جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان تاوتوێی سەردانەكەی نەوشیروان مستەفا بۆ لای مەسعود بارزانی  دەكات
22/11/2013 نوسەر: bzavpress

جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان تاوتوێی سەردانەكەی نەوشیروان مستەفا بۆ لای مەسعود بارزانی دەكات


جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان تاوتوێی گفتوگۆكانی بزووتنەوەكە لەگەڵ پارتی‌و سەردانەكەی نەوشیروان مستەفا بۆ لای مەسعود بارزانی  دەكات. 

هۆشیار عەبدوڵڵا، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، بەتەلەفزیۆنی فەرمی بزووتنەوەكەی  راگەیاندووە "بڕیارە سبەی، شەممە (23/11/2013) جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان لەشاری سلێمانی كۆببێتەوەو چەند پرسێكی گرنگ تاوتوێبكات، كە لەناویاندا پرسی گفتوگۆكانی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان‌و شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان‌و پرسی بانگێشتی پارتی دیموكراتییە بۆ كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان‌و مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان. 

هۆشیار عەبدوڵڵا راریشیگەیاندووە "لەكۆبوونەوەكەی جڤاتی نیشتمانیدا پێكهاتەی كابینەی نوێی حكومەت‌و ئەگەرەكانی بەردەم چۆنێتی بەشداری بزووتنەوەی گۆڕان تاوتوێدەكرێت". 

ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی ئەوەشی خستووەتەڕوو "یەكێكی دیكە لەو پرسە گرنگانەی تاوتوێدەكرێت، كێشەی دواخستنەكانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانە بەگشتی، بەتایبەتیش باسی كێشەی پارێزگاری سلێمانی دەكرێت لەڕووی (سیاسی‌و ئیداری‌و ئەمنی)ەوە، لەگەڵ تاوتوێكردنی چەند پرسێكی دیكەی رێكخراوەیی ناوخۆی تایبەت بەبزووتنەوەكە".
ئەمە لەكاتێكدایە لەدواین سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ لای بزووتنەوەی گۆڕان، بەفەرمی نەوشیروان مستەفای بانگهێشنكرد بۆ كۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی.