عەقڵانیەت و سیاسەت
30/11/2013 نوسەر: bzavpress

عەقڵانیەت و سیاسەت


هیچ سامانێک وەکو عەقڵ و هیچ نەبونیەک وەکو نەزانین و هیچ میراتیك وەکو ئەدەب و هیچ پشتیوانێک وەکو راوێژ نیە - ئیمانی عەلی -
بە درێژایی پێکهاتەی جیهانی مودێرن، هەندێک لە بیریاران، عەقڵانیەتیان بەپێی گرنگی و تایبەتمەندی و زەمینەی پەیدابونیان خستوتە ژێر لێکوڵینەوە و هەڵسەنگاندن...

لەم بابەتە هەوڵ ئەدەین بە باسکردنی پێشەکیەک لەبارەی مەفهومی عەقڵ و روڵی لە بنیاتنانی جیهانی سەردەم بخەینەڕو، هەروەها دابەشبونی عەقڵ لە شێوە سیاسی و مۆدێلە سیاسیەکەی شرۆڤە بکەین...

عەقلانیەت یان عەقلانی بون بەدیدی ماکس فیبەر سیاسەتمەدار و کۆمەڵناسی ناوداری ئەڵمانی بریتیە لە: رۆچون و شارەزا بون لە سیستەمی ئیداری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوری، دابەشکردنی کار و ئەرکە فراوانەکان، پێشبینی بۆ کاروباری ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوری، بەتایبەت سودوەرگرتنی مرۆڤ لە ئالیەتەکانی عەقلانی لە پێگەی دەوڵەتی، بیروکراتی و ئابوری سەرمایەداری.

عەقلانی بون بەمانای دیداری دەرونی و رۆحانی مرۆڤ نایەت، تەنانەت بەمانای زۆربونی ئاگایی مرۆڤ نیە، چونکە مرۆڤ ئاسایی لە کۆمەڵگایەکەی مۆدێرندا ژیان بەسەر ئەبات کە لەبارەی تایبەتمەندیی وردەکانی ئەو کۆمەڵگایە ئاگایی نیە، جیاوازی نێوان مرۆڤی مۆدێرن و مرۆڤی سوننەتی لەوەدایە کە مرۆڤی مۆدێرن بە زۆربونی پسپۆرییەکانی رۆڵی جیاواز لە کۆمەڵگا ئەبینێت، مرۆڤی مۆدێرن لەنێوان (راستی) و (توانا) سپەیسێک ئەبینێت.
 
لە دیدی ماکس فیبەر چوار هۆکار هەیە وا لە مرۆڤەکان ئەکات کە ژیانیان عەقلانی نەبێت: 
١- ژیانی عاتیفی مرۆڤ 
٢- رێکەوت و بەخت 
٣- دژبونی نێوان بەهاکان 
٤- جیاوازی نێوان بڕیار و ئەنجام 

ئەم هۆکارانە نەک تەنها لە ژیانی کۆمەڵایەتی کاریگەرن، بەڵکو لە ژیانی سیاسیشدا کاریگەری دائەنێن، مرۆڤ لەگەڵ ئەوەی خولقێنەرێکی عەقڵانیە لە هەمانکاتدا هەستەوەر و عاتیفی و نا عەقلانیشە.

ماکس فیبەر باسی سێ جۆر دەسەڵات ئەکات (دەسەڵاتی بیرۆکراتی، دەسەڵاتی سەڵتەنەتی و دەسەڵاتی کاریزمایی) بە دیدی فیبەر سیاسەت بریتیە لە ئەمر و ملکەچی و شێوازی پەیوەندی نێوانیان، ئەم دوانەیە کە جۆری سیاسەت پیشان ئەیات.

بە واتایەکی تر هۆکارێک کە دەسەڵاتدارانی سیاسی بو ئاڕاستەکردنی حکومەتی خۆیان پیادەی ئەکەن، هەروەها هۆکارێکە کە لەسەر ئەو بنچینەیە خەڵک ملکەچی حکومەتە و پەیوەندی نێوان دەسەڵاتدار و هاوڵاتی لەجۆری عاتیفی، سونەتی یان بیرۆکراتی بەندە بەجۆری سیاسەتەوە.

جۆرەکانی سیاسەت:
١- سیاسەتی بیروکراتی: بەندە بە کۆمەڵێک یاسای نوسراو کە لە ئیرادەی دەسەڵاتدارانی سیاسی بەدەرە، بەشێوەیەک کە بە گۆڕینی کەسە سیاسیەکان هیچ گۆڕانێک لە یاسا و پێکهاتەی کۆمەڵگا رو نادات، ئەم جۆرە لە سیاسەت چەسپاوترین جۆری سیاسەتە واتە بەند نیە بە هیچ کەسێکەوە.
٢- سیاسەتی سەڵتەنەتی یان سوننەتی: بەستراوە بە رەفتاری سوننەتی کە تیایدا دەسەڵاتدار بە یاسای سوننەتە کونەکان دەسەڵاتداری ئەکات و شوێن کەوتوانیش بەپێی ئەم سوننەتانە ملکەچی ئەکەن، لە دیدی (فیبەر) ئەم جۆرە حکومەتە وەکو خێزانێکی باوکسالارە.
٣- سیاسەتی کاریزمایی: کاریزما هێز و بزوتنەوەیەکی فیکرییە، بەشێوەیەک کە ئەم جوڵانەوەیە سەربکەوێت و هێزی سیاسی بگرێتەدەست، سیاسەتی کاریزمایی دروست دەبێت و ژیانی سیاسی بە ئایدوژیا ئەکات، تەعبیری نوێ لەوەی کە بونی هەیە نمایش ئەکات و سوننەتەکان نەک زیندو ئەکاتەوە، بەڵکو بەشێوەیەک فراوان ئەبێت کە لەگەڵ پرسە نوێکان سازگار ئەبن، ئەرکی رێبەری کاریزمایی ئەوەیە کە ئەم بزوتنەوەیە بەهەر شێوەیەک بێت لەسەرپێ رابگرێ، یەکێک لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی کاریزمایی هاندانی بەردەوامی خەڵکە، چ لە رێگای دەرخستنی مەترسیەکان چ لە رێگای پێشبینی بۆ مەترسیەکانی داهاتو، بزوتنەوەی کاریزمایی پاش مردنی رێبەر، رێکدەخریتەوە و بە موسساتی ئەکرێت.

ئەگەر بەراوردی واقیعی ئێستای کوردستان بکەین، بەم جۆرە سیاسەتانەی کە باسمان کرد ئەتوانین بڵێین بە تەواوی هیچ کام لەو سێ جۆرە لە سیاسەت نەتوانراوە لە عەرزی واقیعدا جێبەجێ بکرێت، تێکەڵێک لە هەرسێ جۆرەکە ئەبینین، بەڵام جۆری سێیەم کەمترە لەکاتیکدا جۆری سێیەم لە سیاسەتکردن مۆدێلێکی جوان و گونجاوە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و سەقامگیری کایە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکان.