21/11/2013
•
نوسەر: bzavpress
•
(2014) کوردستان ئەبێتە دەوڵەت
گۆرانیبێژی فەلەستینی (مارسیل خەلیفە) هۆنراوەیەکی (مەحمود دەروێش) ی کردووە بەگۆرانی و دەڵێت:" إننی ارتشف القبلە. من حد السکاکین".توانای هەڵلوشین و ڕاکێشانی ماچم هەیە،لەوکاتەی چەقۆیەکی تیژ ئەهێنن بەسەر لێومدا،کاتێک تیغەکە بەری هەردوو لێوی گرتووە،ئەو هێشتا دەتوانیًَ لەجیهانی دەرەوە تێبگا و بەرەو خۆی کەمەند کێشی بکا !.گرنگ نییە لەکوردستان چی ڕووئەدا،گەوهەر ئەوەیە بزانیت ئەم ڕووداوانە بەرەو کوێ دەچن ؟. بگەی بەو شتانەی لەودیو پەردەکەوە دەگوزەرێن . بەشی هەرە کەمی سیاسەت،ئەوەیە لەسەر زاری خەڵک و ڕووپەڕی ڕۆژنامەو پێگەکانە،ئەوەی دەمێنێتەوە بەرژەوەندیی هاوبەش و ڕێککەوتنە نهێنیەکان بڕیاری لەسەر ئەدەن ،بەواتایەکی دی وێستگەکەکانی بڕیاردانی سیاسیی ناوەستێتە سەر ئەوەی،کە بۆچی تا دوێنی (س) گۆشت و ئێسقانی دەهاڕیم،ئەمڕۆ لەگەڵی بکەومە گفتو گۆ،ئەگەر وایە پێویستە ستراتیجیستەکان و مەرکەزیی بڕیاری سیاسیی وازبهێنن و،بکەونە ڕۆماننوسین و میسالیاتەوە (نا بەو مانایەی لەماهیەتی میسالیات و ڕۆمان کەم بکەینەوە) .یاخود خەریکی مەعمەعەی نیۆخۆیی و تەشهیرو یەکدی سەرقاڵ کردن بن .چونکە لەسیاسەتدا تەنها ئەوە هەیە : (چی ئەبەخشی و چی وەرئەگری .ئەتوانم چی بکەم،ناتوانم چی بکەم). (wahat can do you) (wahat can not do you) .هەرئەمەش وا دەکات وێنەی هەقیقی ڕووداوەکان بدەیت بەدەستەوە. وەلی َچەند سەیرە !.کەسێک (37) ساڵ لەبەرکوردایەتی و شۆڕشگێڕیی دەربەدەر بکرێت،قوڕگی دڕا،ئەوەندە ئاوازیی کوردیی بچڕێت،بۆیەکجار وەکو ئەوان بیرنەکاتەوە،بەویژدانەوە،دان بەکەسێکدا بنێ،ئیتر بەجاش و جاسوس و وڵاتفرۆش بناسێنرێت .بۆیە ئێمە لەدەرەوەی ئەم گێژەنگە.دەمانەوێ لاقەی پرسێکی هەستیارو ئاڵۆز بکەین .
* ئایندەی ململانێکانی پارتی و پەکەکە.
لە ناوەڕاستی ساڵی نەوەدەکان،لەمیانەی نوسینێکی نێچیرڤان بارزانیدا هاتبو کە (زاخو دەرگای ئەوروپایە).هەر ڕۆژێ تورکیا فرسەخێک لە ئەوروپا نزیک بۆیەوە،ئێمەش پردێکی پەڕینەوەو هاوبەشی هەرسێ قاڕەی (ئاسیا- ئەوروپا- ئەفریقا) ین.بۆیە ئەوەی هەیە چۆن لەباکورو ڕۆژئاوا،لەرۆژهەڵات دان بەبونی پەکەکەدا دەنرێت ،ئاوهاش لەشیکردنەوەدا،دان بەوەدا بنێین پارتی هێزی یەکەمە لەباشوری کوردستان و،بارزانیش سەرۆکی هەرێمی باشوری کوردستانە.ئەگەر بەرەو پێشچونێک لەسیاسەتی نەوت و غاز و دیبلۆماسیەتی کوردیدا هەبوبێت ئەوان ڕێبەرایەتی یان کردووە ،ئەگەریش کەموکورتیەک هەبوبێت هەر ئەوان ڕێبەرایەتی یان کردووە .
سەرەتای شۆڕش لەسوریا،پارتی و پەکەکە نێوانیان هەبو،بەسەریەکدا دەچون و دەهاتن و گەلێک شتی نهێنی تریش کە جێی باس نییە،هەروەک لەگەڵ (ی،ن،ک) یش بەهەمان شێوە .کەشۆڕش دەستی پێکرد لە سەرکردایەتی پەکەکەدا خەڵکانێکی گونجاو هەبون،کوردی سوریا بون،گورج بە (3000) چەکدارەوە،گەیشتنە خاکی ڕۆژئاوای کوردستان،هەتا پارتی فریاکەوت،چەند حزبێکی بچوک نزیک لەپارتی و یەک دوانێکیش نزیک لەیەکێتی ببنە ژمارەیەکی سیاسیی،لەولاوە پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) بوو بە هێزێکی ڕێکخراو،لەسەرەتاوە پەیەدە جۆرێک لەتاکڕەوی نواند بەشداری بەحزبەکانی تر نەکرد،بەڵام دواتر هەر پەیەدە بوو،توانی نوێنەرایەتی زیاتر لە (2) ملیۆن کورد بگرێتە ئەستۆو،هیچ نەبێت ناوچە کوردییەکان لەقەزف و تۆپبارانی ئەسەد بپارێزێ، پەیەدەش نەبوایە هیچ هێزێک لەڕۆهەڵاتی ناوەڕاستدا نەیدەتوانی لەماوەیەکی دیاریکراودا ،لوتی قاعیدەو بەرەی نوسرە وا بشکێنێت .ئێستا پەپەدە وەک باڵێکی پەکەکە هێزی یەکەمە لەڕۆژئاوا و (30%) ی کانە نەوتەکانی سوریاشی کەوتۆتە دەست،یارییەکی سیاسیی نوێ دەکات .بەزانینی ئەوەی چەندین هێزی ئیقلیمی لەم ناوچەیە ئارەزوی بونی پەیەدە دەکەن ،هیچ نا لەبەر گەشە نەکردنی قاعیدە لەسوریا.بێجگە لەوە دونیایان لەخۆیان ئاڵۆز نەکرد،بەوەی یەکسەر جیابونەوەی خاکی کوردستان ڕابگەیەنن ،بەڵکو ئەمڕۆکە حکومەتی خۆجێیی و سبەی پەرلەمانی کاتی و ،دوسبەی .....تادەگاتە مەقێەد.
پەکەکە،بەدەستێک ئیش لەسەر قۆناغی ئاشتی دەکات و،لەگەڵ تورکیا شەوو ڕۆژ چاودێریی ڕەفتارەکانی یەکدی ئەکەن لەمەڕ پرسەکە،بەدەستێکی تریش لەخەتی (ئێران – مالکی – ئەسەد-حزبۆڵلا) یاری ئەکەن .کورد (ئەبێت بپرسێ ئەسەد بڕوخێ من چیم دەست ئەکەوێ،ئەگەر نەڕووخێ چیم دەستدەکەوێ ) .هەرچی پارتیشە دەستێکی کەوتۆتە ناو گرفتە نێۆخۆییەکانی هەرێمی باشورەوە،وەکو (پێکهێنانی حکومەت،پرسی دەستور،ناڕەزایی خەڵک). دەستەکەی تریشی لەمەسەلەی نەوت و غازو خۆگونجاندنە لەگەڵ شەپۆلە سیاسییەکەدا.لەدەساڵی ئایندەدا ئیدی کێبڕکێ و ململانێی سیاسیی نێۆخۆیی کورد،تەنها دابەش ئەبێت بۆ بەرەی پارتی و بەرەی پەکەکە.ئەم ململانێیانە بەردەوام دەبن و بابەتێکی وارید و ئاسایی ناوکایەی سیاسەتیشن،بەڵام لەهەمووی گرنگتر،ئێستا هەوڵێک هەیە بۆ ڕێککەوتنەوەی پارتی و پەکەکە،وەک چۆن جاران ئەو نێوەندگیریی و هاتوچۆیە هەبو،هەردولا هەست بە گرنگی و فرسەتەکە دەکەن،هەردولاش بەشی خۆیان تاکڕۆییان هەیە. بۆیە لەسەرداوای (بارزانی) بەمزوانە (ئەحمەد تورک) دێتە هەولێر.باس لەپرۆژەیەکی هاوبەش دەکەن .ئەم پرۆژەیەش ئەو ئامادەگیانەیە بۆ دەوڵەتی کوردی،کەوا پێشبینی دەکەم لە ناوەڕاستی (2014) دا بڕیاری کۆتایی لەسەر بدرێت .
قسەی کۆتایی ئەوەیە: کوردستان، فرسەتێکی گەورەی لەبەردەستدایە،بەڵام کەوتۆتە سەر ئیرادەی پیاوی ئاقڵ و بیری تیژ و،پێکەوە هەڵکردن.
بههرۆز جهعفهر