17/12/2013
•
نوسەر: bzavpress
•
داوای دەركردنی یەكێتی لەرێكخراوی سۆسیالست ئەنتەرناسیۆنال دەكرێت
حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان لەرێگەی رێكخراوی دەرەوەی وڵات نامەیەك ئاڕاستەی (Luis Ayala Chile) سكرتێری ڕێكخراوی سۆسیالست ئەنتەرناسیۆنالو تەواوی ئەندامانی ڕێكخراوی سوسیال ئەنتەرناسیۆنال كردووە
حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان لەنامەكەدا دای لەرێكخراوەكە كردووە ئەندامییەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان (ی.ن.ك) لەرێكخراوی سوسیالست ئەنتەرناسیونال هەڵپەسێرن.
ئەو جیزبە لەنامەكەدا رایگەیاندووە "ئێمە ئەم نامەیەتان ئاڕاستە دەكەین سەبارەت بەتیرۆری رۆژنامەنووس كاوە محەمەد ئەحـمەد ناسراو بە(كاوە گەرمیانی) كە لە 5/12/2013 لەشارۆچكەی كەلار، سەر بەپارێزگای سلێمانی كوردستانی عێراقو ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە ئەندامە لەڕێكخراوی سوسیالست ئەنتەرناسیونالدا".
رایگەیاندووە "كاوە بەپێش چاوی دایكییەوەو بەشێوەیەكی ئەوپەڕی نامرۆڤانە، لەلایەن چەند چەكدارێكەوە تیرۆركراوە، ئەمەش بەو هۆیەوە كەبەوتارو نووسینەكانی پەردەی لەسەر گەندەڵییەكانی بەرپرسانی حیزبیو حكومیو یەكێتی نیشتیمانی هەڵداوەتەوەو بەنووسینەكانی ڕاستییەكانی ئاشكراكردووە".
لەنامەكەدا ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە كاوە لەلایەن چەند بەرپرسێكی یەكیتی نیشتیمانی كوردستان پیش ئەوە تیرۆربكرێت هەڕەشەی كوشتنی لێدەكرێتو لەسەر ئەو هەڕەشانە چەند جار شكاتی لەدادگا تۆماركردووە، بەڵام هیچ ئیجرائاتێكی یاسایی بەرانبەر بەو هەڕەشانە نەگیراوەتەبەر.
ئەو حیزبە لەنامەكەدا رایشیگەیاندووە "ئێمەو سەرجەم ئازادیخوازان لەدەرەوەو ناوەوەی كوردستان بەرانبەر بەم تاوانە، ناڕەزایەتیمان دەربڕیو دەسەڵاتدارانی یەكێتی نیشتمانیمان بەرپرسیار كردووەو داوامانكردووە كە بۆبەرگرتن بەڕوودانی ئەم جۆرە تاوانانە، تاوانباران دەستگیربكاتو لەدادگایەكی ئاشكراو عادلانەدا، لێیان بپرسێتەوەو بەسزای خۆیان بگەیەنێت".
حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان روونیشكردووەتەوە "لەماوەی 22 ساڵەی رابردووداو لەژێر سایەی دەسەڵاتی یەكێتی نیشتمانیو پارتی دیموكراتی كوردستاندا، هەزاران ژن بەبیانووی ناموسەوە كوژراون، لەسایەی جەنگی ناوخۆی هەر ئەم دوو حیزبەدا نزیكەی (10) هەزار لەگەنجو لاوی كوردستان كوژرانو كەمئەندام بوونو بەسەدان كەسیش بیخانەو لانەو ئاوارەو دەربەدەربوون. هەروەها بەسەدان نەیاری سیاسیو هەڵسوراوانی كۆمۆنیستو رۆژنامەنووس تیرۆركراون، سەدان لاوی كوردستانیش ناچار بەهەڵبژاردنی ژیانی پەنابەری، یان لەڕیگای ژیانی پەنابەریدا لەدەریاكان خنكاون، یان بەدەستی پولیسی ئێرانو توركیا كوژراو بیسەروشۆین بوون".
هەروەها رایگەیاندووە "ئەم حیزبانەو سەركردەكانیان كە وەك نۆینەری چینی سەرمایەدارانو دەوڵەمەندانی كوردستان شوێن پێیخۆیان گرت، ژیانێكی شاهانەیان بۆخۆیان دامەزراندو گرانیو بیكاریو نەبوونیو بیمافیشیان كردە بەشی زۆرینەی هاووڵاتییانو تەواوی سەروەتو داهاتی كۆمەڵگایان لەنێو خۆیانو دەستوپێوەندەكانیاندا دابەشكرد".
جەختیشیكردووەتەوە ئێستاش بەدوای هەڵبژاردنەكانی كوردستان بەهۆی كەم دەنگهێنانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانو كێشەو ختیلافاتی ناوخۆی ئەو حیزبە ماوەی چەند مانگێكە لەسایەی دەسەڵاتدارییەتی ئەو حیزبەدا زنجیرەیەك تیرۆرو كوشتنو هەڕەشەكردنی بەردەوام لەدژی هەڵسوڕاوانی سیاسی، چەپو كۆمۆنیست، ئازادیخوازو یەكسانی خوازی كۆمەڵگە دەستیپێكردووە لەدژی هەردەنگێكی ناڕازایی بەرانبەر بەنایەكسانیو گەندەڵی ئەم حیزبەو دەستو پێوەندەكانیان كە رەخنە لەدەسەڵاتەكەیان دەگرن، ڕوویانداوە، بۆیە ئێمە لەحیزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان رێكخراوی دەرەوە ئەم نامەیەتان ئاڕاستە دەكەین بۆ ئەوەی ناوبانگی رێكخراوەكەتان نەزڕێتو نەبنە شەریك لەو تاوانانەی ئەو حیزبە بەرانبەر بەئازادیخوازانو رۆژنامەنووسان ئەنجامی دەدات هەربۆیە داواكارین لیتان:
1/ ئەندامییەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان (ی.ن.ك) لەرێكخراوی سوسیالست ئەنتەرناسیونال هەڵپەسێرن.
2/ داوای پێكهێنانی لیژنەیەكی سەربەخۆ لەئیدارەی گەرمیان بە بەشداری ڕۆژنامەنووسانو بنەماڵەی كاوە گەرمیانیو ڕێكخراوە مەدەنییەكانو نیودەوڵەتییەكان پێك بهێنرێت تاكو تاوانبارانی ئەم كەیسە بدۆزرێتەوەو دادگایی عادلانە بكرێن.
3/ داوا لەیەكێتی نیشتیمانی كوردستانو حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن كە ئازادی بیروڕا، ڕادەربڕین، نووسین، ڕەخنەگرتن، بڵاوكردنەوەو چاپەمەنی وەك مافی هەر ئینسانێك لەكوردستاندا بەرەسمی بناسێنن و هیچ كەس لەسەر پیادەكردنی ئەم مافەنە ئازارو ئەشكەنجەو سزا نەدرێت.