ھاوسەرۆکی بەدەپە رایگەیاند ئاک پارتی لەبارەی ئامادەکردنی دەستووری نوێی تورکیاوە بەڵێنی خۆی نەبردە سەر.
ھاوسەرۆکی پارتی ئاشتی و دیموکراسی بەدەپە گولتەن کشاناک لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند: مافی گەلانی تورکیایە بزانن دوو ساڵە کۆمسیۆنی ئامادەکردنی دەستووری نوێ چی کردووە و لەسەر چی گفتوگۆی کردووە، بۆیە ئێمە وەکو بەدەپە داوا دەکەین ھەمووی گفتوگۆ، پێشنیار، رەخنە و کار و چالاکییەکانی دوو ساڵی رابردووی کۆمسیۆن ئامادە بکرێن وەکو کتێب لە تورکیا بڵاو بکرێنەوە.
کشاناک گوتی "ئێمە دەمانەوێ راستییەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێن بۆ ئەوەی خەڵک بزانێ کێ و چۆن و بە چ مەبەستێک لەسەر مێزی ئامادەکردنی دەستووری دانیشت و لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا چۆن چۆنی ھیوا و ئاواتەکانی خەڵکی کردە قوربانی بەرەژوەندییەکانی خۆی. ئەو پرۆژەیە کە بۆ دەستووری نوێ لە لایەن بەدەپەوە پێشکەش کراوە بۆ بەدەپە مایەی خۆشحاڵی و سەربەرزییە.
کشاناک لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد بێجگە لە بەدەپە سێ پارتی دیکەی تورکیا ئەرکی خۆیان جێبەجێ نەکرد و ھاوێشتنی تۆپەکە لە لایەن ئاکەپەوە بۆ مەیدانی پارتەکانی دیکە ھیچ مانا و واتەیەکی نییە. سەرۆکوەزیرانی تورکیا ھەر جار لە میانی گوتارەکانیدا دەستنیشانکردنی ژمارەیەکی نوێنەری ھاوبەش بۆ بەشداریکردن لە کۆمسیۆنی ئامادەکاری دەستوور وەکو خێرکردنێک بە پارتەکانی دیکەی تورکیا لە قەڵەم دەدا، بۆیە ئەگەر پەرلەمانی تورکیا پەیڕەوێکی ناوخۆیی ھەیە ئەوا دەبێ ھەموو پارت و لایەنە سیاسییەکان گرێدراوی ئەو پەیڕەوە بن. ئەو کۆمسیۆنانەی تا ئێستا لە چوارچێوەی پەرلەماندا دامەزراون بە بەشداریکردنی یەکسانی نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان دامەزراون و ئەمە خێرکردنی ئاک پارتی یان سەرۆکوەزیران نییە کە بە پارتەکانی دیکەی کردبێ.
ھاوسەرۆکی بەدەپە بەم جۆرە درێژەی بە قسەکانی دا: "ئاک پارتی زۆر ھەوڵی دا کە مێزی ئامادەکردنی دەستووری نوێ بۆ ئامادەکردنی دەستووری خۆی بەکار بھێنێ، جەھەپەیش بە ھەڵوێستێکی دواکەوتووانە ھەوڵی بۆ گەڕانەوە بەرەو دواوە داوە، ھەڵوێستی مەھەپەیش بۆ ھەر کەس روون و ئاشکرایە، بۆیە جەھەپە و مەھەپەیش لە بەرامبەر ئامادەنەکردنی دەستووردا بەرپرسیارن. ئاک پارتی بۆ ئامادەکردنی دەستوورێکی نوێ و مەدەنی بەڵێنی بە خەڵک دابوو، بەڵام نەیتوانی بەڵێنەکەی بباتە سەر."
کشاناک باسی قۆناغی چارەسەری کرد و گوتی "ئاک پارتی لە قۆناغی چارەسەریشدا ئەرکی سەرشانی خۆی جێبەجێ نەکردووە، ھەڵوێستی ئاکەپە لە بەرامبەر ئامادەکردنی دەستووری نوێی تورکیادا لە بەرامبەر قۆناغی چارەسەریش بەردەوام بووە. ئێستا ئاک پارتی بەبێ ئەوەی حساب بۆ بەدەپە بکا سەربەخۆ راپۆرتی لەبارەی قۆناغی چارەسەرەوە ئامادە کردووە و پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کردووە، خۆ پەرلەمان باخچەی ئاک پارتی نییە؟ پەرلەمان پەیڕەوێکی ھەیە، ئەگەر کۆمسیۆنێک دادەمەزرێنی دەبێ پارتەکانی دیکەیش تێیادا بەشدار بن، ئەو سیاسەت و ھەڵوێستانەی ئاک پارتی نیشانەی دیکتاتۆریەتن، بەبێ ئوجالان قۆناغی چارەسەر سەر ناکەوێ و بەرھەڵەستکارییەکی دیموکراسییانە مافی ئێمەیە و تا کۆتایی ئەو مافەی خۆمان بەکار دەھێنین.