یەكێتی: بۆ كاناڵ‌ و دەزگاكانی راگەیاندن لێیان قبوڵ ناكەین
08/12/2013 نوسەر: bzavpress

یەكێتی: بۆ كاناڵ‌ و دەزگاكانی راگەیاندن لێیان قبوڵ ناكەین


یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كوردستان داوای یاسایی لەسەر سەرجەم ئەو كەس‌و لایەن‌و میدیاو دەزگا راگەیاندنانە تۆمار دەكات كەلە دۆسیەی تیرۆركردنی كاوە گەرمیانی-دا، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و چەند سەركردەیەكی تۆمەتبار دەكەن.

هۆشیار عەبدوڵڵا پارێزەری مام جەلال سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و پارێزەری یەكێتی، راگەیاند: لە سبەینێوە داوا یاساییەكان تۆمار دەكەین‌و، داواشی لەسەرجەم كاناڵ‌و دەزگاكانی راگەیاندن كرد كە پێش لێكۆڵینەوەو بڕیاری دادگا، تۆمەت نەبەخشنەوە.

وتیشی: چەند سایت‌و كەناڵ‌و گۆڤارو رۆژنامەكان، كە زیاتر سەربە ئۆپۆزسیۆنن، بەبێ ئەوەی پرس بە دادگا بكرێت، ئەوان پێش دادگاو پێش هەموو لێكۆڵینەوەكان كەوتوون، بۆ كۆمەڵێك مەرامی حزبی‌و ئەزانن كە پێش هەڵبژاردنەكانە، بۆ كۆكردنەوەی دەنگ، دەستیان كردووە بە تۆمەت بەخشینەوە، بە تایبەت بەرەو روی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و چەند بەرپرسێكی مەكتەبی سیاسی.

راشیگەیاند: ئێمە لێرە هەموو ئەو راگەیاندنانە ئاگاداردەكەینەوە كەلە سبەینێوە دەست دەكەین بە تۆماركردنی داوا بەناوی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و سكرتاریەتی هەڤاڵ مام جەلال-ەوە بە سیفەتی ئەوەی كە سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان-ە.

روونیشیكردەوە: بۆ تۆماركردنی داوا  لەسەر هەموو ئەو سایت‌و كەناڵ‌و رۆژنامەو گۆڤارو شەخسانەی كە بەبێ هودە تۆمەت دەبەخشنەوە بەبێ ئەوەی هیچ لێكۆڵینەوەیەكی سەرەتایی كرابێت‌و هیچ شارەزاییەكیان هەبێت لە لێكۆڵینەوەو هیچ خوێنەواریەك‌و رۆشنبیریەكی یاساییان هەبێت، خۆیان بوون بە دادوەرو دادگا، بۆیە ئێمە ئەوەیان لێ قبوڵ ناكەین.

پارێزەرەكەی یەكێتی، رایگەیاند: هەڵمەتێكی تۆماركردنی داوا لەسەر هەموو لایەنەكان دەكەین‌و لێرەشەوە ئاگاداری هەموو ئەو كەسانە دەكەم كە لەمەودوا بە نیازن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تۆمەتبار بكەن بەهەموو تۆمەتەكانی كە كراوەو ئەكرێت، لێیان قبوڵ ناكەین.