16/11/2013
•
نوسەر: bzavpress
•
لەیادی 229 ساڵەی دامەزراندنی شاری شاران دا
دەمێكە شاری پڕ شۆری مەحەببەت مات و خامۆشە
بە قانوونی تەجەننون شۆڕشێ ئینشا نەكەم چی بكەم..؟؟... ( مەحوی )
دەڵێن یادی دامەزراندنی (229)هەمین ساڵی شاری سلێمانی یە، شارێك كە زۆر گەورەتر و درێژتر لەو مێژووە پڕ لە سەروەری و كێشمە كێشمی سیاسی و مێژووییەش هەنگاوی ناوە و لەم تەمەنە كورت و پڕ هەوراز و نشێوەشی دا زیاتر لە باڵای خۆیشی، خۆی بە هەموو دنیا ناساندووە....
تا فەلەك دەوری نەدا سەر كەوكەبی ئاوا نەبوو..
كەوكەبی ماهی موبارەك طالعی پەیدا نەبوو..(نالی)
نالی هەرزوو بەخت و طالعی ماهی موبارەكی ئەم شارە ئەویندارەی خوێندۆتەوە و ..ئەگەر لە چاوانی حەبیبەشەوە بۆی نەڕوانیبێت، ئەوا شاهی تەخت ئارای بە شایستەی ئەم دەڤەرە بزێوەی پایتەختی ئیمارەتی بابان داناوە...
تا سولەیمانان نەبوونە سەدری تەختی ئاخیرەت
ئەحمەدی موختاری ئێمە شاهی تەخت ئاوا نەبوو...
سەربەرزی و گەورەیی و سەربڵندیی ئەم شارە گەورەیەی پێشڕەوی هەموو شارەكانی تری كوردستان هەر لە خەبات و قوربانی دان و بەرەنگارییە سەخت و دژوارەكانی دا نەبووە، بەڵكو لەبەرچاوی دوژمنە هەرە دزێو و دڕندەكانیشی بە دژوارترین لوتكەی بەربەرەكانی و بە سەخت ترین قەڵای خۆڕاگری و قوربانیدان ناسراوە، دواین دوژمنی داگیركەری ئەم شارە و هەرێمی كوردستانیش كە ڕژێمی ڕەفتار فاشی بەعس بوو شاری سلێمانی بە (المدینە الصعبە) واتە شارە دژوارەكە دانابوو، چەند گەورە و مایەی شانازی بوو ئەم وەصفەی دڕندەترین ڕژێمی هاوچەرخی شارستانیەتی نوێی مرۆڤایەتی، بەڕاستی جێی فەخر و گەورەیی یە بۆ یەكە بەیەكەی دانیشتوانی ئەم شارە قارەمان و نەسرەوتووە كە لە هیچ سەردەمێكدا تەسلیمی دوژمنانی نەبووە...
وێڕای ئەم لایەنە دیار و ناسراوەی شاری سلێمانی و دەوروبەری ,لەبواری خەبات و شۆڕش و بەرەنگاریی دا، لەهەمان كاتدا شارێكی ناسراوی ڕووناكبیری و بنكەی دێرینی نوسەران و زانایان و شاعیران و هونەرمەندانیش بووە... لەم ڕووەوە جێ دەستی هەزاران نوسەر و شاعیر و هونەرمەندی بوارە جیاجیاكان لەنێو سەرجەم كایە ئەدەبی و هونەری و فیكری و ڕوناكبیریەكاندا دیارە و توانیویانە بە شاكارە جوانەكانیان مێژووی فەرهەنگی و كلتووری گەلەكەشیان لەسەرجەم پارچەكانی تری كوردستاندا دەوڵەمەند بكەن و بڕازێننەوە...
وێڕای ئەم دوو بوارە دیارەی ( خەبات و فەرهەنگ ) یش، شاری سلێمانی بە شارێكی سەنعەت كارو پڕ لە داهێنانی جوانكاریی سەرجەم پیشە و سەنعەتە میللی یە گەورەكانی گەلی كورد ناسراوە، لەم ئاقارەشەوە بەهەزاران هونەری بیناكاری و تەلارسازی و جوانی گوڵزار و كارێز و باخچە هەمەڕەنگەكانیەوە ناسراوە و ئەمڕۆش لەبواری گەشتیاری دا پشكی گەورەی بەركەوتووە... وێڕای چەندین بواری تری ژیان كە شاری سلێمانی پێ ناسراوە. بەڵام ئەمانە هەموو لەلایەك، لەلایەكی تر و دیاریشەوە بەداخ و ئەسەفەوە ئاماژە بۆ ئەو حاڵەتە نالەبارەش دەكەین كە لە سیستمی دەسەڵاتی كوردیدا شاری سلێمانیش وەك ئەو چەندان شارو شارۆچكە بێ نازانەی هەرێمی كوردستان تا ئەمڕۆش لە چەندین مافی تری خەزمەتگوزاری بێ بەشە و بەهۆی باڵادەستی ئەو گەندەڵی یە بەردەوام و ئازاربەخشەی كە سەرتاپای جەستەی هەرێمەكەمانی گرتۆتەوە، لەمەشدا پشكی گەورەی لە ئاسەوارەكانی گەندەڵی بەركەوتووە، بۆیە لە یادی( 229) ساڵەی دامەزراندنی ئەم شارە پڕ شانازییەدا داواكارین لە دەسەڵاتدارانی دڵسۆز لە پرۆسەی سیاسی نوێی داهاتوودا و لە خولی نوێی پەرلەمان و لەكابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا ئاوڕێكی جیدی و دڵسۆزانە لەم شارەی لانكەی شۆڕش و قوربانیدان بدەنەوە، تاكو لە كاروانی بەخشش و داهێنان بەردەوام بێت و وەك هەمیشە جێ ئومێدی سەرجەم پارچەكانی تری كوردستانی گەورەبێت....