08/12/2013
•
نوسەر: bzavpress
•
كورد له په‌تای زیاده‌ڕۆیی ده‌سه‌ڵاتداریی دا
حه‌ز ده‌كه‌م له‌م نوسینه‌مدا سه‌رنجێك له په‌تای زیاده‌ڕۆیی كه‌سانی ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌م هه‌رێمه بده‌م له رووی به‌كارهێنانی زیاد له‌ڕاده‌ی كه‌ره‌سه‌كانی گواستنه‌وه‌و نیشتهجێبوونو خه‌رجی رۆژانه‌ی به‌لێشاو كه بێباكانه‌و له هه‌مانكاتدا لهخۆبایبووانهش كردوویانه‌ته تاجی سهروهریو باڵادهستیو ڕۆژانه خۆیان به‌سه‌ر چینه هه‌ژارو زه‌حمه‌تكێش‌و كه‌م داهاتهكاندا باده‌ده‌ن، وێڕای ته‌رخانبوونی بڕێك پاره‌و سووته‌مه‌نی زیاد له‌پێویست بۆ كاروباری ڕۆژانه‌یان، ئه‌و كاروبارانه‌ی كه به‌داخه‌وه تا ئه‌مڕۆش زۆربه‌ی مه‌سه‌له‌و كێشه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی خه‌ڵكی مه‌ینه‌تباری وڵاته‌كه‌یان تیادا چاره‌سه‌رنه‌كردووه.
ئێمه ئه‌گه‌ر ته‌نها له بواری رواڵه‌تی خانوو ساختمانو كۆشك‌و ئۆتۆمبێله هه‌ره گرانبه‌های لێپرسراوهكانمانهوه دیارده‌ی لوتبهرزیو خۆنواندنی لێپرسراوه جاهیلو نهفامهكانمان ههڵسهنگێنینو به‌راوردیش بكه‌ین به دیارده‌ی ڕواڵهتیو دهركهوتوانهی لێپرسراوه باڵاكانی وڵاتانی پێشكه‌وتووی ئه‌وروپاو خۆرئاوادا ئه‌وا به‌ئاسانی هه‌ست به‌و بارودۆخه خه‌مناكه‌ش ده‌كه‌ین كه چه‌نده لێپرسراوان‌و سیاسهتمهدارانیشمان له ریزی هه‌ره دواوه‌ی دواكه‌وتوویی‌و نهفامیدان.
بۆ نموونه‌ش ئه‌گه‌ر سه‌رنج له‌خولی سهرۆكایهتیو ماوه‌ی دیاریكراوی پۆسته‌كانی پهرلهمانتاریو وهزارهتو به‌ڕێوه‌به‌ره گشتییه‌كانی ئه‌و وڵاتانه بده‌ین ئه‌وا به‌ڕوونی دیاره كه فهرمانو پۆست‌و پله‌وپایه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدارێتی یان له‌و ماوه‌و خوله چوار ساڵی یا پێنج ساڵیانهیاندا نه‌بۆته هۆی ده‌وڵه‌مه‌ند بوونیانو كه‌ڵه‌كه‌كردنی سامان‌و داهاتێكی زۆر‌و دروستكردنی چه‌ندین ساختمانی گه‌وره‌ی خانووبه‌ره‌و ڕیزه دووكان‌و هاوینه‌هه‌وارو زستانه ههوارو سه‌یرانگای بازرگانی، به‌ڵكو ته‌نها ملكه‌چی پیاده‌كردنی سیستم‌و به‌رنامه‌یه‌ك بوون كه له‌ماوه‌ی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانیاندا به‌ڵێنی خۆیان به جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان له‌سه‌ریان داوه‌و، له‌كاتی بردنه‌وه‌و مسۆگه‌ربوونی پۆسته‌كانیاندا به ئه‌مانه‌ته‌وه ته‌واوی ئه‌و به‌رنامانه یان زۆربه‌یان به‌ئاشكرا جێبه‌جێكردووه، كاتێك ده‌سبه‌رداری پۆسته‌كانیشیان ده‌بن دێنه‌وه نێو ریزی جه‌ماوه‌رو ژیانێكی ئاسایی ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه، زۆر زۆر لهخۆبوردانهو به كه‌ره‌سه‌و ئامێره ئاساییه ساكارهكانهوه رهفتاردهكهنو پێشیان شورهییو نه‌نگی نییه كه تا دوێنێ‌و له‌ماوه‌ی چوار ساڵ یان هه‌شت ساڵی دوو خولی سه‌رۆكایه‌تی، یان ماوه‌ی پهرلهمانتارێتیو پۆستی سه‌رۆكوه‌زیر یان هه‌ر وه‌زاره‌تێكدا بوون‌و ئه‌مڕۆش چوونه‌ته‌وه سه‌ر پیشه‌و كاره ئاساییه‌كانی پێش پۆسته باڵاكانی ده‌سه‌ڵاتدارێتیان، جگه له‌وه‌ی له لۆمه‌ی لۆمهكارێكو له سه‌رزه‌نشتی سه‌ر زهنشتكارێكیش ناترسن، هه‌روه‌ك له پرته‌و بۆڵه‌ی هاوڵاتیه‌كیش ناترسن كه وای له قه‌ڵه‌م بدات گوایه له‌ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتیاندا مافی پێشێلكرابێت، یان ماف‌و ئیمتیازاتی لێسهندرابێتهوهو درابێت به‌كه‌سانی خزم‌و نزیكی خۆیان، له‌مڕووه‌وه رۆژنامه‌نوسێكی بیانی له رۆژنامه‌یه‌كی به‌ریتانیدا نوسیبوی (دوای كۆتایی هاتنی ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی سه‌ركۆماری (چیك: فاسڵاڤ هاڤیڵ) له‌پۆستی سهركۆمارێتی وڵاته‌كه‌ی، سه‌ردانی شاری (له‌نده‌ن)ی پایته‌ختی به‌ریتانیای وه‌ك میوانێكی ئاسایی كردبوو، له رۆژێك له رۆژانی مانه‌وه‌یدا له‌وێ، به ئاسایی‌و به پێیه‌كانی خۆی له بازاڕی (هاردۆس)دا به‌سه‌ر شۆسته‌كاندا شانبه‌شانی ژنه تازه‌كه‌ی هه‌نگاوی ده‌نا، جێی باسه ئه‌و ژنه‌ی كه دوای ته‌ڵاقدانی ژنی یه‌كه‌می خواستبووی، شاجوانی (پراگ) بوو، ژنی یه‌كه‌میشی له‌كاتی وه‌رگرتنی پۆستی سه‌ركۆماردا لێیجیابووهوه له‌كاتێكدا ناوبراو واته (هاڤێڵ)ی سه‌ركۆماری پێشووی (چیك) له زیندانه‌وه ده‌یان نامه‌ی رۆمانسی خۆشه‌ویستی بۆ دهناردهوهو خه‌مناكترین وه‌سفی ژیانی نێو زیندانیشی بۆ ده‌نووسی.
دیسان شایانی باسیشه سیستمی ناودارو گه‌وره‌ی (كۆمۆنیزم) له‌سه‌ر ده‌ستی چهوساوانو لاوازه‌كان هه‌ره‌سیهێنا كه دیارترینیان هاوڕێی له‌مه‌ڕ خۆمان (ڤاسڵاڤ هاڤێڵ)ی سه‌ركۆماری پێشووی (چیك) بوو، هه‌روه‌ها له‌سه‌رده‌ستی كرێكاره كاره‌باییه‌كه‌ی پۆڵه‌نداش (لیك ڤالیسا) كه دواتر بووه سه‌ر كۆماری وڵاته‌كه‌ی.
(هاڤیڵ) له ماسته‌رنامه به‌ناوبانگه‌كه‌یدا به‌ناوی (هێزی ئه‌وانه‌ی كه هیچ هێزێكیان نییه) باسی ئه‌وه‌ده‌كات كه چۆن هێزه زه‌به‌لاحه‌كه‌ی سۆڤیه‌ت له‌سه‌رده‌ستی كه‌سانی په‌راوێزخراوی نێو كۆمه‌ڵگای ئه‌وسای سۆڤیه‌تی به شێوازی قۆناغبه‌ندیی هه‌ره‌سیهێنا.
(هاڤیڵ) كاتێك باسی گرنگترین ده‌ستكه‌وته‌كانیشی ده‌كات له ژیانی سیاسی خۆیدا ده‌ڵێت كه ئه‌و خۆی سه‌ركردایه‌تی پڕۆسه‌یه‌كی كرد بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌یمانی (سۆفیا) كه سۆڤیهتو سه‌رجه‌م بلۆكی رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپای له‌خۆگرتبوو، یان روونتر بڵێین ئه‌و په‌یمانه‌ی كه به‌هۆی تانكهكانیشیهوه پایته‌ختی وڵاته‌كه‌ی خۆی له به‌هاری سه‌ركه‌وتنی (پراگ)دا پێداگیرو رزگاریشیكرد، ناوبراو له هه‌مانكاتدا نوسه‌رێكی شانۆییش بوو كه دواتر بوو به سه‌ركۆمارێكی به‌ڕێز، دواتر هه‌ر به شانۆكاریش مایه‌وه‌و وه‌هاش ره‌فتاری ده‌كرد كه ده‌توانێت لاسایی گهورهكانو ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانیش بكاته‌وه.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا من زیاتر مه‌به‌ستمه له ژیانی ئه‌و سه‌ركۆماره به نموونه دانراوه‌ی باسهكهمدا ئاماژه‌ی بۆ بكه‌م بوونی كه‌ره‌سه‌ی ساده‌بوو له كۆشكی كۆماری‌دا، ناوبراو له جیاتی ئۆتۆمبێلی تازه مۆدێل‌و گرانبه‌ها ته‌نیا ماتۆڕێكی (یان ماتۆڕسكیل)ێكی ئاسایی له كۆشكدا هه‌بوو كه لێره‌و له‌وێ پێیدهگهڕا، راسته كه له‌رووی جه‌سته‌ییه‌وه ئاسه‌واری جگه‌ره‌كێشانی له‌سه‌ربوو، به‌ڵام له‌گه‌رمه‌ی نه‌خۆشیه جهستهییهكهشیدا سه‌ركه‌وتووترین كرداری نه‌شته‌رگه‌ریی سیاسی بۆ له‌یه‌كجیاكردنه‌وه‌ی (چیك)و (سلۆڤاكیا) ئه‌نجامداو بوون به دوو ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ، دیاره له‌م كاره‌شیدا دهیانو سه‌دان ناحه‌زی هه‌بوو به‌ره‌نگاری هه‌مووشیان بووه‌وه به‌تایبه‌تیش كینه‌به‌رایه‌تی (ڤاسلاف كلاوس)ی سهرهكوهزیرو دوژمنی سه‌رسه‌ختی خۆی.
سه‌ركۆماری پێشووی (چیك) له محازه‌ره‌یه‌كی دانشگای (كۆلۆمبیا)دا گوتی: (كاتێك ماوه‌ی رۆژانی سه‌رۆكایه‌تیم به‌ره‌و كۆتایی بوون ده‌چوو هه‌ر رۆژێك كه به‌سه‌رما دههاتو له ماوه‌ی سهرۆكایهتییهكهمی كه‌مده‌كرده‌وه هه‌میشه له‌وه ده‌ترسام كه ئه‌م پۆسته شایسته‌ی من نه‌بووبێت، هه‌روه‌ها هه‌ر كاتێك وتارێكیشم ده‌نووسی ده‌ترسام له‌وه‌ی خۆم‌و باسی خۆمی تیادا دووباره‌و چه‌ندباره بكه‌مه‌وه، چونكه هیچی تازه‌م نه‌مابوو كه ئاراسته‌ی جه‌ماوه‌ری بكه‌م.
بێگومان ژیانی نێو زیندانی (ڤاسلاڤ هاڤل) هاوشێوه‌ی ژیانی (نیلسۆن ماندیلا)ی له زینداننراوی (27)ساڵه‌ی كۆماری ئه‌فه‌ریقای باشوور بوو، چونكه هه‌ردووكیان (هاڤل)و (ماندیللا) به شكان‌و روخانی زیندانه‌كانیان گه‌یشته ترۆپكی ده‌سه‌ڵات، (ماندێللا) به شكانی زیندانی ره‌گه‌زپه‌رستی‌و (هاڤێڵ)یش به شكانی زیندانی (ستالینیزم) له ئه‌وروپای دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانی، ئه‌م سه‌ركرده بیانیانه دوای گه‌یشتنیان به‌ده‌سه‌ڵات وه‌ك سه‌ركرده‌و ده‌سه‌ڵاتدارو لێپرسراوه‌كانی ئێمه دهسهڵاتو حوكمڕانیان له‌سه‌ر خۆیان تاپۆنهكردو خۆیان‌و كه‌سوكارو خزمانی نزیك‌و كاسهلێسیان ده‌وڵه‌مه‌ندو باڵاده‌ست نه‌كرد، دیاره له‌رووی باوه‌ڕدارێتی ئاینییه‌وه موسڵمانیش نه‌بوون، ئیدی با خوێنه‌رانی به‌ڕێز خۆیان زیاتر به‌راوردی هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه بكه‌ن.