت ئەوەش بزانن، هەروەکو برایانی سەلەفی دەڵێن : ئەمانە بۆ حیزبایەتیەکەی خۆیان هەرڕٶژەو شێوازێك قسەدەکەن و فەتواکان بەئارەزوی خۆیان دەگۆڕن ، بەڕاستی ئەمەش ڕاستەو ڕاستیان ووتوە ، بەڵام ئەوەی کە من تێناگەم نازانم بۆ ڕاستیەکان نادرکێنن و تاکەی دەیشارنەوە لەو خەڵکە ! ئایە ئەمەش بەدین دەزانن ؟ یان دینەکەی ئێوە وایە کە هەرچۆنێك قازانج وبەرژەوەندی خۆتان لەکوێوە بگونجێت لەولایەوە شەن دەکەن ؟ تکایە خۆتان ئاشکرابکەن و ئاڵای بیروباوەڕی خۆتان بەئاشکرایی هەڵدەن و بیگومانبن کە هەربیروباوەڕێکتان هەبێت خەڵکانێکی زۆرهەن کە ببن بەشوێنکەوتوتان و بەگەردنی خۆیاندابدەن و هەرچی بڵێن ئەوانیش لەدوای ئێوەوە دەڵێن [ اشهد وباللە قسەکەی تەواوە ] تاکەی خۆڵ دەکەنە چاوی ئەو خەڵکەوەو ڕاستیەکان نادرکێنن ، بەسە بەس .