نەوشیروان مستەفا: لەگەڵ پارتی رێککەوتوونين لە قۆناغی داھاتوو دەسەڵاتەکان لەیەکتر جیابکرێنەوە
13/12/2013 نوسەر: bzavpress

نەوشیروان مستەفا: لەگەڵ پارتی رێککەوتوونين لە قۆناغی داھاتوو دەسەڵاتەکان لەیەکتر جیابکرێنەوە


حەفتەی داھاتوو یەکلایی دەبێتەوە کام لایەنە سیاسییەی هەرێمی کوردستان بەشداریی پێکھێنانی کابینەی هەشتەم دەبن و پۆستەکانیش چۆنچۆنی دابەش دەکرێن.

نەوشیروان مستەفا ئاشکرای کرد کابینەی ھەشتەم لە ١٩ وەزارەت پێکدێ و حەفتەی داھاتوو یەکلایی دەبێتەوە کامانەن ئەو لایەنانەی بەشداریی حکومەت دەکەن و چۆن پۆستەکان دابەش دەکرێ بەسەریاندا.

ریتمی ھێمنی دەربڕینەکانی رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان کە بەتەواوی لەوانی پێش خۆی جیادەکردەوە، بەسەر قسەکانیدا زاڵ بوون. پێدەچێ ئەو نەرمییەی ئەو، یەکێتیی نیشتمانی کوردستان  ھاوپەیمانە ستراتیژییەکەی پ.د.ک بخاتە دوودڵییەوە لەوەی بەگۆڕان جێی یەکێتی پڕبکرێتەوە.

قسەکانی نەوشیروان مستەفا کە وا لێکدەدرێتەوە بۆ دڵنیایی کردنی براوەی سەرەکیی ھەڵبژاردنە بۆ بەشداریی پێکردنیان لەکابینەی داھاتوو و نەھێشتنی ئەو دوو دڵییەی لەلای بەشێک لەسەرکردەکانی پارتی ھەیە، چەندینجار ئەنجامدانی چاکسازیی لە دامودەزگا و فەرمانگەکانی حکومەتی تێدا دووبارەبوویەوە.

رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان روونیکردەوە بەلای ئەوانەوە گرنگە چوار ساڵی داھاتوو بۆ بەرەو پێشەوەبردنی ژێرخانی ئابووریی و بەدیھێنانی حکومەت و پەرلەمان و شەقامێکی ھێمن بێ. ئەوەیش لە پێناو ھاتنە دی ئاشتبوونەوەی خەڵک لەگەڵ پەرلەمان و حکومەت و پەرلەمان و حکومەتیش لەنێو خۆیاندا.

نەوشیروان مستەفا لەدرێژەی قسەکانیدا کە تەنیا کەناڵی KNN مافی گواستنەوەی پێدرابوو، لە تەوەرێکی قسەکانیدا باسی ئەوەیشی کرد لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان رێککەوتوون لە قۆناغی داھاتوو دەسەڵاتەکان لەیەکتر جیابکرێنەوە.

هەروەها  لە کۆبووبونەوەکاندا لەگەڵ پارتی زۆر بە روونی قسەیان کردووە و پارتیش رازی بووە لە ئایندە دا ئەندامانی فراکسیۆنەکەی بەوردی چاودێری کاروبارەکانی حکومەت بکەن.