مەترسییەکە ئەوە نییە بزوتنەوەی گۆڕان داوایەکی یاسایی دەکا یان دەیەوێ لەڕێی فشارەکانیەوە یەکێتی و پارتی ناچاربکا کە چیتر رێگری نەکەن بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاکان، بەڵکو مەترسییەکە ئەوەیە بەرپرسێکی ئەمنیی هەڕەشەی شەڕ دەکا.
گۆڕان چارەیەکی نەماوە جگە لە دروستکردنی فشارێکی لەو جۆرە نەبێ. لە ٢٠٠٥وە، هیچ مانگێک رەتنەبوە کە لە عێڕاق دا نزیکەی هەزار کەس نەکوژرێ، دەیان و بگرە سەدان کێشەی سیاسیی و طائیفیی بەرۆکی ئەو وڵاتەی گرتوە، کەچی هەڵبژاردنی پارێزگاکانیان لە کات و ساتی خۆی دا ئەنجامداوە. لە کوردستان دا، رۆژ نییە سەرکردەکانی یەکێتی و پارتی شانازی بە دیموکراسییەت و هێمنیی رەوشی سیاسیی کوردستان نەکەن، ئەی خێرە ئەوە بۆ ٨ ساڵە هەڵبژاردنی پارێزگاکان نەکراوە و نزیکەی ٧ جاریش دواخراوە؟
بۆ هەفتەنامەی زاری کرمانجیی، بەم جۆرە رای خۆم لەبارەی دەنگۆی جیاکردنەوەی پارێزگای سلێمانیی لەلایەن گۆڕانەوە دەربڕیوە:
بە بڕوای من، گۆڕان نەک کارێکی وا ناکا، بەڵکو رێش لە هەر کارێکی وا دەگرێ. گۆڕان ئەو هێزەیە کە لە کوردستان دا خەونی ئەوەی هەیە ببێتە هێزی یەکەم، ئەو خەونەش بۆ گۆڕان مەحاڵ نییە بەوپێیەی تەنها پارتیی دیموکراتییە کە ململانێی گۆڕان بکا و پارتییش بەو سیاسەت و حوکمڕانییەی، لە داهاتویەکی نزیک دا گەمەی سیاسیی بەرامبەر گۆڕان دەدۆڕێنێ.
پارتیی دیموکراتیی تەنها لە دهۆک زۆرینەی رەهایە، لە سلێمانی و کەرکوک ناتوانێ ململانێی گۆڕان بکا. لە هەولێریش، پارتیی دیسان هێزێکە رۆژ بە رۆژ لە کەمیی دەدا و ئەگەر گۆڕان کەمێک جدیتر کاربکا، سەندنەوەی هەولێر لە پارتیی دیموکراتیی کارێکی زەحمەت نییە. لەم ململانێیەدا کەمتر باسی یەکێتیی دەکەم چونکە یەکێتیی جارێکی تر ناتوانێ ببێتە هێزی دوەم لە کوردستان.
بۆیە هیچ عەقڵانییەتێک لەوە دا نابینم گۆڕان هەوڵی دابڕانی سلێمانیی بدا، چونکە خەونی گۆڕان گەورەترە. بەڵام دەکرێ لەڕوی میدیاییەوە، گوتارێکی وا پێش بخات تا فشارێکی بەهێز بێ بۆ سەر پارتیی دیموکراتیی و یەکێتیی نیشتیمانی. گوشارەکە بۆ پارتیی لەوە دا زیاتر خۆی مانیفێست دەکا کە پارتی هەوڵی سەرکردایەتیکردنی ناسیۆنالیزمی کوردیی دەدا و هەوڵێکی لەوجۆرەی گۆڕان لەژیر سەرۆکایەتیی مەسعود بارزانیی دا، گەورەترین لێدانە لە پێگەکە و گوتارەکەی. گوشاریشە بۆ سەر یەکێتی چونکە مانای نییە یەکێتی هەمو پۆستەکانی سلێمانی لەژێر دەست دا بێ و گۆڕان سێ جار براوەی هەڵبژاردن بێ. خەڵکی ئەو شارە مافی خۆیانە هەڵبژێردراوی خۆیان بەرپرسیارێتییە حکومەتییەکان وەربگرن.
ئەم فشارە تەنها بۆ پێکهێنانی حکومەت نییە، بەڵکو فشارێکە دژ بەو حوکمە تاکڕەوییەی پارتیی و یەکێتیی، چیتر ناکرێ پارتی و یەکێتی بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ هێزە سیاسییەکان و خەڵکی کوردستان بکەن.
دەشکرێ لەناو گۆڕان دا گروپێک هەبێ ئەو گوتارە بەجدی پێشبخا و بیانەوێ نمونەیەکی حوکمڕانیی دیموکرات تاقیبکەنەوە، ئەمەش زۆر زەحمەتە هەم لەبەر هۆکاری ناوخۆیی، هەم لەبەر هۆکاری ئیقلیمیی.
له F كمال چۆمانى