به‌یاننامه‌ی بزاڤ ده‌رباره‌ی تیرۆركردنی كاوه‌ گه‌رمیانی
06/12/2013 نوسەر: bzavpress

به‌یاننامه‌ی بزاڤ ده‌رباره‌ی تیرۆركردنی كاوه‌ گه‌رمیانی

ده‌زگای بزاڤ به‌یاننامه‌یه‌كی ناڕه‌زایی دژی تیرۆركردنی رۆژنامه‌نووس (كاوه‌ گه‌رمیانی) بڵاوده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
به‌یاننامه‌ی بزاڤ دژی تیرۆركردنی كاوه‌ گه‌رمیانی
ئێمه‌ وه‌ك ده‌زگای بزاڤ كه‌ ده‌زگایه‌كی رۆژنامه‌وانی سه‌ربه‌خۆیه‌، به‌توندی ئیدانه‌ی تیرۆركردنی رۆژنامه‌نووسی دیارو به‌توانای ناوچه‌ی گه‌رمیان (كاوه‌ گه‌رمیانی) ده‌كه‌ین و هاوكاتیش پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی خۆمان ئاڕاسته‌ی كه‌س و كاری ناوبراو و هاورێ و هاوپیشه‌كانی ده‌كه‌ین.
پێمانوایه‌ تیرۆركردنی كاوه‌ گه‌رمیانی، زۆر ئاماژه‌ هه‌ڵده‌گرێت كه‌ ساده‌ترینیان مه‌ترسی ده‌سه‌ڵاته‌ له‌و كاریگه‌رییه‌ی كه‌ رۆژنامه‌نووسی ئازاو بوێرو میدیای ئازاد دروستیكردووه‌، ئێمه‌ وای ده‌بینین كه‌ تیرۆركردنی كاوه‌ گه‌رمیانی هه‌وڵێكی تره‌ بۆ كپكردنی ده‌نگی ئازادو شكاندنی قه‌ڵه‌م و له‌ناوبردنی فه‌زای ئازادی و كوشتنی رای جیاواز، كه‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردی به‌كوشتن و تیرۆركردنی سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌و سه‌رده‌شت عوسمان و دكتۆر عه‌بدولستار تاهیر شه‌ریف و ده‌یانی تر ده‌ستیپێكردووه‌و له‌و رووه‌شه‌وه‌ درێغی نه‌كردووه‌.
تیرۆركردنی كاوه‌ گه‌رمیانی، تیرۆركردنی هه‌موو رۆژنامه‌نووس و میدیایه‌كی ئازادو سه‌ربه‌خۆیه‌، ئاماژه‌یه‌كی مه‌ترسیداره‌ بۆ هه‌موو رۆژنامه‌نووسێك، هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی تره‌ بۆسه‌ر ژیانی ته‌واوی رۆژنامه‌نووسان، بۆیه‌ پێویسته‌ رای گشتی بجوڵێنرێت و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان به‌ئه‌ركی پیشه‌یی خۆیان هه‌ستن تا به‌ر به‌شاڵاوی تیرۆرو هه‌ره‌شه‌ی سه‌ر رۆژنامه‌نووسان بگیرێت.
ده‌زگای بزاڤ
06/12/2013