ئەوروپیەكان لەموسڵمانەكانەوە فێری یاری شەتڕەنج بوون
08/12/2013 نوسەر: bzavpress

ئەوروپیەكان لەموسڵمانەكانەوە فێری یاری شەتڕەنج بوون

هەڵماوی گەرماوەكانی بودابست بەرز دەبێتەوە لەسەر مەڕمەڕە شەترەنجەییەكانی كە خەڵكی كۆمەڵ كۆمەڵ لەسەری دانیشتون. بەڵام لەچین شەترەنج لە هەوارگە و سەیرانگاكاندا بەدیار دەكەوێت، لەنیۆركیش لەبنكەی پاركی گشتی شارەكە دەبینرێ‌. 
شەترەنج یاریەكی ململانێی زهنیە كەلەنێو زۆربەی گەلاندا باوە، لەسەر (64)خانە و (32)پارچە پێك دێت. هەروەها ئەم یاریە توانای بیری و خەیاڵی ئەو كەسەی ئەنجامی دەدات بەرفراوان دەكات. 
چیرۆكی شەترەنج و ئەو كەسەی دایهێناوە، تاوەكو ئێستا ڕون نیە و ڕاستیەكی نادیارە. بەڵام هیندیە كۆنەكان و خەڵكی وڵاتی فارس لەوانەن لەكۆنەوە ئەم یاریەیان ئەنجام داوە. ئیبن خەلدون لەسەدەی (14)ز، شەترەنج دەباتەوە سەر هیندیەكان و كەسەكەش ناوی (صصە كوڕی داهر) كە كەسێكی حەكیم و دانا و لێزان بووە. 
لەهیند، یاریەكی میللی كۆنە و ناودەبرێ‌ بە (شاتورانجا chaturage) بەواتای (چوارلا) دێت، كە مەبەست لێی چوار هێمای بەشی سوپای هیندیە كە ئەوانیش (فیل، ئەسپ، گالیسكە، پیادە)یە. یاری شاتورانجا ناكاتە شەترەنجی ئێستا بەڵام بۆتە پێشینەیەك بۆ سەرەتای ئەو یاریە. 
لەیەكێ لەدەستنوسە فارسیەكاندا كەمێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی (14)ز، باڵیۆزی هیندی "شگرنجا"یەكی دروست كرد و ناردی بۆ وڵاتی فارس، پاشان گوازرایەوە بۆ نێو عەرەبەكان و لەوێشەوە بۆ ئیسپانیا و پاشان ئەوروپا. پێش ئەوەی بگاتە ئەوروپا فارسەكان ناوەكەیان گۆڕی بۆ (شاترانج)، عەرەبیش وەكو یاریەكی جەنگی ئەم یاریەی ناسی و هاتە نێو شارستانیەتەكەی. 
ئەو پارچانەی لەیاریەكەدا بەكاردەهێنرێ‌ بریتین لە: "شا" مەلیك و "وەزیر" جەنەراڵ، كەلەشەتڕەنجی تازەدا بۆتە "مەلیكە". فیل كە پێیان دەوت "اڵاسقف"، هەروەها "ئەسپ". بەڵام "الرخ" كە "عەرەبانە"بوو، كە پێی دەوترێ‌"قەڵا" یان "الروك/ الرخ"، دوادانەش "البیدق"ە كە سەربازی پیادەیە. 
شەتڕەنج یاریەكی ناودار و دیارە لەنێو هەموو چین و توێژەكاندا و بەتایبەتی خۆشەویست بووە لەنێو خەلیفەكان و زۆریان حەز لەم یاریە كردووە، لەو پێشەنگانەش كە داهێنانكاریان كردووە لەم یاریەدا بریتین لە (الصولی، الرازی، العدنی، إبن الندیم). یاریزانی شەتڕەنجی ڕوسی بەناوبانگ (یوری أفیرباك Yuri Averbak) جوڵاندنێكی سەرنج ڕاكێشی كرد لەیەكێ‌ لەپاڵەوانیەتیەكاندا و پێی سەركەوت، زۆرێك وا گومانیان برد ئەمە بیرۆكەیەكی ناوازەی تازەیە، بەڵام ڕونی كردەوە "الصولی" پێش 1000ساڵ ئەم كارەی ئەنجام داوە. 
زریابی مۆسیقاژەن و داهێنەریش شەتڕەنجەكەی لەگەڵ خۆی برد كاتێ‌ چووە ئەندەلوس لەسەدەی (9)ز. ووشەی "Checkmate" لەئەسڵدا فارسیە و وەرگیراوە لەوشەی "Shahmat"كەبەواتای "مردنی مەلیك" یان "كش مەلیك/ شا" دێت. 
بڵاوبونەوەی یاری شەترەنج لەنێو مەسیحیە ئیسپانی و داگیركەرەكاندا (Mozarabs) گەیشتە باكوری ئیسپانیا لەسەر شاخی (البرانس) پاشان سنوری تێپەڕاند و چووە باشوری فەرەنسا.  
یەكەم تۆماری مێژوویی كەباسی شەتڕەنجی كردبێت دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1058ز، كە تیایدا بەڕێوەبەرایەتی كونتیسە أرمسند (Countess Ermessind) لە بەرشەلۆنە شەتڕەنجێكی بلوری ناردە كەنیسەی قدیس جایلز (St. Giles) لە نیمی باشوری فەرەنسا. پاش دوو ساڵ كاردیناڵ دامیانی (Damiani) پەیامێكی لە ئوستیاوە نارد بۆ پاپا گریگۆری حەوتەم و تیایدا داوادەكات هۆشداری بدەن لەبارەی "یاری كافرەكان" و قەدەغەی بكەن لەبڵاوبونەوەی لەنێو پیاوانی ئاینیدا. 
لەهەندێ‌ سەرچاوەشدا هاتووە یاری شەتڕەنج گوازرایەوە لەڕێگای بازرگانیەوە لەئاسیای ناوەڕاستەوە بۆ سارای باشووری ڕوسیای كۆن، داشەكانی شەتڕەنجی فارسیش كەمێژوییان بۆ سەدەی حەوتەم و هەشتەمی زاینی دەگەڕێتەوە لەناوچەی سەمەرقەند و فرغانە دۆزرانەوە. لەدەوروبەری ساڵی 1000ز لەڕێگای پەیوەندیە بازرگانیەكانەوە لەگەڵ فایكینغەكاندا شەتڕەنج و دراوی عەرەبی چووە ئەوێ‌، لەگەڵیشیدا پەیكەرەكانی بوزا ڕەوانەی زەویەكانی ئیسكەندەنافیا كران. لەدەوروبەری سەدەی (11)ز شەتڕەنج بەڕێگایەكی ڕاستەوخۆ گەیشتە ئایسلەندا. لە ڕوداوەكانی داستانی ئایسلەندی كەلە (1155)زدا نوسراوە، پاشای دانیمارك (كنوتی گەورە) یاری شەتڕەنجی كردووە لە (1027)زدا. 
لەدەوروبەری سەدەی (14)ز شەتڕەنج لەئەوروپا قبوڵ و پەسەند كرا. نەوەستاو بەردەوام بوو لەبڵاوبونەوە تاوەكو كۆتاییەكانی سەدەی (18)ز و زیاتر و زیاتر پەرەی پێئەدرا، تاوەكو بووە یەكێ‌ لەئامێرە دروستكراوەكانی كات بەسەربردن، وەكو یاری شەتڕەنجی (ڕۆبۆتی ناودار) كەلەساڵی (1769)ز دەركەوت. 
وولفگانگ دی كمبیلین (Wolfgang de Kempelen)ی مەجەری دیاریەكی نارد بۆ ئیمپراتۆرە شاژن (ماریا تیریزا) كە یاریەكی شەتڕەنج بوو، ئەم دیاریە پێكهاتبوو لە ئامێرێكی ڕۆبۆت كە ناودەبرا بە "موسڵمانی ئاسنین Iron Muslim" وە دواتر ناوی لێنرا "توركی عوسمانی Ottoman Turk"، ئەم ئامێری یاریكردنی شەتڕەنجە بەشێوەیەكی زۆر جوان و وردییەكی وا دانرابوو كە یاریزانەكانی شكست پێدەهێنا. ئەم ئامێرە یەكەم تێكەڵكاریە لەئەندازیاری میكانیكی و تەڕدەستی، كەلەناویدا یاریزانێكی شارەزای شەتڕەنجی تێدابوو. خەڵكی بۆ تەماشاكردنی ئەم یاریە سەیر و سەرسوڕهێنەرە چەندین میلیان دەبری و سەفەریان بۆ دەكرد تاوەكو یاری ڕۆبۆتەكە ببینن، كە مێزەر و جلی عوسمانی لەبەردابوو، ئەمەش بۆ ماوەی (85)ساڵ درێژەی كێشا. 

سەرچاوە/ ألف اختراع واختراع: پرۆفیسۆر د.سلیم الحسنی