ئەلزەهار: میسر حەماسی لە لیستی تیرۆر داناوە
10/12/2013 نوسەر: bzavpress

ئەلزەهار: میسر حەماسی لە لیستی تیرۆر داناوە


سەرکردەیەکی بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند دەسەڵاتدارانی ئێستای میسر ھیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ حەماس دا نییە و لە ریزبەندی گروپە تیرۆریستەکان دایانناوە.

ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی حەماس مەحمود ئەلزەھار رایگەیاند: دەسەڵاتی ھەنوکەیی میسر حەماسی خستوەتە نێو لیستەی تیرۆرەوە و ھیچ جۆرە پەیوەندییەک لە نێوان حەماس و میسردا نییە.

ئەلزەھار لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ کەناڵەکانی راگەیاندن ئاماژەی بەوە داوە بۆ چارەسەری پرسی سنووری رەفەح، قەیرانی سوتەمەنی و کارەبا، لەگەڵ بەرپرسانی میسر جار بەجار گفتوگۆ دەکا. لەو بارەیەوە زیاتر گوتی: "ھەڵوێستی کاربەدەستانی میسر نیشانەی ئەوەیە  نایانەوێ پەیوەندیی لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس ببەستن، حەماسیان بردۆتە ریزی رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە و دەیانەوێ بەو جۆرە بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڵێن  ئێمەش لە دژی تیرۆر شەڕ دەکەین."

ئەلزەھار لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رایگەیاند: داوای لیستی ناوی ئەو کەسانەیان لە میسر کردووە کە بەشدارییان لە رووداوەکانی  ناوچەی سینا کردووە، بەڵام تا ئێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە.

ئەلزەهار گوتی: "راستی ئەوەیە ھیچ ئەندامێکی حەماس و ھیچ دانیشتویەکی غەززە پەیوەندییان بەو رووداوانەوە نەبووە. حەماس تا ئێستا دەستوەردانی لە کاروباری ھیچ وڵاتێکی عەرەبی نەکردووە تێکۆشانی حەماس تەنیا لە دژی ئیسرائیل بووە."

 لە بارەی پەیوەندیی نێوان حەماس و ئێران، ئەلزەهار ئاماژەی بەوە دا پەیوەندییەکانی نێوان حەماس و ئێران دووبارە دەستیان پێکردۆتەوە. لە رابردوودا ئەو پەیوەندییانە نەپچڕابوون بەڵکو بە ھۆی سیاسەتی حەماس لە بەرامبەر سوریا تۆزێک ئاڵۆزییان تێکەوتبوو.