20/11/2013
•
نوسەر: bzavpress
•
عێراق: بە ھۆی بارینی باران شەش کەس گیانیان لە دەستدا کە سێیان منداڵن
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی عێراق رایگەیاند: شەپۆلێکی باران بارین لە دەریای رەشەوە ھاتووە و عێراقی گرتۆەتەوە و لە ئاکامدا لافاو لە بەغدا و ژمارەیەک پارێزگەی ناوەڕاست و باشووری عێراق دروستبووە. ھەر بە ھۆی ئەو شەپۆلە باران بارینە لە پارێزگەی زیقار لە باشووری بەغدا شەش کەس گیانیان لە دەستدا.
پارێزگاری زیقار محەمەد بەکر ناسری رایگەیاند: بە ھۆی بارینی باران لە چەند شوێنێکی پارێزگە لافاو دروستبووە و ئەمەش بۆتە ھۆی ئەوەی ژمارەیەک ستوونی کارەبا بکەونە خوارەوە و کۆنتاکی کارەبا دروستبێت و لە ئاکامدا سێ منداڵ و سێ کەسی دیکە بەھۆی لافاو و کۆنتاکی کارەبان گیانیان لە دەستداوە.
لافاو لە شارەکانی نەجەف، کەربەلا، دیوانیە، ناسریە، بابل و بەسرە دروستبوو کە جگە لە زیانە گیانیەکان، ھەروەھا زیانێکی زۆری مادیشی لێ دروستبووە و بە دەیان کەس ماڵ و خانوی خۆیان جێھێشتووە.
لە لایەکی دیکە سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند: ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠ی تشرینی دووەم بە ھۆی باران بارین و لافاوەوە بێجگە لە بەغدا، ھەروەھا لە چەند ناوچەیەکی دیکەش پشووی فەرمییە.
دەزگەی کەشناسی عێراقی ھەروەھا رایگەیاند باران بارین تا رۆژی ھەینی لە دەڤەرە جیاجیاکانی عێراق بەردەوام دەبێ.