19/12/2013
•
نوسەر: bzavpress
•
ئەردۆغان: ئەو سەردەمە بەسەرچوو ستەم لە خەڵک بکرێ لە تورکیا
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک وەزیرانی تورکیا رایگەیاند: لە دوای ھاتنە سەرکاری ئاکپارتی، ئابووریی تورکیا سێ قات گەشەی کردووە و زیاتر بەرەوپێش دەچێ.
ئەردۆغان لە شاری کۆنیا گوتی: "ھەتا میللەت لەگەڵماندا بێ بەردەوام دەبین لە ھەڵگرتنی ئەو ستەمانەی لێیان دەکرێ. ئێستا ئەو دەوڵەتە نەما کە مامەڵە بە جلوبەرگ، دین و کەلتوورو زمانی ئەتنیکە جیاوازەکانەوە بکا ئەو سەردەمە بەسەرچوو. ھەموو کەس لە سایەی ئەم دەوڵەتەدا ئازادە و ھەموو کەسێک بۆی ھەیە بچێتە ناوپەرلەمان بە لەچک و بێلەچکەوە."
ئەردۆغان بێ ئەوەی ناوی ھیچ لایەک بێنێ گوتی: "ناچینە ژێر باری فەرمانی ھیچ کەسێکەوە و فەرمان بەسەر کەسیشدا نادەین. ئێستا لە خەمی ئەوەداین مافی ھەموو لایەک بگەڕێنینەوە بۆ لای خاوەن ماف، ئەمەیش بۆ ئاسایی بوونەوەی رەوشی تورکیایە تاکو وڵاتەکەمان بگەیەنرێتە ئاستێک کە ستانداردەکانی دیموکراتی بە بێ کەموکوڕی جێبەجێ بکا."
ئەردۆغان باسی لە قۆناغی ئاشتی کرد و گوتی: "ئەوە ساڵێکە نە لە رۆژھەڵات و نە لە باشووری ڕوژھەڵات، لە ھیچ شوێنێکی وڵاتەکەمان بەھۆی شەڕو پێکادانەوە کەس نەکوژراوە. بەھۆی بەردەوامی قۆناغی ئاشتی ناوچەکە گەشەی ئابووریی باشی بەخۆیەوە دەبینێ. بۆیە سەدەی ٢١ سەدەی تورکیادەبێ و کەس ناتوانێ ڕێگربێ لەوە. زۆر ھەوڵ ھەیە تا ڕێگربن لەبەردەمماندا و ساردمان بکەنەوە، بەڵام کەس ناتوانێ خۆی لەبەردەم کاروانی ئەم میللەتەدا بگرێ.