جەعفەر ئێمینیكی بۆ د. نەجمەدین كەریم  كێ هۆكاری لیستی جودا بوو كەركووك؟
16/12/2013 نوسەر: bzavpress

جەعفەر ئێمینیكی بۆ د. نەجمەدین كەریم كێ هۆكاری لیستی جودا بوو كەركووك؟


گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رەتیدەكاتەوە پارتەكەی هۆكاری هەڵوەشاندنەوەی لیستی "كەركووكی كوردستانی" بێت ‌و دەڵێ ئەوەی لە كەركووك هەیە، وابەستەیە بە هەڵوێستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.

لەو بارەیەوە جەعفەر ئێمینیكی، گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمی حیزبەكەی راگەیاندووە "پارتیمان هەمیشە كوردایەتی لە كەركووك  و ناوچەكانی دیكە ویستووە،

 لە پێناو ئەم مەبەستەش خۆی لەو ململانێیە حیزبییە بەدوور گرتووە، كە زیان بە كورد و  پێگەی كورد دەگەیەنێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە هەڵویست و بۆچوونی تایبەتی خۆی لەمەڕ رووداوەكان و شێوازی كاركردن نابێت. گوتەبێژی مەكتەبی سیاسی پارتی ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە ئەوان كێشەیان لەگەڵ دانانی نەجمەدین كەریم بە سەرۆكی لیستەكە هەبووەو 

دەڵێ "ئەوەی لە كەركووك هەیە، وابەستەیە بە هەڵوێستی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە پێكهێنانی لیستی جودا لە موسڵ و هەروەها پێداگرییان لەسەر هەندێك كەس، كە ئێمە پێمان باشبووە بەمجۆرە نەبێت. 

 لە وەڵامی ئەو لێدوانانەشی كە دەڵێن پارتی بووەتە هۆكاری لەدەستدانی دەنگێكی زۆری كورد لە كەركووك، ئێمینیكی دەڵێ "دیارە پێشتریش كێ هۆكاری لیستی جودا بوون لە كەركووك و بە فیڕۆدانی دەنگی كوردیان دەكەوێتە ئەستۆ. ئەوەی ئەمڕۆش روویداوە نە خواستی پارتییە و نە كاریشمان  بۆ ئەم مەبەست و ئەنجامانە كردووە، ئەوەی دەیەوێت مەترسی لەسەر دەنگی كورد دروست بكات، پارتی نییە، بەڵكو لایەنی دیكەن كە دەیانەوێت حیزبایەتی بەرتەسك لەم ناوچانە لەسەر حیسابی بەرژەوەندی گشتی و  یەكڕیزی لایەنە كوردستانییەكان پیادە بكەن.