13/12/2013
•
نوسەر: bzavpress
•
له نێوان ماندێلا و هاڤێڵ دا
زیندانی كۆمۆنیزم و ئاپارتهاید چۆن خاپوور كرا..؟؟!!
ژیانی نێو زیندانی (ڤاسلاڤ هاڤل) هاوشێوه‌ی ژیانی (نیلسۆن ماندیلا)ی زیندانى كراوی (27)ساڵه‌ی كۆماری ئه‌فه‌ریقای باشوور بوو، چونكه هه‌ردووكیان (هاڤل)و (ماندیللا) به شكان‌و روخانی زیندانه‌كانیان گه‌یشته ترۆپكی ده‌سه‌ڵات، (ماندێللا) به شكانی زیندانی ره‌گه‌زپه‌رستی‌و (هاڤێڵ)یش به شكانی زیندانی (ستالینیزم) له ئه‌وروپای دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانی، ئه‌م سه‌ركرده بیانیانه دوای گه‌یشتنیان به‌ده‌سه‌ڵات وه‌ك سه‌ركرده‌و ده‌سه‌ڵاتدارو لێپرسراوه‌كانی ئێمه ده‌سه‌ڵات‌و حوكمڕانیان له‌سه‌ر خۆیان تاپۆنه‌كردو خۆیان‌و كه‌سوكارو خزمانی نزیك‌و كاسه‌لێسیان ده‌وڵه‌مه‌ندو باڵاده‌ست نه‌كرد، دیاره له‌رووی باوه‌ڕدارێتی ئاینییه‌وه موسڵمانیش نه‌بوون، ئیدی با خوێنه‌رانی به‌ڕێز خۆیان زیاتر به‌راوردی هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه بكه‌ن
شایانی باسیشه سیستمی ناودارو گه‌وره‌ی (كۆمۆنیزم) له‌سه‌ر ده‌ستی چه‌وساوان‌و لاوازه‌كان هه‌ره‌سیهێنا كه دیارترینیان هاوڕێی له‌مه‌ڕ خۆمان (ڤاسڵاڤ هاڤێڵ)ی سه‌ركۆماری پێشووی (چیك) بوو، هه‌روه‌ها له‌سه‌رده‌ستی كرێكاره كاره‌باییه‌كه‌ی پۆڵه‌نداش (لیك ڤالیسا) كه دواتر بووه سه‌ر كۆماری وڵاته‌كه‌ی.
(هاڤیڵ) له ماسته‌رنامه به‌ناوبانگه‌كه‌یدا به‌ناوی (هێزی ئه‌وانه‌ی كه هیچ هێزێكیان نییه) باسی ئه‌وه‌ده‌كات كه چۆن هێزه زه‌به‌لاحه‌كه‌ی سۆڤیه‌ت له‌سه‌رده‌ستی كه‌سانی په‌راوێزخراوی نێو كۆمه‌ڵگای ئه‌وسای سۆڤیه‌تی به شێوازی قۆناغبه‌ندیی هه‌ره‌سیهێنا.
(هاڤیڵ) كاتێك باسی گرنگترین ده‌ستكه‌وته‌كانیشی ده‌كات له ژیانی سیاسی خۆیدا ده‌ڵێت كه ئه‌و خۆی سه‌ركردایه‌تی پڕۆسه‌یه‌كی كرد بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌یمانی (سۆفیا) كه سۆڤیه‌ت‌و سه‌رجه‌م بلۆكی رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپای له‌خۆگرتبوو، یان روونتر بڵێین ئه‌و په‌یمانه‌ی كه به‌هۆی تانكه‌كانیشیه‌وه پایته‌ختی وڵاته‌كه‌ی خۆی له به‌هاری سه‌ركه‌وتنی (پراگ)دا پێداگیرو رزگاریشیكرد، ناوبراو له هه‌مانكاتدا نوسه‌رێكی شانۆییش بوو كه دواتر بوو به سه‌ركۆمارێكی به‌ڕێز، دواتر هه‌ر به شانۆكاریش مایه‌وه‌و وه‌هاش ره‌فتاری ده‌كرد كه ده‌توانێت لاسایی گه‌وره‌كان‌و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانیش بكاته‌وه.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا من زیاتر مه‌به‌ستمه له ژیانی ئه‌و سه‌ركۆماره به نموونه دانراوه‌ی باسه‌كه‌مدا ئاماژه‌ی بۆ بكه‌م بوونی كه‌ره‌سه‌ی ساده‌بوو له كۆشكی كۆماری‌دا، ناوبراو له جیاتی ئۆتۆمبێلی تازه مۆدێل‌و گرانبه‌ها ته‌نیا ماتۆڕێكی (یان ماتۆڕسكیل)ێكی ئاسایی له كۆشكدا هه‌بوو كه لێره‌و له‌وێ پێیده‌گه‌ڕا، راسته كه له‌رووی جه‌سته‌ییه‌وه ئاسه‌واری جگه‌ره‌كێشانی له‌سه‌ربوو، به‌ڵام له‌گه‌رمه‌ی نه‌خۆشیه جه‌سته‌ییه‌كه‌شیدا سه‌ركه‌وتووترین كرداری نه‌شته‌رگه‌ریی سیاسی بۆ له‌یه‌كجیاكردنه‌وه‌ی (چیك)و (سلۆڤاكیا) ئه‌نجامداو بوون به دوو ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ، دیاره له‌م كاره‌شیدا ده‌یان‌و سه‌دان ناحه‌زی هه‌بوو به‌ره‌نگاری هه‌مووشیان بووه‌وه به‌تایبه‌تیش كینه‌به‌رایه‌تی (ڤاسلاف كلاوس)ی سه‌ره‌كوه‌زیرو دوژمنی سه‌رسه‌ختی خۆی.
سه‌ركۆماری پێشووی (چیك) له محازه‌ره‌یه‌كی دانشگای (كۆلۆمبیا)دا گوتی: (كاتێك ماوه‌ی رۆژانی سه‌رۆكایه‌تیم به‌ره‌و كۆتایی بوون ده‌چوو هه‌ر رۆژێك كه به‌سه‌رما ده‌هات‌و له ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌می كه‌مده‌كرده‌وه هه‌میشه له‌وه ده‌ترسام كه ئه‌م پۆسته شایسته‌ی من نه‌بووبێت، هه‌روه‌ها هه‌ر كاتێك وتارێكیشم ده‌نووسی ده‌ترسام له‌وه‌ی خۆم‌و باسی خۆمی تیادا دووباره‌و چه‌ندباره بكه‌مه‌وه، چونكه هیچی تازه‌م نه‌مابوو كه ئاراسته‌ی جه‌ماوه‌ری بكه‌م
سه‌ركرده ره‌ش پێسته‌كه‌ی ئه‌فه‌ریقاش (نیلسۆن ماندێلا)ی پارێزه‌ر كه به‌ماوه‌ی پتر له (27) ساڵی زیندانی بوونی خۆی كۆتایی به حوكمی سپی پێست له‌سه‌ر ره‌ش پێسته‌كانی وڵاته‌كه‌ی خۆی (كۆماری باشوری ئه‌فه‌ریقا) هێناو ئه‌مرۆش 6/12/2013 كۆچی دوایی كرد ، توانی هه‌ر له نێو چوار دیواری زیندانه ئاسنینه‌كه‌یه‌وه ئه‌و به‌ربه‌سته گه‌وره‌یه‌ی سیستمی ره‌گه‌زپه‌رستی (ئاپارتهاید ) له‌به‌رده‌م ئازادیخوازانی وڵاته‌كه‌یدا بشكێنێت كه داگیركه‌ری سپی پێست چه‌ندین ساڵ بوو داینابوو، هه‌ر بۆیه‌ش ئازادیخوازێكی وه‌ك (غاندی)ی پارێزه‌ری هیندستانیش له وڵاته‌كه‌ی (نیلسۆن ماندێلا)دا رێی سواربوونی پاسی سپی پێسته‌كانی لێ گیرا، بۆیه بڕیاری دا كه بگه‌ڕێته‌وه بۆ وڵاته‌كه‌ی‌و له‌وێوه تا رۆژی ئازادبوونی وڵاته‌كه‌ی له دژی داگیركه‌رانی سپی پێست بجه‌نگێت..
(ماندێلا) له ماوه‌ی ساڵانی زیندانی بوونی دا هه‌موو پاسه‌وانه‌كانی زیندانیشی به ره‌فتاری جوانی سه‌رسام و گۆش كردبوو، بۆیه پیاڵه چایه‌كانی خۆیان ده‌دایه ده‌ست ئه‌و، نانی خۆیان به‌و ده‌داو به‌و هه‌موو له خۆبورده‌یی‌و خۆنه‌ویستیه‌ی سه‌رسام بوون، كه‌چی دوای ئازادبوونی له زیندان، وێڕای ئه‌وه‌ی هه‌موو دنیا بوون به دۆستی‌و لایه‌نگری، به‌ڵام ژنه‌كه‌ی لێی جیابۆوه‌و داوای ته‌ڵاقی لێ ده‌كرد، (ماندێلا) رازی بوو به ته‌ڵاقدانی ئه‌و ژنه دنیاپه‌رسته‌ی، به‌ڵام پاره‌و تێچوونی ماره‌ییه‌كه‌ی پێ هه‌ڵنه‌ده‌سوڕا، بۆیه پادشای پادشایانی ئه‌فه‌ریقا (واته: قه‌زافی) كه به‌وه‌ی زانی ئه‌رك‌و مه‌سره‌فی ماره‌یی ژنه‌كه‌ی بۆ دابین كرد