18/12/2013
•
نوسەر: bzavpress
•
لەنێوان ناحیەی عەربەت و شاری سلێمانی شارێكی مۆدێرن دروستدەكرێت
سەرۆكی شارەوانی سلێمانی ئاشكرایكردووە، لەنێوان ناحیەی عەربەت و شاری سلێمانی شارێكی مۆدێرن دروستدەكرێت، شارەكە بەناوی (2020) ناودەنرێت و بەتەواوبوونیشی قەرەباڵغی ناو شاری سلێمانی كەمدەكاتەوە.
دروستكردنی ئەو شارە پرۆژەیەكی هاوبەشی نێوان شارەوانی و پارێزگای سلێمانییە، لەسەر رووبەری (18) هەزار دۆنم دروستدەكرێت و بڕیاریشە ساڵی (2020) تەواوبكرێت.
لەمبارەیەوە یوسف یاسین، سەرۆكی شارەوانی سلێمانی بەرۆژنامەی (سولی ترافیك)ی وتووە: لەئێستادا سەرقاڵی دیزاینی كۆتایی پرۆژەكەن و لەنزیكترین ماوەشدا دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
پرۆژەی شاری (2020)، جگە لەژمارەیەكی زۆر لەیەكەی نیشتەجێبوون، كۆگای جۆراوجۆر و دەیان پێشانگاو كارگەی بچوك لەخۆدەگرێت.
بەوتەی رۆژنامەكە، بەشێكی زۆری ئەو فەرمانگە حكومییانەی كە لەناو شاردان و سەردانكەری زۆریان هەیە، دەبرێنە شاری (2020).
هاوكات ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنانی هەرێم بڕیاریداوە، لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە ماستەرپلانی شاری سلێمانی و دواتر شارەكانی دیكەی هەرێم بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە، بۆ ئەم مەبەستەش ژمارەیەكی زۆر لەكۆمپانیاو كەسانی بەئەزموون لەدەرەوە بانگهێشت دەكرێن بۆ وەرگرتنی بۆچوون و هاوكاری لێوەرگرتنیان.